حوسێن یەزدانپەنا، فەرماندەی هێزەكانی پارتی ئازادی كوردستان (پاک)، دووپاتیکردەوە کە “هێرشی چڕ”ـیان کراوەتەسەر و “زیانی زۆری گیانی”ـیان هەیە.
حوسێن یەزدانپەنا، راگەیاند: زۆر بەچڕی هێرشكرایە سەر بارەگاكانمان لە میحوەری كەركووك لە پردێ و زیانی زۆری گیانیمان هەیە”.
زیاتر گوتی: هێرشەكان لە رێگەی موشەك و درۆنەوە بووە و تا ئێستا هێرشەكان بەردەوامن و مەترسی زۆرمان لەسەرە.
هاوکات ئێران لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو و مووشەک، هێرشی کردە سەر هەر یەک بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لە زڕگوێزەڵە و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی لە کۆیە .
رەزا کەعبی، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند، کەمێک لەمەوبەر بارەگاکانیان لە نزیکەی رێگەی سەرەکی سلێمانی – قەرەداغ کراوتە ئامانج و بەوهۆیەوە بەشێک لە بینا و بارەگاکانیان رووخاون.
بە گوتەی رەزا کەعبی، هیچ زیانێکی گیانی بەر ئەندامەکانیان نەکەوتووە و تیمە تەندروستییەکانی خۆشیان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێک.
رەزا کەعبی دەڵێت “تائیستا هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانی ئیدارەی ناوچەکە هیچ پەیوەندییەکیان پێوە نەکردووین و نازانین شێوازی هێرشکردنە سەر بارەگاکانمان چۆن بووە”.