پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

نەهجی ناپاکی

هاودەنگ فاروق

ئەمڕۆ ساڵیادی خیانەتە گەورەكەی ١٦ی ئۆکتۆبەرە، لەو ڕۆژە ڕەشەدا، گرووپێکی کاڵفام، لاسار و هەڵگەڕاوە لە خاک و نەتەوەی خۆیان، لە نێو یەکێتی نیشتمانی كوردستان، بوونە دەسیسەی هێزی هاوبەشی ئیقلیمی و میلشیاکان، کەرکووک و بەشێكی خاکی کوردستانیان تاڵانفرۆش کرد، ئەم سەفقە ئابڕووبەرەیش، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئێستای یەکێتی بوو، ئەگەرچی نەیانتوانی ئیرادەی گەلی کوردستان و پێشمەرگە پشکێنن؛ پارتی قەوارەی کوردستانی پاراست و، خەونی دوژمن و خائینانیشی لە گۆڕ نا، بەڵام ئەو تاقمە سەرلێشواوە لە پێناوی پۆست و پارووەنانێكی بێنرخ سەریان بۆ دوژمن شۆڕ کرد و پێیان لە شەرەف و کەرامەتی نەتەوەکەیان نا و، بە سووک و سانا سەریان بۆ داگیركەرو میلیشیاكان شۆڕ کرد.

ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕووی دا، مێژوو وەک پەڵەیەكی ڕەش بە نێوچەوانی ئەوانەوە دەیهێڵێتەوە کە گەورەترین کارەساتیان بە سەر خەڵکی ناوچە كوردستانییەكان هێنا و بوونە كەواسووری بەر لەشكری داگیرکەر، ئەم گرووپه‌ وەکچۆن ئەوسا شانیان لەگەڵ دوژمن جووت کردبوو، خەنجەری نامەردییان لە پشتی برای هاوسەنگەریان دا.. ئێستاش نەسرەوتون و هەر ڕۆژەو كلیكیان لەبەر قاپی سەرمیلیشیایەك و بەرپرسێكی بەغدا تۆز دەكات.

لە دوای هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، هەوڵێکی زۆریان دا بۆ ئەوەی بە نیەت و نەفەسی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەست بەسەر ئیرادە و ئیستیحقاقی گەلی کوردستاندا بگرن و کەسێک كە پێشتر تاقیكراوەتەوە فاشیل و دژەكورد بووە، وەک”سەرکۆمار” لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی کوردستان بسەپێنن، بەڵام لەم هەوڵەیشیاندا سەرنەكەوتن و دوچاری شکستی گەورەی بوونەوە.
تا ئێستاش لە پیلانگێڕی و تێکدانی سەقامگیریی کوردستان و نانەوەی گرژی نەوەستاون و، لەسەر نەهجی خیانەت بەردەوامن و لە لایەكی دی كەوتونەتە تەسفییەحسابی هاوڕێكانی خۆیان، دواین كردەوەی تیرۆریستیشیان لە هەولێر شەهیدکردنی عەقید هاوكارو بریندارکردنی خێزان ومنداڵەکانی بوو.
دەمێکە گوتوومانە كەسانێک کە لە بنەمادا باوەڕیان بە دۆزی ڕەوای گەلەكەیان نەبێ و دژی سەربەخۆیی میللەتەکەیان بن، هەموو مێژوویان پەڵەی ڕەش و نۆكه‌رایەتی بووبن، چیتر گەل ناتوانێ چاوەڕوانی ئەوەیان لێ بكات لە بەرگریکردنی نەتەوەوە و نیشتماندا ئەرکێکی ئەخلاقییان پێ بسپێردرێ، چونكە ئەمانە دەمێکە شوناس و ڕەچەڵەكی خۆیان ون كردووە و مەسڵەحەتی شەخسییان لە کۆشی بێگانەدا دەبیننەوە.
ئەگەر ناپاکیی ئەو تاقمە نەبوایە، جگە لەوەی كوردستان بەشێكی گەورە لە خاكەكەی خۆی دەپاراست، ئێستا هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی دیکەدا دەبوو، بۆ ناوچەکە و جیهانیشی دەسەلماند گەلی كورد و هێزی پێشمەرگە لە هاوکێشەی سیاسەتی ناوچەکە و جیهانیشدا، قورسایی تایبەتی خۆیان هەیە و دەتوانێ لە هاوسەنگییە ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەكاندا دەوری كاریگەری هەبێت؛ بەڵام كورتبینی و چەوتبیریی گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەر وای كرد، تەنانەت درزی خستە یەکڕیزیی نیشتمانی.
هەق وایە دوای ئەو زنجیرە خیانەتە یەك لەدوای یەكە، پەرلەمانی كوردستان و لایەنە یاساییەكانی دی، ئەركی سەرشانی خۆیان ڕاپەڕێنن و سەرەتا لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە كردەوە و ڕەفتارەكانی ئەو گرووپە دروست بكەن و، هەموو ڕاستییەكان بۆ مێژوو، بۆ خەڵكی كوردستان بە ئاشكرا بنووسنەوە، ئینجا لەپای هەر جۆرە ناپاكییەكدا بەرامبەر نەتەوە و نیشتمان و كۆمەڵگە، سزای یاسایی هەموو ئەندامەكانی ئەو تاقمە سەرەڕۆ و دژەکوردستانییە هەر یەكەو بە گوێرەی پێگە و دەسەڵات و بە ئەندازەی بەشداریكردنی لە خیانەتەكاند دیاری بكرێت.
هەروەک پێویستە توێژەران و نووسەران، هونەرمەندان، هەریەكەو لە گۆشەنیگا و سێكتەری كاری خۆیەوە، هەوڵی ئەرشیفكردنی كردەوەكانی ئەو گرووپە بدات، تاكو بۆ نەوەكانی دواڕۆژ بمێنێتەوە و، كەس نەوێرێ دیسان لە سەروبەندی سەربەخۆییی نەتەوەكەیدا، دەست لەناو دەستی دوژمن بنێت و خاكی نیشتمانەكەی ڕادەست بكات و هەموو ڕێسی نەتەوەكەی بكاتەوە بە خوری!
کورد لە مێژوودا زۆر كارەساتی ئاوا تاڵ و ناخۆشی بەسەردا هاتووە، بەڵام خیانەتكارەكان لە لاپەڕەكانی مێژوودا بە ڕووڕەشی ناویان ماوەتەوە و لەکەی نەنگیان لێ ناسڕێتەوە.