چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ گوشاری نێودەوڵەتیدەخرێتە سەر عێراق

ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا تێپەڕی، بەڵام لە سێ دامەزراوە سەرەکییەکەی عێراق کە لە رێی دەرەنجامی هەڵبژاردنیەکلایی دەکرێنەوە تەنیایەکێکیان ئەویش نیوەچالاکە. رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری داوەتە عێراق و لایەنە سیاسییەکانیش وەک ئەوەی هەستیان پێ کردبێت لە کاروان زۆر دواکەوتوون دەستیان بە دانوستانی چڕ کردووەتەوە و بینینی سەرۆک بارزانی یەکەم هەنگاوی نوێ بووە بەرەو پێکهێنانی حکوومەت و دەرهێنانی عێراق لە چەقبەستوویی سیاسی.

لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا عێراق بە کۆمەڵێک تەنگژە و قەیران و رووداوی جۆراوجۆردا تێپەڕی و لە هەندێک قۆناغدا تەنانەت ئەگەری ئەوە زۆر بەهێز بوو عێراق تووشی شەڕی ناوخۆیی ماڵوێرانکەر ببێت.
وەک ئاشکرایە لە نێو لایەنەکانی شیعە، رەوتی سەدر زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەست هێنا کە ٧٣ کورسی بوون و بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کە خاوەنی ٣٢ کورسییە و زۆربەی لایەنەکانی سوننە هەوڵی دا حکوومەت پێکبهێنێت بەڵام لەبەر پرسی نەگەیشتنی پەرلەمان بە رێژەی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار نەتوانرا هەنگاوی پراکتیکی بۆ دامەزراندنی حکوومت بنێت. هەوڵەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەک لایەنی یەک لەسەر سێی پەکخەر بۆ رێنەدان بە کۆبوونەوەی پەرلەمان وایکرد سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردرێت.
دواجار موقتەدا سەدر لە هەوڵەکانی ماندوو بوو و لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت کشایەوە و داوای لە پەرلەمانتارەکانی کرد نامەی دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش بکەن. دوای ئەمە چوارچێوەی هاوئاهانەگی بە دەرفەتی زانی شوێنی کورسییە بەتاڵەکان پڕ بکاتەوە و ببێتە زۆرینەی فراکسیۆنی پەرلەمان.
بەهۆی ئەوەی کە حزبی دەعوە و نووری مالیکی لایەنی سەرەکی ئەم چوارچێوەیە بوون و رۆڵی سەرەکییان هەبوو لە پەکخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان، سەدریش رێی بە کاندیدبوونی مالیکی نەدا و دواتر ئەو کاندیدەشی رەت کردەوە کە مالیکی دەستنیشانی کردبوو.
کاندیدبوونی محەمەد شیاع سوودانی لایەنگرانی سەدری تووڕە کرد و کار گەیشتە ئەوەی لە خۆپێشاندانی ٢٧ی تەمووزی ئەمساڵدا خۆپێشاندەران دەست بەسەر پەرلەمانی عێراقدا بگرن و بۆ چەند رۆژێک لەو شوێنە بمێننەوە. هەر لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەند جارێک شەڕ لە نێوان لایەنگرانی سەدر و بەشێک هێزەکانی حەشدی شەعبی هاتە کایەوە و دواجار سەدر خۆی رێگری لەوە کرد شەڕەکە گەورە ببێتەوە.
ئەو کە بە قسەی خۆی وازی لە سیاسەت هێناوە، لە هەمان کاتدا بەسەر رووداوەکانی عێراقدا سێبەری هەبووە و سوور بووە لەوەی پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنێکی تر بەڕێوە بچێت هەنگاوێک کە ناڕازیبوونی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لێ کەوتۆتەوە و پێیان وابووە ئەگەر بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەش بکرێ هەر دەبێ حکوومەتێکی نوێ دابمەزرێت بۆ ئەوەی هەناسەیەک بە دۆخی عێراق بدات. ئەم داواکارییە تا رادەیەک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی نیگەران کردووە و پێیان وابووە ناکرێ تاهەتایە عێراق لەم دۆخە چەقبەستووەدا بمێنێتەوە.
رۆژی دووشەم ١٠ی تشرینی یەکەم، لە ساڵڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، نوێنه‌رایه‌تیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كه‌ به‌ یۆنامی ناسراوه‌، هۆشداری دایه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و داوای لێ كردن چیتر كات به‌ فیڕۆ نه‌ده‌ن، له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ ده‌ستوبرد بكه‌ن.
یونامی داوای له‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق كرد‌ بێ مه‌رج ده‌ست به‌ دانوستان بكه‌ن، هه‌وڵی ئه‌وه‌ بده‌ن زیاتر له‌ یه‌كتر نزیك بكه‌ونه‌وه‌. پێداگریشی کرد لەوەی ئه‌مڕۆ عێراق هێنده‌ كاتی له‌ به‌رده‌ستدا نییه‌، قه‌یرانه‌ دوور و درێژه‌كه‌ ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ بۆ ناسه‌قامگیریی زیاتر، رووداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌ش به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌، درێژه‌دان به‌م قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژیانی خه‌ڵك ده‌كات.
یۆنامی به‌ پێویستی زانیوه‌ به‌ر له‌ كۆتایی ئه‌مساڵ، بودجه‌ی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق په‌سند بكرێت و كۆتایی به‌ چه‌قبه‌ستوویی سیاسی بهێنرێت. داواشی له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان كردووه‌ بێ مه‌رج ده‌ست به‌ دیالۆگ و دانوستاندن بكه‌ن و رێك بكه‌ون له‌سه‌ر ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كان، وه‌ك دابینكردنی داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی عێراق و پێكهێنانی حكوومه‌تێك به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌واوه‌.
رۆژی دووشەم شاندێکی عێراقی تێکەڵ لە شیعە و سوننە بە ناوی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە لە محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و محەمەد شیاع سوودانی کاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکی حکوومەت و چەند کەسایەتییەکی تر پێکهاتبوون، گەیشتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ ببنەوە و تاوتوێ و دانوستانی دواین هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەت بکەن.
شاندەکە لە دوو رەهەندەوە بە لایانەوە گرنگ بووە ئەو سەردانە بکەنیەکەم لەبەر رۆڵی گرنگی سەرۆک بارزانی لە چارەسەرکردنی کێشە و پرسە سیاسییەکانی عێراق و دووەمیش لەبەر پرسی یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار بووە کە گرنگە بەر لە دامەزراندنی حکوومەت یەکلایی بکرێتەوە و تا ئەم ساتە پارتی و یەکێتی بە دوو کاندیدی جیاواز بەشدارییان کردووە.
تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە دیار نییە دانوستانەکان بە چ ئاکامێک گەیشتوون و سەرۆک بارزانی بە چ مکانیزمەکی نوێ لایەنە ناکۆکەکانی عێراق لە دەوری یەکتر کۆ دەکاتەوە و عێراق لە چەقبەستوویی سیاسی رزگار دەکات. دانوستانەکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکان لە رۆژانی داهاتوو گەرمتر دەبن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێک کە رەنگە تەمەنەکەی زۆر نەبێت و بە ئامانجی هەڵبژاردنی پێشوەختە و دانانی بودجە و بەگەڕخستنەوەی خزمەتگوزارییەکان و پڕۆژەکان و دواجار کۆدەنگیی بۆ هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن و چەند پرسێکی تر بێت.