چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سەما لەسەر گڕکان؛ دەروازەیەک بۆ نیتچەناسیی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

لە نوێترین بەرهەمی چاکراویدا نووسەر و وەرگێڕ “پێشڕەو محەمەد” کتێبێکی دووبەرگی قەبارە گەورەی بەناونیشانی “سەما لەسەر گڕکان” لە دوتوێی 1404 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکردەوە. ئەم کتێبە دووبەرگییە دەروازەیەکە بۆ ناسینی بیرمەندی ئەڵمانی فریدریش نیتچە و نووسەر لەم کتێبەدا هەوڵی داوە زۆر لایەنی ژیانی ئەم بیرمەندە بەسەر بکاتەوە.

بەرگی یەکەمی ئەم کتێبە لەژێرناونیشانی لاوەکی “نیتچە و هونەری سەرتاپاگیر”دایە و دەربارەی هەریەک لە چەمکەکانی “شۆڕش، مۆدێرنە، فەلسەفە، سیاسەت و ئیستاتیکا”یە. نووسەر لەم بەرگەدا بە جختکردنەوە دەیەوێت نیتچەی بەر لە سەدەی بیست بە خوێنەر بناسێنێت. واتە ئەوکاتەی نیتچە لە ژیاندا بووە و هەولی داوە بە وردی کار لەسەر ئەو چەمک و ئایدیایانە بکات کە نیتچە لەبەرهەمەکانی خۆدا کاری لەسەر کردوون. بۆ ئەمەش پشتی بەستووە بە بەرهەمەکانی خۆی، واتە کتێبە چاپکراوەکانی، هەروەها ئەو دەستنووس و بەڵگەنامانەی لێی بەجێ ماون. هاوکات ئەو نامانەشی بۆ هاوڕێکانی ناردووە. هەرچی بەرگی دووەمە لەژێر ناونیشانی “نیتچەیزم و سەرهەڵدانی بتەکان”دایە و تەرخانە بۆ بڵاوبوونەوەی فیکریی ئەم بیرمەندە لە سەدەی بیستەمدا و دوای لە دونیا دەرچوونی خۆی و کاریگەرییەکەی لەسەر بیرمەندان و سیاسەتمەدارانی دواتر. نووسەر ئەم بەشەی لەژێر سەردێڕێکی دیکەدا پۆلێن کردووە کە ئەمەیە “لە شپینگلەرەوە بۆ ئالان بادیۆ، لە مۆسۆلینییەوە بۆ دۆناڵد ترەمپ”. نیتچە لەو بیرمەندانەیە کە کاتێ خۆی لە ژیاندا بووە پێشبینی ئەوەی کردووە کە دوای مردنی خۆی کاریگەرییەکانی زیاتر بڵاو دەبنەوە. بۆیە ئەم نووسەرە بەرگی دووەمی تەرخان کردووە بۆ کاریگەرییەکانی ئەم بیرمەندە و ڕەنگدانەوەی فیکریی لەسەدەی بیستدا.
نووسەر سەبارەت بە کتێبەکە دەڵێت: “ئەم کتێبە هەوڵ و ماندووبوونی نزیکەی سێ ساڵ کارکردنی بەردەوام و چڕە و مێژووی فیکر و فەلسەفە و بیری کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و سیاسیی سێ سەد و پەنجا ساڵی ڕابردوو تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ بە وردیی دەپشکنێت و میتۆد و هەوڵێکی تازەشە لە زمان و لێکۆڵینەوەی کوردییدا، یاخود دامەزراندنی ئەپستمۆلۆژیا و میتۆدێکی نوێی لێکۆڵینەوەیە کە ناوم لێناوە «میتۆدی سیاقی بەرفراوانی مێژوویی-فەلسەفیی”.
یەکەمجارە کتێبێک بەم قەبارە گەورەیە و بەم فرە ڕەهەندییە لەسەر ئەم بیرمەندە بە زمانی کوردی بنووسرێت. کتێبەکە دەشێ دەروازەیەکی نوێ بێت بۆ ناسینی نیتچە و کردنەوەی دەلاقەیەک بێت بەڕووی هزری ئەم بیرمەندە کاریگەرەدا کە دوای زیاتر لە 100 ساڵ لە کۆچی دوایی هێشتا جیهان نەیتوانیوە لە کاریگەرییەکانی دەربچێت و بەردەوام کتێبی نوێ و توێژینەوەی نوێ بە زۆرێک لە زمانەکانی دونیا لەسەر دەنووسرێت، کە دەشێ ئەمەش نیشانەی زیندووێتی ئایدیاکانی ئەم بیرمەندە بێت.
دەستخۆشی بۆ پێشڕەو محەمەد و ئەم هەوڵە ناوازەیەی و پلاتفۆڕمی مێرنیڤا بۆ چاپکردنی کتێبەکە.