دكتۆر عەبدولفەتاح هەورامی مامۆستا لە كۆلێژی پزیشكی لە زانكۆی سلێمانی و پزیشك و پسپۆڕی خۆپاراستن لەم چاوپێكەوتنەی ” هەولێر”دا دەڵێت: خەڵكی كوردستان لە ئاستێكی زۆر نزمی هۆشیاری تەندروستیدا دەژین؛ ئەوەش دەڵێت: “بە هۆی نەبوونی هۆشیاریی خۆپاراستن هاووڵاتیان ناتوانن خۆیان لە نەخۆشیەكان بپارێزن”.
هەولێر: هەست بەوە دەكرێت خەڵكی كوردستان زۆر نەخۆش دەكەون و عەیادە و نەخۆشخانە، بەر ناكەون؛ ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
د. عەبدولفەتاح هەورامی: بە تەئكید بەشێوەیەكی گشتی زیادبوونی نەخۆشی یەكێكە لە ماكەكانی ئەم سەردەمە، لەنێویشیاندا زیادبوونی نەخۆشی لەڤحاڵەتی ئاساییدا دەگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵێك فاكتەر و هۆكار؛ یەكێك لەوانە مەسائیلی خودی سیستەمی تەندروستیە، كە وای كردووە سیستەكەمە زیاتر ئیهتیمام بە نەخۆش بدات وەك لە مرۆڤە ساغەكان، چونكە كاتێك سیستەمەكەت باش بێت زیاتر كار لەسەر خەڵكە تەندروستەكان دەكات بۆ ئەوەی نەخۆش نەكەون، چونكە كە تۆ هاتی خەڵكت پاراست لەوەی كەمتر نەخۆش بكەوێت، كەمتر دامودەزگاكان قەرەباڵغ دەبێت، بەتایبەت دامودەزگا تەندروستیەكان، لەم ڕوانگەیەوە بەشێكی گرنكی پەیوەندی بە ئەزمەیەكی قووڵی سیستمەكەوە هەیە كە ئەزمەیەكی قووڵی هەیە، تائێستا سیستەمەكەی ئێمە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشدا دەكات، مامەڵە لەگەڵ خەڵكە تەندروستەكەدا ناكات، تا نەخۆش نەكەوێت، سیستەمەكەمان سیستەمێكی عیلاجیە وەك لەوەی سیستەمێكی خۆپارێزی بێت، ئەوەی كە زۆر گرنگە پەیوەندیی بە هۆشیاریی خەڵكەوەیە، شەرت نیە هەموو حاڵەتێكی نەخۆشی سەردانی نەخۆشخانە بكرێت یان سەردانی كلینكێك بكرێت، بەشێكی زۆر لە نەخۆشیەكان ئەگەر خۆیان بە شێوەیەكی ئەوتۆ شارەزایی و ئاشنایەتی لەگەڵیان هەبێت و زانیاری هەبێت و هۆشیار بێت دەتوانێت تەحەمولیان لەگەڵدا بكات بەبێ ئەوەی سەردانی پزیشك و دامەزراوە پزیشكیەكان بكات و، چاك دەبێتەوە.
هەولێر: هۆشیاریی تەندروستی و خۆپاراستن لایی خەڵكی چۆنە ئەوەندەی ئێوە تێبینیتان كردبێت؟
د. عەبدولفەتاح هەورامی: بە ڕادەیەكی گشتی خەڵكی ئێمە لە ئاستێكی زۆر نزمی هۆشیاریی تەندروستیدایە، ئەگەر هۆشیارییش نەبوو ناتوانێت ڕێگەچارەی خۆپاراستن بگریتە بەر، لەبەر ئەوە هیچ كاتێک سیستەمێكی خۆپاراستنی تەندروستی بەهێزت نابێت بەبێ تاكێكی هۆشیار، بۆیە كاتێك خەڵكێكی كەمهۆشیار دێت خۆپارێزیشی لە ئاستێكی لاوازدایە؛ ناتوانێت و نازانێت خۆی لە نەخۆشیەكان یان نەخۆشی بپارێزێت.
هەولێر: بەبڕوای ئێوە لەپلانەكانی وەزارەتدا گرنگی تەواو دراوە بەخۆپاراستن یاخود نا؟
د. عەبدولفەتاح هەورامی: وەزارەتی تەندروستی بە شێوەیەكی گشتی دامەزراوەی هەیە تایبەتی كردووە بە خۆپاراستنەوە، بەڵام پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەو گرنگیپێدانە دەدات یان ئەو ئیهتیمامەی هەیە لە ئاستی پێویستایە، وەڵام دەینەوە و دەڵێین نەخێر، تائێستا وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتێكی عیلاجتەوەرە؛ زیاتر كار لەسەر دەرمان و نەشتەرگەری و نەخۆشخانە و سەنتەرە تایبەتەكانی نەخۆش دەكات و كار لەسەر خۆپارێزی ناكات.
هەولێر: بۆچی وەزارەتی تەندروستی نەیتوانیوە كار بكات لەسەر خۆپارێزی؟
د عەبدولفەتاح هەورامی: بە شێوەیەكی سانا دەتوانین وەڵام بدەینەوە، لە سیستەمی تەندروستی تێگەیشتوون یەكسانە بە نەخۆشخانە، كە لە سیستەمی تەندروستی باش یەكسانە بە كردنەوەی سەنتەراتی گەورە، دەبێت كەرتی تەندروستی لە سیستەمێكی چارەسەریەوە بكرێت بە سیستەمێكی خۆپارێزی، كە بە شێوەیەكی گشتی پەیوەندیی بە دنیابینی بەڕێوەبردنی سیستمەتی تەندروستیەوە هەیە.
هەولێر: ئایا ئەگەر بە تەواوەتی گرنگی بە خۆپاراستن بدرێت جگە لە نەخۆشەكە چ سودێكی بۆ حكومەت و وەزارەت دەبێت؟
د. عەبدولفەتاح هەورامی: ئێستا سیستەمی تەندروستی وڵاتانی پێشكەوتوو گرنكییەکی تەواویان داوە بە سیستەمی خۆپاراستن، كە مەبدەئێكی گەورەی تێدایە پەیوەندی بە تێچوونەوە هەیە، چونكە بیرمان نەچێت وەزارەتی تەندروستی وەزارەتێكی خەدەمیە حكوومەت دەبێت پارەی بۆ سەرف بكات، پارە بۆ حكومەت پەیدا ناكات، لێرەوە حكوومەت دەبێت، بە كەمترین تێچوون زۆرترین خزمەتگوزاری دابین بكات.
هەولێر: چۆن حكوومەت یەك دۆلار لە خۆپارێزیدا خەرج بكات سەد دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە؟
د. عەبدولفەتاح هەورامی: نمونەیەكی زۆر ئاسان، ئێمە نەخۆشی شێرپەنجەمان هەیە، ئێستا دوا ئامارچو توێژنەوەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، كە پەیوەستن بە كاركردن لەسەر نەخۆشیەكانی شێرپەنجە، دەڵێت لە 30% بۆ 50%ی هەموو شێرپەنجەكان دەتوانێت ڕێگری بكرێت لە ڕوودانیاندا بە تەواوی؛ بە چی رێگرییان لێ دەكرێت؟ بەگۆڕینی شێوازی ژیان، بە مەسائیلی هەندێك لە كوتانەكان كە پێویستن، بۆ لەناوبردنی وردیلە زیندەوەرەكان كە ئەگەر لە داهاتوودا كەسەكان تووشی شێرپەنجە بكەن، یان لە رێگەی پڕۆگرامەكانی هۆشیاركرنەوەی خەڵكەوە كە تەكلیفەیەكی زۆر كەمی تێدەچێت، دەتوانین بە تەكلیفەیەكی زۆركەم هاووڵاتی هۆشیار بكەینەوە كە خۆیان بپارێزن لەو هۆكارە ڕیخۆشكەرانەی ئەگەریان هەیە تووشی نەخۆشینی شێرپەنجەیان بكات، داتایەكمان لە بەردەستدایە لە شاری سلێمانی لە جێگەیەكی پەیوەندارەوە بەدەستمان گەیشتووە دەڵێت تیچووی چارەسەری یەك نەخۆشی شێرپەنجەی مەمك لەسەر حكومەت دە دەفتەر دۆلارە، حكوومەت دەتوانێت بە تێچوی دوو نەخۆش هەموو تاكێكی كورد وەها لێ بكات هۆشیارییەكی كامڵی هەبێت لەسەر هەموو شێرپەنجەكان.
هەولێر: ئێوە هەست ناكەن خەڵكی كوردستان زۆر دەرمان بەكار دەهێنن، ئایا دەکرێ ئەمە كەم بكرێتەوە؟
د. عەبدولفەتاح هەورامی: بە تەئكید؛ ئەمەش یەكێكی دیكەیە لە هەڵەكانی سیستەمی تەندروستی، چونكە سیستەمی تەندروستی، بەشێكی گرنگی دەبوایە هۆشیارکردنەوەی خەڵك بوایە، بەكارهێنانی زۆری دەرمان مسیبەتێكی گەورەی هەیە، كە لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا كوردستان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات بەهۆی ئەو مەهزەلەیەی لە دابەشكرنی دەرمانی دژەچڵک (ئەنتیبایۆتیک) كە بریتیە لەو دەرمانانەی لەناو خەڵكدا بۆ دەرمانی چڵک (ئیلتیهابات) بەكار دەهێنرێت، هەر لە منداڵێكەوە تا كەسێكی گەورە وەك نوقوڵ بەكاری دەهێنێت، بەفرگرەكانمان پڕە لەم جۆرە دەرمانانە كە پێی دەوترێت ئەنتیبایۆتیك، لە ماوەیەكی نزیكدا هیچی ئەم ئەنتیبایۆتیكانە لە كوردستان كار ناكات، لەبەرئەوەی ئەوەندە خراپ بەكار هاتووە، بەكتریاكان بەرگرییان پەیدا كردووە، بۆیە ئەو كەسەشی بە فیعلی پێویستی پێیەتی بەكاری بهێنێت دەرمانەكە كار ناكا.
هەولێر: چی بكرێت بۆ ئەوەی خۆپارێزی وەك كلتوری لێ بكرێت؟
د. عەبدولفەتاح هەورامی: پێش هەمووشتێك، حكوومەت و ئەوانەی كاربەدەستی تەندروستین، دەبێت خۆیان لەوە تێبگەن، كەرتی تەندروستی بریتی نەبێت لە نەخۆشخانە و سەنتەری پێشكەوتوو، تەندروستی بریتییە لە گرنگیدان بە هێشتنەوەی تاكی كورد، كە ئەمەش بەوە دەبێت وەزارەتی تەندروستی دەبێت سیاسەتی خۆی بگۆڕێت لە سیاسەتێكی عیلاجیەوە، بۆ سیاسەتێكی خۆپاراستن.
هەولێر: ئایا هۆکارێکی بەرزبونەوەی ئاماری مردن و نەخۆشی بۆ خۆنەپاراستن و ڕێنماییەكان دەگەڕێنەوە یان نا؟
د. عەبدولفەتاح هەورامی: سەرەكیترین هۆكارەكانی مردن لە جیهان و هەرێمی كوردستانیشدا، بریتییە لە نەخۆشیەكانی دڵ و بۆریەكانی خوێن؛ دووەم باس لە ڕووداوی هاتوچۆ دەكرێت، پاشان نەخۆشینی شەكرە و زەخت و شێرپەنجە دەكرێت كە سەرجەمیان بەسراوەتەوە بە شێوازی زیانی ڕۆژانەی هەموو تاكێكمان، كە دەتوانین بە شێوازی گۆڕینی ژیانمان ئەمانە كۆنترۆڵ بكەین بە شێوەی خۆپارێزی.
هەولێر: لە سەنتەرەكەی ئێوە كە تایبەتە بە خۆپارێزی، مانگانە چەند كەس سەردانتان دەكەن؟
د. عەبدولفەتاح هەورامی: وەك سەنتەری هۆشیاری تەندروستی كار لەسەر خۆپارێزی خەڵك دەكەین، دەتوانم بڵێم بەسەدان سیمینارمان هەبوە، بەسەدا مامۆستامان هەیە لەبواری هۆشیاری تەندروستیدا لەكوردستان وە تا ئێستا نزیكەی حەڤدە پڕۆگراممان هەیە لە بواری هۆشیاریی تەندروستی و تائێستا چەندین پڕۆگراممان لەناو پڕۆگرامەكانی حكوومەتدا داخڵ كردوە، كە بەشێكی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پەروەردەدا كراوە، بەشێكی دیكەشی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكاندا كراوە.