ئەورووپا؛ ساڵانە ١٣٥ملیۆن تۆن خۆراك بەفیڕۆ دەڕوات

لە تەواوی جیهاندا، زیاتر لە ملیارێك مرۆڤ برسیانە و وەكو پێویست سكیان تێر نابێت، كەچی لە هەندێك وڵاتدا ملیۆنان تۆن خۆراك بە فیڕۆ دەڕوات. لە وڵاتانی ئەورووپا، ساڵانە ١٣٥ملیۆن تۆن خۆراك بەفیڕۆ دەڕوات.

بە گوێرەی راپۆرتێكی وەقفی (EU) ی ئەورووپی، تەنیا لە 2022 دا، وڵاتانی ئەورووپا ١٣٥ملیۆن تۆن خۆراكیان بەفیڕۆ داوە، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر15 ملیۆن تەن زیادی كردووە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی وەقفی (EU)، ئەو گەنم و دانەوێڵەیەی ئەورووپا لە ئۆكڕایناوە هاوردەی كردووە، نیوەی بەفیڕۆ دەڕوات و هاووڵاتیان فڕێی دەدەنە ناو تەنەكەی زبڵەوە.

فڕانك ماچیڵسن، سەرۆكی وەقفی (EU)، پێیوایە شتێكی زۆر سكانداڵە كاتێك نرخی خۆراك بەشێوەیەكی بەرچاو لە ئەورووپا زیادی كردووە، كەچی هاووڵاتی بەو رێژە زۆرە خۆراك بەفیڕۆ دەدات و فڕێی دەداتە ناو تەنەكەی زبڵەوە.

ئەو دەڵێت: ”هەلێكی باش هاتووەتە پێش ئەورووپا، تا ٢٠٣٠ بتوانن ئاسایشی خۆراكی خۆیان بپارێزن و لەرێگەی كشتوكاڵەوە بتوانن ئەو خۆراكەی بەفیڕۆ دەڕوات، رێژەكەی بۆ نیوە كەم بكەنەوە، گەر وا نەكەن كارەسات روو دەدات“.

بەگوێرەی زانیارییەكانی رێكخراوی (فاو)ی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، لەدوای جەنگی نێوان ئۆكڕاینا و رووسیا، نرخی خۆراك سەدا٨ زیادی كردووە.

رۆژنامەی (گاردیان) لەسەر زاری عەبدولڕەزا عەباسیان، سەرۆكی پێشووی رێكخراوی فاو بڵاوی كردووەتەوە، ئیدی هەرزانبوونی نرخی خۆراك كۆتایی هات و تەنانەت ئەگەر جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكرایناش كۆتایی بێت، نرخ هەر دانابەزێت.

ئەو دەڵێت: ”پێویست ناكات بۆ گرانی نرخی خۆراك باس لە گۆڕانی كەش و هەوا، یان جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكڕاینا بكەین، تەواو ئیدی نرخی خۆراك هەرگیز وەكوو 10 ساڵ بەر لە ئێستای لێ نایەتەوە“.

وڵاتانی ئەورووپا بەرێژەی سەدا٢٠ خۆراك بەفیرۆ دەدەن، كە ساڵانە دەكاتە ١٤٣ملیار دۆلار، بەو رێژە پارەیەش دەتوانرێت رێژەیەكی بەرچاو مرۆڤ لە برسییەتی رزگار بكرێت.

بەگوێرەی راپۆرتێكی رێكخراوی (فاو)، ئەو بەرهەمە خۆراكیانەی لە تەواوی جیهاندا بەرهەم دێت، سەدا٢٥ بۆ سەدا٣٣، بەفیرۆ دەڕوات، ئەگەر ئەو رێژە خۆراكەی بەفیرۆ دەچێت بە پارە بخەمڵێنرێت، دەكاتە ٩٩٠ملیار دۆلار.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی فاو، لە تەواوی جیهاندا سێ ملیار و ١٠٠ملیۆن مرۆڤ بەشێوەیەكی تەندروست خۆراكیان پێناگات، هەروەها ٨٢٠ملیۆن مرۆڤیش برسین و بەدەست بێخۆراكییەوە دەناڵێنن، بەڵام ئەگەر ئەو خۆراكەی لە وڵاتانی ئەورووپا بەفیرۆ دەچێت بدرێت بەو خەڵكە برسییە، بەڕێژەیەكی بەرچاو رێژەی برسیبوون چارەسەر دەكرێت.

توركیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی، كە ساڵانە حەوت و ملیۆن ٧٠٠هەزار تۆن خۆراك بەفیرۆ دەدات، ئەمەش لە كاتێكدایە كە برسییەتی رووی لەو وڵاتە كردووە.

بەهۆی ئەوەی هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا گەیشتووەتە سەدا٨٠، بۆیە رێژەی بەفیرۆدانی خۆراك لە توركیا بەبەراورد بە ساڵانی پێشووتر كەمتر بووە، بەڵام بەفیرۆدانی خۆراك لەو وڵاتە كۆتایی نەهاتووە.