پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

راگەیەندراوێک لەشانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە (28ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە،  کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆنی و تۆپخانەكانی ئێران.

له‌مباره‌یه‌وه‌ شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگه‌، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: ئەمڕۆ 28ـی ئەیلولی 2022، لەسنوری میحوەری پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە، بەشێک لە سەنگەری پێشمەرگەکانی پارتی ئازادی کوردستان، لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومانکران.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، بۆردومانەکە، بەدوو گەڕ بووە، گەڕی یەکەم کاتژمێر 10:30 خوله‌ك بوو، گەڕی دووەم کاتژمێر 1:30 بوو.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، بەداخەوە لە بۆردومانەکاندا، ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و برینداربوون، هەروەها چەند رۆژنامەنووسێک برینداربوون، لەنێویاندا پەیامنێر و وێنەگری کەناڵی کوردستان 24.

شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگه روونیشیكرده‌وه‌، ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، کە هێزەکانی پێشمەرگە، سەنگەریان لە تیرۆریستان گرتووە و رووبەڕووی ئەو تیرۆریستانە بوونەتەوە، کە بوونەتە بەشێک لە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە گشتی.

داواشدەکەن زۆر بە خێرایی ئەم کارە دزێوانە لەسەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە رابگیرێن.