سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت

گوتەبێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق دەڵێ، سه‌رژمێریی گشتی له‌ ته‌واوی پارێزگاكانی عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، له‌ كۆتایی ساڵی داهاتوو ئه‌نجام ده‌درێت.

عه‌بدولزه‌هره‌ هینداوی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی حکوومەتی عێراق رایگه‌یاند، له‌ مانگی (تشرینی دووه‌می 2022) سه‌رژمێریی گشتی له‌ ته‌واوی پارێزگاكانی عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

راشیگه‌یاند، وه‌زاره‌تی پلاندانان بڕی 120 ملیار دیناری بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ بودجه‌ی گشتیی ساڵی دابێت، ته‌رخان كردووه‌.

هینداوی روونیشی كرده‌وه‌، ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریی گشتیی عێراق، له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی پلاندانانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌، ژماره‌یه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ له‌ هه‌ر یه‌ك له‌ پارێزگاكانی به‌سره‌، ئه‌نبار، كه‌ربه‌لا و هه‌ولێر ئه‌نجام دراوه‌، له‌ ئێستاشدا تێستی پڕۆسه‌که‌ له‌ پارێزگای دهۆك به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

ئاماژەشی دا‌، ئامانج له‌ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ بۆ پڕۆسه‌ی سه‌رژمێری، ئاماده‌كارییه‌ بۆ رێكخستنی ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان و كاروباره‌ هونه‌رییه‌كان و دیاریكردنی كه‌موكوڕییه‌كان.

باسی لەوەش کرد، ئه‌و تاقیكردنه‌وانه‌ بۆ ئه‌وەیە، کە توانای عێراق بۆ پرۆسه‌ی سه‌رژمێری ده‌ربخه‌ن، هه‌موو كارێكیش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی دابێت سه‌رژمێری بكرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە ‌ به‌نیاز بوون له‌مساڵدا سه‌رژمێری بكرێت، به‌ڵام ئاماده‌كارییه‌كان ته‌واو نه‌بوون.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، له‌ رێگه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه،‌ 120 ملیار دیناری بۆ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی سه‌رژمێریی گشتیی عێراق دابین كردووه‌، چونكه‌ ئه‌و پڕۆسه‌ كاری زۆری پێویسته‌ و پێویستی به‌ بودجه‌‌ هه‌یه‌