پ.د.نەزاکەت حسێن
گەشەی تەکنەلۆجیا تا ئێستاش وەک دەستکەوت و گرنگ سەیردەکرێت وبەردەوام بەگەشەسەندن و داھێنانە نوێیەکانی دڵخۆشین، بە ھۆکاری خۆش گوزەرانی و کارئاسانی دەزانین و دڵخۆشین بەوەی بەردەوام ئامێرەکان دادێن کارەکان لەبری ئێمە دەکەن و ئێمە ئیتر وەک مرۆڤ پشوودەدەین. ئەم گەشەیەش لە سەرھەڵدانیەوە نەک تەنها گەشە دەکات، بەڵکو گەشەکانی بەردەوام خێراتر و چەندبارە دەبێت، بۆ نموونە لە شۆڕشی یەكەمی پیشەسازیدا، بەماوەی ۷٠ سال خێرایی ئامێر بۆتە دوو ئەوەندە لەشۆڕشی دووەمدا بەماوەی ٤٠ ساڵ خێرایی بووەتە دوو ھێندە،لەشۆڕشی پیشەسازی سێهەمدا بە ٢٤ مانگ خێرایی گەشە تەکنەلۆجیا بوەتە دووھێندە . لە شۆرشی چوارەمدا راستە ھەر بە ٢٤ مانگ خێرایەكە دەبێتە دوو ئەوەندە، بەڵام دوو ئەوەندەكە ئەوەندە زۆرە مێشكی مرۆڤ تەحەمولی ناكات.ئەم خێراییە لەگەشە تاوەک ئێستاش ھێندە بیر لە زیاترکردنی ئەم خێرایە دەکرێتەوە بیر لەکۆنترۆڵ کردنی نەکراوەتەوە، بێ ئاگابوون لەوەی لەبەرامبەر ئاسانکاری و داھینانکاریەکان بۆ ژیانمان، چ شێوەیەکی تری ژیانمان بۆ بەرھەم دێنن ومرۆڤ چۆن خۆی وندەکات. کەرەنگە وەک پسپۆڕەکان پێشبینی دەکەن ژیان بگاتە ئەوئاستەی بێ مرۆڤ بەردەوام بێت واتە ئامێر شوێنی مرۆڤەکان دەگرێتەوە، و ھەرچی مرۆڤ بتوانێت بیکات ئامێرەکانی تەکنەلۆجیاو زیرەکی دەستکرد لەخۆی باشتر بیکەن، چونکە مرۆڤ شتێکی بەرھەم ھێنا لەخۆی زیرەکتر بوو وکۆنترۆڵی ژیانی خۆی پێ کرد، رەنگە زۆر شت مرۆڤ بەمێژووی ژیانی دژی وەستابیتەوەوە لەناوی بردبێت بەڵام تەکنەلۆجیا و ژیان لەسایەی تەکنەلۆجیا بۆی بەرھەم دێنێتەوە، نموونە دیموکراسیەت و ئازادی، مرۆڤ چەند ژیانی دیسپلین کرابێت و کۆنترۆڵ کرابێت ھەوڵی خۆ رزگارکردن و خۆ ئازادکردنی داوە. بەڵام لەسەردەمی تەکنەلۆجیا و دیجیتاڵی دیکتاتۆریەت خۆی بەرھەم ھێنایەوە کەلەمێژوودا ئەمە نەبووە، ئێستا ژیانمان بە ھۆی ئامێرەکانی تەکنەلۆجیاو کامێراکانی چاودێری و ئامێری مۆبایل وکۆمپیتەری زیرەک کۆنترۆڵ کراوە بێ ئەوەی بەخۆمان بزانین. تا ھەنوکەش کە بەرەو قۆناغی پۆست تەکنەلۆجیا دەڕۆین، تەکنەلۆجیا وا داراێژراوە لەسەرەوە بۆ خوارەوە واتە لەحوکمڕانە سیاسی و سەرمایەدارەکانەوە کۆنترۆڵی ژیان مرۆڤی پێ دەکرێت،نەک مرۆڤەکان کۆنترۆڵی کاری حوکمڕانەکان و سەرمایەدارەکان بکەن، نموونە تائێستا تەکنەلۆجیا فێری کردووین لایک لە ریکلامەکان بکەین نەک کۆنترۆڵی یان دەرخستنی گەندەڵیەکانی پێ بکەین.ئەمە دیکتاتۆریەت بەرھەم ھێنانەوەیە کە ئێستا چەمکی ‘Dیگیتال Dیچتاتۆرسهیپ، واتە دیکتاتۆریەتی دیجیتاڵی بۆ بەکاردێت و باس دەکرێت و توێژینەوەی لەسەردەکرێت. جگە لە بەرھەم ھێنانەوەی سەنتراڵیزم کەلەکۆندا دیکتاتۆرەکان بەکاریان دەھێنا، داتاوزانیاری لای خۆیان کۆنترۆڵ و خەزن دەکرد، ئێستا تەکنەلۆجیا داتاو زانیاریەکانی جارێکی تر سەنتراڵیزم کرد کە لەوتاری پێشووبەناوی ‘کێ دەبێتە ئیمپراتۆری داھاتوی جیهان’ بە درێژی باسم کردبوو، کە ئایندەی ھێز لای ئەوکەس وشوێنەیە زۆرترین داتاوزانیاری لەسەر کەسەکان کۆکردوەتەوە خەزنی کردووە. گرفتەکەش بەتەنها ئەمە نیە بەڵکو لەوەدایە تەکنەلۆجیا چەند زیاتر گەشەبکات زیرەکی زیاتر گەشەدەکات بە بێ ھەست، واتە ھەست دەمرێت جیهانی بێ ھەست دروست دەبێت. لەژیانی مرۆڤایەتی کە ژیانی پێ بەڕێوە بردووە ئەم دووانە Iنتەڵیگەنچەس intelligences and consciousness ‘زیرەکی و ھەست’ پێکەوە ئیشیان کردووە،واتە مرۆڤ خاوەنی ئەم دووانە بووە، چارەسەری گرفتەکانی بەھەردووکیان کردووە، ئێستا تەکنەلۆجیاو ئامێرەکانی زیرەکی دەستکرد بەزیرەکی بەتەنها ئیش دەکەن نەک ھەست. لەمرۆڤ باشتر کێشەکان چارەسەردەکەن بەڵام بە بێ ھەست.ئەمەش بۆژیانی مرۆڤایەتی سەختە،چونکە مرۆڤ کائینێکی کۆمەڵایەتی بەھەستە، لەگەڵ ھەست مامەڵەبکات تا لەگەڵ ئامێری بێ ھەست ئاسودەترە.’فیڵ ئەلباران’، پسپۆری بواری سایکۆلۆژیە لەتوێژینەوەیەکی تایبەت بە’قەیرانی ئاسودەیی لەسەردەمی تەکنەلۆجیا ‘نموونەیەک باس دەکات دەڵێت “جاران کە شتت دەکڕی یان لەفرۆشگا بچوکەکەی گەرەکەکەت یان لە ئۆتۆمبیلە گەرۆکەکان یان دەست گێرەکان، لەکاتی کڕینەکە گفتوگۆیەکی کۆمەڵایەتیش دروست دەبوو،زۆرجار دەبویتە ھاوڕی فرۆشیارەکە تەنها شتی پێ نەدەفرۆشتی بەڵکو رەچاوی ھەست و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوریشتی دەکرد،ئێستا لەئامێرێک یان ئۆنلاین کاڵا یان شمەکەکەت دەکڕیت بەس داتا قسە لەتۆ وەردەگرێت و وەڵامی نیە بۆت،ئەمە مردووییە بۆ ژیانی مرۆڤ”.واتە ئەم پسپۆڕە بەژیانێکی بێ ھەست و مردوو پێناسەی کردووە. جگە لەوەی بەردەوام مرۆڤ دەکەوێتە لا،ئەم مەترسیەش زیاتر بوو کە ئامێرەکانی زیرەکی دەستکرد لەوە بەتەنها نەمان کە کارمان بۆ ئاسان بکەن ولەبری خۆمان ئیشمان بۆبکەن بەڵکو چویە مەیدانی سەربازی و جەنگ و بوە بکوژمان وەک killer robots واتە’رۆبۆتە بکوژەکان بەرھەم ھاتن’ کە بە weapons systems lethal autonomous. واتە سیستمی چەکە بکوژە سەربەخۆکان ناودەبرێت’ وەک درۆن و ئۆتۆمبیلە زەمینیە بێ شۆفێرەکان خۆی دەبینێتەوە، واتە ئامێرە بێ ھەستەکان دەشمان کوژن، کەئەمە ئەوەندە مەترسیە ھەندیک لەوڵاتان قەدەغەی بەکارھێنان و بوونی ئەم جۆرە ئامێرە بکوژانەیان کردووە دەڵێن نابێت ئەڵگۆریزم ھەرگیز بریار لەژیان یان مەرگی ئیمە بدات.
واتە بەرەو ژیانێک دەچین ئەڵگۆریزم و ئامێرەکانی زیرەکی دەستکرد بڕیارمان بۆ بدەن بژین یان بمرین؟ ئەمەش مەترسیە چونکە جیهانێکی بێ ھەست بێ بەزەیی و بەرژەوەندی دوورلەڕەحم وسۆز و ھیچ ئیتیکو پرینسیپێک ویژدان تەحەکوم بەژیان دەکات.