مانۆڕە‌كە‌ی حە‌لبوسی،وە‌ك پێنوێنی خوێندنە‌وە‌ی قۆناغی داھاتوو

مەشخەڵ كەوڵۆسی

یەكێك لەكێشەكانی كەلتوری سیاسی ئێراق و وڵاتانی ناوچەكەش بەگشتی، ئەوەیە دەستلەكاركێشانەوە لەكاتی قووڵبوونەوەی قەیرانەكاندا، نەك نەبووەتە مۆدیل، بەڵكو بەڕەھایی قووڵبوونەوەی كێشەكان لەئەنجامی قبوڵنەكردنی وازھێنانی زۆرینەی سەركردەكانی ناوچەكەیە.
ئەمە ئەو وێنە نەمەتییەیە كە ھەمووان بەدرێژایی چەندین ساڵ لەگەڵیدا ڕاھاتووین و، ھەرگیز چاوەڕوانی ئەوە ناكەین مۆدیلێكی تازە بێت و ئێراقییەكان بەحوسن و ڕەزای خۆیان لەگەڵی ڕابێن و پیادەی بكەن. درگاكان لەم ڕووەوە تەواو كڵۆم دراون و، مەگەر خودا ڕەحم بە بەندەكانی خۆی بكات، دەنا تاكو چەند سەد ساڵێكی تر ئەم كەلتورە سیاسییە، ھیچ ئەلتەرناتیڤێكی نابێت.
لەم نێوەندەدا، جاروبار جوڵەی غافڵگیرانە دەبینین و، ئەوانەی كەمتر لەزانستدا ڕۆچوون، دەكەونە ھەلهە بەوەی سەركردەكانی ئێراق لەئێمە دیموكراسیترن، ئەھا سەرۆكی پەرمان دەستیلەكاركێشایەوە! ئەھا فڵان وەزیر درایە دادگا!.
جارێ قسەكە لەسەر ئەوەنیە تاكو ئەم چركەیە ھێشتا ھیچ وەزیر و پلە
باڵایەكی ئێراق لەقەفەزی دادگادا نەبینراوە، ئەوەیشی دەگوترێت گوایە دۆسیەیان دەدرێتە دادگا، لە قسەی میدیاكان تێنەپەڕیوەو، بەشێوەیەی كردەیی سزای ھیچ گەندەڵێك لەئێراق نەك نەدراوە، بەڵكو لەم ھەفتەیەدا زۆرترین ژمارەی گەندەڵی لەئێراق تۆماركرا!.
سەبارەت بەدیموكراسی بوونەكەشیان، ھەر ئەوەندە بەسە كە دەبینن،
سەرۆكی پەرلەمان بەئامانجێكی زۆر تایبەتی دەنگۆی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی بڵاوكردەوە.! ئیدی ئەوەبوو بە گەواھیدەر لەسەر پێشكەوتنی سیستەمی سیاسی و ئاماژەی دیموكراسیبوونی ئێراق!. وەك ھەندێك لەمیدیاكار و چالاكوانی ڕیزی شەشەم و حەوتەم لەكوردستان تێیگەیشتن و پێشوازییان لێكرد.
لەڕاستیدا حەلبوسی مانۆڕێكی زیرەكانەی كردووە، ھیچكەس ناتوانێت نكولی لەوە بكات كەلەچركەساتێكدا ئەو ھات باسی دەستلەكاركێشانەوە دەكات، كە ھەموو ئێراق و پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت تەواو ئیفلیج بووە، تاكە دەزگای وڵاتەكە پەرلەمانە كە بەگوێرەی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنەكانی ۲۰۲۱/۱۰ دامەزرێنراوە. ئیتر ھەموو پرۆسەكانی تری پەكیان كەوتووەو ئێراق قەت ڕۆژی
لەمڕۆژە ڕەشتری نەدیوە!.
بۆتێگەیشتن لە مانۆڕەكەی حەلبوسی دەبێت باس لەوە بكەین كەبۆچی لەم چركەیەدا ئەو مانۆڕە دەكات؟ مەبەستی سەرەكی و شاردراوەی لەم ھەنگاوە چییە؟.
بێگومان حەلبوسی دەیتوانی پێشتر، پێش پێكهێنانی “ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت” دەستلەكاربكێشێتەوە. بەڵام نەیكرد. ئێستا كە ئەو ھاوپەیمانێتییە دامەزراوە و ئەگەری پێكهێنانی حكومەت ھەیە، دەبینین دێت و ئیست بەھەنگاوەكە دەكات، لەبەر دوو ئامانجی سەرەكی:
یەكەم: ئەگەر دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەند كرا، ئەوە پەیامێكە بۆ موقتەدا سەدر، پێی دەڵێت: لەبەرانبەر ئەوەی تۆ دەنگ و متمانەت بەمن بەخشی، منیش دوای ڕەوتەكەی تۆ ئامادەنیم لەپەرلەمان بم! دیارە دەستلەكاركێشانەوەكە ئەگەر پەسەندبكرێت، كێشەی گەورە بۆ پرۆسەی سیاسیش دروست دەكات و دەیگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا. موقتەداش ھەر ئەوەی ویستووە كە حكومەت
پێكنەیەت!. حەلبوسی بەشێك لەو شەڕە بۆ موقتەدا دەكات.
دووەم: خۆ ئەگەر دەستلەكاركێشانەوەكەی قبوڵ نەكرا، ئەوا نیشانەی ئەوەیە كە پەرلەمانی نوێ، دیسانەوە متمانەی پێ بەخشیوەتەوە، ئەوەش سەنگ وھێزێكی گەورەی پێدەدات. ھاوكات لەگەڵ موقتەداشدا موجامەلەی خۆی كردووە، بەوەی ویستویەتی وازبهێنێت، بەڵام پەرلەمانتارەكان ڕێگەیان نەداوە!. ئەم مانۆڕەی حەلبوسی پێنوێنێكی باشە بۆ خوێندنەوەی قۆناغی ئایندەی پرۆسەی سیاسی ئێراق. چونكە بەئاشكرا پێمان دەڵێت: پرۆسەكە لەناو پەرلەمانەوە زەبت ناكرێت، بەڵكو ئیقاعەكەی بەدەست كەسێكی ترە و پێویستە ھەمووان موجامەلەی بكەن، ئەگەر لەسەر حسابی پەككەوتنی پرۆسەی سیاسی و دروستكردنی كێشەیەكی تازەتریش بێت بۆ وڵاتەكە! ئەوەیە بەكارھێنانی كۆی كایەكانی وڵات لەپێناوی بەرژەوەندی شەخسیدا. نەزیاتر نەكەمتر.

ھەواڵی زیاتر