دلۆڤان، فەرهەنگێک بۆ وشە زانستیەکان دروست دەکات

کچە وانەبێژێکی زانکۆی گەرمیان فەرهەنگێکی تایبەت بە وەرگێڕانی وشە زانستیەکان بۆ هەردو زمانی کوردی و ئینگلیزی ئامادە کردوە و بڵاوی کردوەتەوە، لەبارەی کارەکەیشییەوە دەڵێت: ئامانجم لەدروستکردنی خزمەتکردنی فێرخوازانی بایلۆجیە لە هەمو زانکۆکان.

 دلۆڤان جەلال، سێ ساڵە بەشی بایلۆجی کۆلێژی پەروەردەی لە زانکۆی گەرمیان تەواوکردوە و ماوەی دوو ساڵە وەکو توێژەری وانەبێژ لە هەمان کۆلێژ خزمەت دەکات. لە ئێستادا فەرهەنگێکی بەناوی فەرهەنگی زانست (Zanst Dictionary) کە تایبەتە بە وەرگێڕانی وشە زانستیەکانی بایلۆجی بۆ هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی دروست و بڵاوکردۆتەوە.

دلۆڤان، لەبارەی بیرۆکەی دروستکردنی فەرهەنگی زانستـەوە وتی: ئەو کاتەی کە فێرخواز بووم ھیچ فەرھەنگێکم دەست نەدەکەوت وشە زانستییەکان وەرگێڕێتە سەر زمانی کوردی تاکو زیاتر لەبابەتەکە تێبگەم، بۆیە بڕیارمدا ئەم بۆشایی نەبوونی فەرهەنگە پڕبکەمەوە، هەروەک ئامانجی سەرەکیشم لەدروستکردنی خزمەتکردنی فێرخوازانی بایەلۆجیە لە هەمو زانکۆکان.

دلۆڤان لە به‌رامبه‌ر دروستکردنی فەرهەنگەکەی لەلایەن زانکۆی گەرمیانەوە رێزلێنانی بۆ کراوە

بۆ دروستکردنی فەرهەنگەکە دلۆڤان ماندوبونی زۆری بینیوە، ماوەی ساڵێکی تەواو بەبەردەوامی خەریکی کۆکردنەوەی وشە بوە، وەک خۆیشی دەڵێت: “رۆژ ھەبوو ھەشت بۆ دە کاتژمێر بەسەریەکەوە کارم لێدەکرد، ھەندێکجار تەنھا بۆ یەک وشە دە سەرچاوەی جیاواز دەگەڕام تاکو دەمدۆزیەوە.

 فەرهەنگەکە تایبەت بۆ ئاستی سەرەتایە لە (هەزار و پێنج سەد) وشە پێکدێت و لەگەڵ هەر وشەیەکدا بەمەبەستی زیاتر رونکردنەوە پێناسە و وێنەی لەگەڵدایە.

دلۆڤان دەڵێت: لەپلانمدا ھەیە لەدوای تەواوکردنی ھەر قۆناغێکی خوێندنی خۆم ئاستێکی بەرزتری فەرهەنگەکە دروست بکەم تاکو فێرخوازانی بایلۆجی لە هەمو ئاستەکان سودمەندبن لێی.

ھەواڵی زیاتر