لە ژێر ڕۆشنایی سونەتی سەروەر لەگەڵ دراوسێکانیدا

عومەر چنگیانی

چونکە پلانی تۆکمەی داڕێژراو بۆ سەرتانسەری مانگی رەبیعی یەکەم لەلایەن بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینیەوە تایبەت کراوە بۆ ئاوڕدانەوە لە ژیاننامەی پڕ لە سەروەریی دوایین پەیامگەیێنی خوا محەمەد، دروود و سڵاوی خوای لێ بێت، لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە هاتنەپێشی چەند ڕووداوێکی نەخوازراو وای کرد کە یەکێک لە گوتارەکان تیشک بخاتە سەر بابەتی (سونەتی سەروەر لەگەڵ دراوسێکانیدا)، کە بە هەماهەنگییەکی تەواوی ئەندامانی بۆرد ئامادە کرا و دەستپێکی باسمان لەوە کرد (مافی دراوسێ زۆر لەوە گەورەترە ئێمە بتوانین بە یەك وتار باسی لێ بکەین، بەڵام مشتێکیش نموونەی خەرمانێکە، هێندە بەسە کە خوای باڵادەست ئەو ڕاستیەی لە قورئاندا تۆمار کردووە و، بسڵمانی لەسەر گۆش و پەروەردە کردووە و لە ٣٦ـەمین ئایەتی سوورەتی (نیسا)دا دەفەرمێت: (دراوسێ و جیرانی خزم و نزیک و جیرانی ئاوماڵی دوور و جیرانی دراوسێ جێگا). پێغەمبەری خوایش، دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت، زۆر بە وردی ئیمان و بڕوا گرێ دەداتەوە بە پارێزگاریکردن لە مافی جیران. پێگەی هاوسێ و جیران لە ئیسلامدا گەلێک مەزن و گەورەیە، چونکە لە هەموو کەس لە تۆوە نزیكترە و لە هەمووان پتر دەیبینی و جیرانی چاک و باش نیعمەتێكی گەورەیە. لە شەریعەتی ئیسلامدا دەیان بنەما و یاسا هەیە بۆ پارێزگاری لە مافی جیران.
پێغەمبەری خۆشەویستمان، دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت، زۆر چاودێری مافی جیرانی دەکرد و، هاوسێکان لای ئەو زۆر قەدرگران بوون. هەموو جارێ سەردانی دەکردن و بەشداری خۆشی و بگرە ناخۆشیەکانیان بوو لەگەڵیاندا. بە بیری یاوەرانیدا، خوایان لێ ڕازی، دەیهێنایەوە جیرانەتی چەندە گەورەیە.
مافی جیران؛ لەسەر مسوڵمان پێویستە غەدر و ستەم لە جیرانی خۆی نەکات و مافەکانی بەرز ڕابگرێ چ لە ڕووی ماددی یان مەعنەوی، لەوانەیە ئەو مافانە تاک بێت یان گشتی هەروەکو لە خوارەوە ڕوون کراوەتەوە:
١. یارمەتیدانی دراوسێ؛ پێویستە هاوئاهەنگی و هاریکاری هەبێت؛ پێغەمبەری خوا دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت، دەفەرمێ (گەر جیران پێویستی بەوە بوو لە دروستکردنی ماڵەکەیدا دینگەیەک لەلای تۆوە دابنێ مافی خۆیەتی و واتە تۆی جیران دەبێ ببیتە کۆڵەکەی پتەوی جیرانەکەت.
٢. ڕێزلێنان و شکۆڕاگرتن؛
٣. شێوازی مامەڵەی بەرز و پڕ بەها.

پێگەی گشتیی مافی جیران؛ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییشدا وڵاتی دراوسێ هەر مافی جیرانەتی لەسەر وڵاتانی دراوسێ هەیە، چونکە بەهەر پێوەرێك تەماشای بکەین جیران هەر مافی لەسەر جیران هەیە بە پێوەری ئایین و مەزهەب و نەتەوە و مرۆڤەتی و بە هەموو پێوەرێک ئیسلام و مرۆڤایەتی کۆمان دەکاتەوە. ناتوانین هیچ پاساوێك بێنینەوە دەرهەق بەو کاروکردەوانەی هەندێ دامودەزگا دەیکەن سەبارەت بە کوشتن و بڕین کە گوایە ئەوان ئۆپۆزسیۆنن! بەو پاساوە مافی جیرانەتی و هاوسایەتی پێشێل دەکەن. هەروەك لەو چەند ڕۆژە بینیمان درۆنکوتکردن و تۆپبارانکردنی ئەو کوردانەی لەسەر خاکی ئێمەدا دەژین چ لە هەولێر یان لە سلێمانی؛ پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە لە پای چی وڵاتی ئێمە تۆپباران دەکرێ؟ چونکە ئەوان میوانی ئەو وڵاتەن و پەنایان بۆ ئێرە هێناوە. کە ئەوەش سادەترین مافی خۆیانە کە ئێمە بتوانین بۆیانی دابین بکەین لەسەر خاکی ئەو وڵاتە؛ دەستدرێژی و غەدر و ستەم لەو کەسانە پێچەوانەی ڕێچکە و چەمکی قورئانە.
خوایە کوردستان لە هەموو شەڕ و گێچەڵێك پارێزراو بکە (١)..

پەراوێز
(١) گۆشەی ئیمڕۆمان پوختەی گوتاری پێشنیازکراوی بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی بوو کە توێشووی گوتاری زنجیرە ١٧٠ی ئێمە بوو لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجە کوبراوە، لە ٤ـی رەبیعی یەکەمی١٤٤٤، بەرانبەر بە ٣٠ـهەم رۆژی ئەیلوولی ٢٠٢٢).

ھەواڵی زیاتر