په‌رێز شوان: لای من هونەری شێوەکاری به‌ واتای ژیان دێت

پەرێز شوان لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٠ی شارۆچکەی خەلیفانەو قوتابی قۆناغی چواری کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدینە و لەبارەی هونەری شێوەکاری و وێنە کێشان ده‌ڵێت: لەمنداڵیەوە لەنێو ئەم هونەردام و تواناکانی خۆم زیاتر لە شێوەکاریدا دەبینیەوه‌، لە ڕاستیدا هونەری شێوەکاری ڕۆژ لەدوای ڕۆژ تێکەڵ بە خوێن و هەستەکانم دەبوو، وە لە کۆتایدا سوپاس بۆ خودا گەیشتم بە ئامانجی سەرەکیم کە بەتەواوەتی فێربوونی هونەرەکە بوو.

هەروەها هونەری شێوەکاری لای من بە واتای ژیان دێت و ئەو کەسەشی کە کارەکە دەکات وەک پەیامبەرێک ئەوەی لە هزریدا گەڵاڵە دەبێت لەسەر ڕووپەڵی کاغەزێک ڕەنگ ڕێژی دەکات و وەڵامی پرسیارەکان و ئازارو مەرگەسات و خۆشیەکان تێکەڵ بە دوونیا بینی خۆی دەکات و دەگوازێتەوە سەر ڕووی تابڵۆیەک و نیشانی دەورووبەری دەدات، زیاتر ووتی: بە بڕوای من مرۆڤ لەهەربواریکی ژیاندا ئەگەر لاسایی کەس نەکاتەوە سەرکەوتوو دەبێت، من هەوڵمداوە خۆم بم نەک کەسێکی تر، بۆ کارەکەشم هیچ پێویست ناکات لاسایی ئاڕتیستی بیانی یاخود کەسانی دیکە بکەمەوە، چونکە وشەی هونەرمەند پێناس و تایبەتمەندی خۆی هەیە، ناشێ من کەسایەتی و تواناو بەهرەکانی خۆم لە کەسایەتی کەسێکی تردا ببینمەوە.

لەبارەی کارو چاڵاکی و بەشداریکردن و کردنەوەی پێشانگای هونەری شێوەکاری و گرنگی هونەرەکە ئاشکرایکرد: لە زۆرمەراسیم و پیشانگای هاوبەش و تایبەت بەشداریم کردوەو خاوەنی چەندین تابلۆشم، هەروەها چەندین پێشانگای تایبەتم کردۆتەوە، بەو هیوایەم لە ئایندەدا بتوانم زیاتر خزمەت بکەم، سوپاس بۆ خودا کە توانیومە بە بێ بەرامبەر کاری هونەری بۆ زۆر کەس بکەم چونکە پێموابێ مرۆڤ هەموو شتێک لە مادەدا نەبینێتەوە وەک دەڵێن”مادە ڕۆڵی ئەو تەنۆلکە مادەییە دەبنێت کە دژی وزەیە.

لە کۆتایدا ئەو شێوەکارە داوا لە گەنجان دەکات و دەڵێت: سرووشتی مرۆڤ وایە کە هەموو کەسێک توانایەکی شاراوەی هەیەو لە پیشەیەک زیاتر شارەزایە، ئینجا بۆئەوەی بگەیت بە ترۆپکی ڕووناکی و دەرچوون لە تونێڵی تاریکی ژیان، پێویستە مرۆڤ تێبکۆشێت و بەردەوام و پڕ هیوا بێت، بۆیە پێوسیتە گەنجانی ئێمە هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ و بە ڕەخنەی خەڵکانێکی خۆپەرست سارد نەبنەوە، بە پێچەوانەوە گرنگە گەنجی ئێمە توانای تێهەڵچوونەوەی ژیانی هەبێت و خۆیان ببن بە ئامانج و داهاتوویان.

ھەواڵی زیاتر