ئارام كۆشكی – سلێمانی
لە نوێترین کاری وەرگێڕانیدا “ئاواز فاتح جاف”ی وەرگێڕ کتێبی “نامۆبوون، ڕۆشناییەک لە ناوەڕاستی توونێلێکدا” لە نووسینی د. موحسین محەمەد حوسێن-ـە کردووە بە کوردی و لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دوتوێی 224 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
ئەم کتێبە لێکۆلینەوەیەکی چڕ و پڕە سەبارەت بە چەمکی نامۆبوون. نووسەر بۆ توێژینەوەکەی بە ڕیشەکانی ئەم چەمکەدا ڕۆچووە و سەرەتا واتای چەمکەکەی ڕوونکردووەتەوە و دواتر بۆ ڕیشەکانی لە یۆنانی کۆن و شارستانییەتی ڕۆمانی دواتریش ئەدەبیاتی کلاسیکی گەڕاوە. هاوکات بۆ ڕیشەی چەمکەکە لای بیرمەندانی سەدەکانی ناوەڕاست و کەلەپوری ئیسلامیش گەڕاوە. پاش ئەوانیش لەسەردەمی فەیلسووفە مۆدێرن و پۆستمۆدێرنەکانیشدا بۆ واتاکانی ئەم چەمکە کنەوپشکنینی کردووە.
نووسەر لە پیشەکی کتێبەکەدا سەبارەت بەم چەمکە ئەوە دەخاتەڕوو کە “نامۆیی دابڕانە لە دەوروبەرێک، کە هەبوونت لەنێویدا ون دەبێت. لە نامۆبووندا چیتر ئاوێتەی کۆیەک و ئەوی دیکە نابی، کە هەم ئازادیت دەسڕێتەوە و هەم لە خۆ ناسینیشت دوور دەخاتەوە. مرۆڤی نامۆ لە خۆ ون نەبووە، بەڵکو لەلایەن گشتەوە ناناسرێت. نابێتە جەماوەر و ملکەچی نادیاری کۆمەڵایەتی نابێت و لەنێو گشتدا ناتوێتەوە.
ئەم کتێبە بەبێ زیادەڕەوی یەکێکە لە سەرچاوە گرنگ و دەگمەنەکان لەسەر ئەم چەمکە لە کتێبەخانەی کوردیدا و جێگەی دەستخۆشییە کە وەرگێڕ ئەم بەرهەمەی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە.