تاوەکو شەڕ لە ئۆکراینا گەورەتر بێت، بەرپرسانی رووسیا ئاماژەی زیاتر بە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکەن. وەزیری دەرەوەی رووسیا هەڕەشە دەکات و دەڵێت، چیدیکە چاوپۆشی لە کارەکانی ئۆکراینا و وڵاتانی رۆژئاوا ناکەن.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی، “کاتێک قسە لەبارەی ئاسایشی ژینگە دەکەین، ناتوانین لە باسکردنی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی خۆمان بەدوور بگرین. ناتوانین لە ئاست کردەوەکانی کیێڤ بێدەنگ بین کە مەبەستییەتی مەترسیی بەکارهێنانی جۆرە جیاوازەکانی چەکە کۆمەڵکوژەکان دروستبکات”.
27ی شوباتی ئەمساڵ، سێ رۆژ دوای هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، ڤلادیمیر پووتین بە فەرمی چەکی ئەتۆمی خستە باری ئامادەباشییەوە. بەرپرسانی کرێملین ئەو تۆمەتانە دەخەنە پاڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی کە گوایە داوای لە رۆژئاوا کردووە دەستپێشخەر بێت لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، هەنگاوێک کە زۆربەیان رەتیدەکەنەوە.
ئۆلاف شۆلتز، راوێژکاری ئەڵمانیا باس لەوە دەکات، “پێموایە زۆر گرنگە وەڵامێکی روونمان هەبێت بۆ هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کە گوێمان لێیدەبێت. پێویستە وەڵامەکەش ئەوەبێت کە هەموو لایەک خۆیان لەوە بەدووربگرین. ئەمە بۆسەر جیهان مەترسی دەبێت. بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی جێگەی قبووڵکردن نییە.”
ئەمریکا دەڵێت، هیچ ئاماژەیەکی هەواڵگرییان لەبەردەست نییە رووسیا چەکی ئەتۆم بەکاربهێنێت، بەڵام ئامادەشن بۆ هەموو ئەگەرێک.
کارین جین پیێرە، گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت، “قسەی رووسیا لەبارەی بەکاهێنانی چەکی ئەتۆمی هەستنەکردنە بە بەرپرسیارییەتی و ئەو چەکە بەهیچ شێوەیەک نابێت بەکاربهێنرێت. ئەو هەڕەشانەی پووتین نامانترسێنن. هەر بەکارهێنانێکی ئەو چەکە، ئەنجامی نەخوازراوی دەبێت.”
ئەو بۆمبەی کە ئێستا باس لە مەترسیی بەکارهێنانی دەکرێت، پێیدەڵێن چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی کە بڕی وزەی دەردراوی 1000 تۆن بۆ 50,000 تۆنە و لە بەرەکانی جەنگدا بۆ مەبەستی تاکتیکی بەکاردەهێنێدرێت. هەرچی بۆمبی ئەتۆمیی ستراتیژییە، زۆر گەورەتر و وێرانکەرترە و بڕی وزەی دەردراو لە کاتی بەکارهێنانیدا لە 100 هەزار تۆن بۆ یەک مێگاتۆن دەڕوات.
بۆمبی ئەتۆمیی تاکتیکی دەکرێت لە رێگەی بۆمبی هێشوویی، مووشەک، گولـلەتۆپ، مین، فڕۆکە و ژێردەریاییەوە ئاراستەبکرێت.
بەگوێرەی پەیمانگەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی، لە جیهاندا نۆ وڵات خاوەنی چەکی ئەتۆمین؛ رووسیا بە 5977 چەک، خاوەنی زۆرترینە و دووەمیان ئەمریکایە کە 5428 چەکی ئەتۆمی هەیە. چین 350، فەرەنسا 290، بەریتانیا 225 چەک، هیندستان 160 و پاکستان 165 چەکی ئەتۆمییان هەیە، باوەڕ وایە ئیسرائیلیش خاوەنی 90 چەکی لەو جۆرە و کۆریای باکووریش 20 دانەی هەیە.