گوندەکانی برادۆست و باڵەکایەتی ١١ ڕۆژە بە بەردەوامی لەژێر تۆپباراندان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

زیاتر لە ١١ رۆژە تۆپخانەکانی ئێران، تۆپبارانی دەڤەری برادۆست و سنووری چۆمان دەکەن، تۆپبارانەکە قوڵایی زیاتر لە ١٥ کیلۆمەتری سنوورەکانی برادۆست و باڵەکایەتی تێپەڕاندووە، بەو ھۆیەوە زیانی زۆری ماددی بەر جووتیار و رەوەند و گوندنشینان کەوتووە، بەپێی ئامارەکان بە دەیان خێزان ماڵ و حاڵی خۆیان جێھێشتووە.

بە دەیان گوندی برادۆست و باڵەکایەتی لەژێر تۆپباراندان، بەو ھۆیەوە دەیان گوند بە تەواوی چۆڵ بوونە، جگە لە پێشمەرگە و پاسەوانی سنووری عێراقی، کەسێکی دیکە لە سنوورەکە نەماوە، تۆپ و راجیمەکانی ئێران لەنزیک پێشمەرگە و پاسەوانی سنوور دەتەقنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممەی رابردوو ٢٨/٩/٢٠٢٢، سوپای ئێران لە رێگەی ٧٣ مووشەکی بالیستی و دەیان درۆنەوە چەندین ناوچەی ھەرێمی کوردستانی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا ١٨ کەس گیانیان لەدەستدا و بە دەیانی دیکەش برینداربوون.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر پێشوازی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشھاتە ئەمنییەکان و بەئامانجگرتنی چەند شوێنێکی ھەرێمی کوردستان، ‏تەوەرێکی دیدارەکە بوو و، ھەردوولا جەختیان کردەوە کە پێویستە رێز ‏لە سەروەریی عێراق بگیرێت و رەتیانکردەوە عێراق بکرێتە گۆڕەپانی ‏یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە ھەرێمییەکان، ھەروەھا دووپاتیان کردەوە کە عێراق و ‏ھەرێمی کوردستان پابەندن بە پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ‏بەوەی خاکی عێراق نەبێتە سەرچاوەی ھەڕەشە بۆ ئەو وڵاتانە.‏
محەمەد عیسا، جووتیارێکی بالەکایەتییە، بۆ ھەولێر دیارکرد:” ئەگەر تۆپباران رانەوەستێت تووشی زیانێکی زۆر دەبین، چونکە لەوەتەی بەھارە خەریکی تەماتە و بەرھەمەکانی دیکەین، ئێستا کاتی پێگەیشتنی ئەو بەرھەمانەیە، بەڵام لەبەر تۆپباران ناتوانین بچین بەرەکەی لێ بکەینەوە، ئەگەر تۆپباران بەردەوام بێت، ناچارین ناوچەکە بە تەواوەتی چۆڵ بکەین، بەوەش زیانێکی زۆرمان بەر دەکەوێت.
حاجی مەحموود، جووتیارێکی دیکەیە، بۆ ھەولێر گوتی:” تۆپ بەر ئاوایی و بەرھەمەکانی ئێمە دەکەون، جگە لە ترس و دڵەڕاوکێ، زۆربەی ھاووڵاتییانی گوند و ئاواییەکان ماڵەکانی خۆیان چۆڵ کردووە، بەو ھۆیەوە ھەموو بەرھەمەکەمان خراپ بووە، بەوەش رەنجی ئەمساڵمان بەفیڕۆچوو.
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق کۆبوویەوە، بانگھێشتی وەزارەتی ناوخۆ و بەرپرسانی ئەمنی کرا بۆ گفتوگۆ کردن لەبارەی تۆپبارانکردنی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی حکوومەتی عێراق تەنھا ئیدانەی نەکات و ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر، ھەروەھا ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا لیژنەیەک پێکبھێنرێت بۆ ئەوەی بەشێوەی مەیدانی سەردانی ئەو ناوچانە بکات و ئیدانەکردنیش تەنھا بە بەیاننامە نەبێت و بە کرداری و بە شێوەیەکی دیکە بێت، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق ڕێکاری توند بگرێتە بەر و داوامان کردووە پەرلەمانیش لەو بارەیەوە کۆبێتەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ناوچە سنوورییەکان ، بە “ھەولێر”ـی گوت:”بە تەنھا تۆپ و درۆنەکانی ئێران نین نائارامییان لە ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دروستکردووە، بەڵکو فڕۆکەکانی سوپای تورکیا ناوبەناو ناوچەکە بە ئامانج دەگرن، ئەوەش لەبەر پەکەکەیە، بەو ھۆیەوە خەڵکێکی زۆر ئاوارە بووە، گوند و ئاواییەکان چۆڵ بوونە، ئەگەر تۆپبارانی ئێران و بۆردومانی تورکیا بەردەوام بێت، گوندی زیاتر چۆڵ دەبن و زیانی گیانیشی بە دواوە دەبێت، جگە لەوەی کە بە سەدان ملیۆن دینار زیان بەر خەڵکی ناوچە سنوورییەکان کەوتووە.
عەباس ئەمیر، بەرپرسی نووسینگەی کۆچ و کۆچبەرانی سۆران بۆ ھەولێر گوتی:” بەردەوام لەسەر ھێڵین لەگەڵ UN و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بۆ ئەوەی زیانەکانی جووتیاران، مەڕداران، ھەنگەوانان و گوندنشینان لە ناوچە سنوورییەکان بەھۆی تۆپبارانەوە بەریان کەوتووە بخەملێندرێن، بەڵام بەھۆی نا ئارامی ناوچەکە تا ئێستا نەمان توانیوە ھەموو زیانەکان وەربگرین، لەگەڵ ئەوەش داوامان کردووە کەمپێک بۆ ئەو خەڵکەی ئاوارە دەبن لە سنووری سیدەکان دروست بکەین، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە لەو کەمپە نیشتەجێ بکەین و چی دیکە ئاوارەی شارەکان و شوێنەکانی دیکە نەبن، چونکە ساڵانە خەڵکی ئەو ناوچانە لەبەر پەکەکە، بۆردومان و تۆپبارانی وڵاتان ئاوارە و دەربەدەر دەبن.
عەبدولوەھاب مەحموود، قایمقامی چۆمان بە وەکالەت، بۆ ھەولێر ئاشکرای کرد:” رۆژانە ئێران تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی ئێمە دەکات، زۆرجار درۆنەکان بەر گوند و ئاواییەکان دەکەون، ھەر ئەوەش وای کردووە لە ترسی تۆپباران ٩٥%ی مەڕدار و جووتیاران ناوچەکانیان بەجێبھێڵن، لەگەڵ ئەوەش زیانێکی زۆر بەر رەز و باخ و ژینگەی ناوچەکە کەوتووە”.

ھەواڵی زیاتر