حەیدەر عەبدوڵڵا
مێژووی ئێمەی كورد پچڕپچڕ و لێكهەڵبڕاوە، بۆشایی و درزی زل لەنێو قۆناخ و ڕووداوەكانیدا هەن. بۆ ساخبوونەوەی قەوماوێك دەبێ ڕەنجی فەرهاد بکێشین. ئەمە بۆ ڕۆماننووس باشترین هەلە كار لەسەر جەستەی شێواو و ئەنجنئەنجنكراوی مێژووی كورد بكات و كەموكووڕی و ناتەواوییەكانی بە خەیاڵی بەرزی ئەدەبی پڕ بكاتەوە. ڕۆماننووس لە مەیدانی ئەم مێژووە پارچەپارچەكراوەدا، دەتوانێ ڕۆڵی مێژوونووسی دووەم ببینێت و بە خەیاڵی فراوانی ئەدەبی، سنوورە چەقبەستووەكانی بەردەم گێڕانەوە تەخت بكات و مێژوویەكی تازە بۆ نەوەی نوێ بنووسێتەوە.
لەو جێگەیەی كاری مێژوونووس تەواو دەبێ، ئەركی ڕۆماننووس دەست پێ دەكات. قۆناغێك زیندوو دەكاتەوە لە مێژوودا باسی نەكراوە. كەسایەتییەك دروست دەكات، لە دیرۆكدا هەبووە و لەبیر كراوە، یان دەبوو هەبووایە و واقیع نەیهێشتووە دروست بێت. ڕۆمان بەگشتی و ڕۆمانی مێژوویی بەتایبەتی، هەر تەنیا كاریان ئەوە نییە ڕووداوەكانی مێژوو لە بەرگی خەیاڵ هەڵكێشن و لق و پۆپیان هەڵپەردێون، بەڵكو بە وردی لێكیان دەدەنەوە و بە شێوەیەكی دیكە
دەیاننووسنەوە، یان هێندێك جار ئاوەژوویان دەكەنەوە. مێژووی كۆنی كورد، شۆڕشەكانی، ڕووداوەكانی، تا ئێستە تڵخ و ناتەواو گەیشتوونەتە ئێمە. ڕۆمانی مێژوویی دەتوانێ تەواوی ئەمانە بە زمانێكی ئەدەبی دابڕێژێتەوە و گێڕانەوەیەكی جیاواز لە پێشوو بخاتە سەر مێژوو. ئەگەر لە مێژوودا تەنیا سەركەوتن و ئازایەتی نووسرابێتنەوە، ئەوە ڕۆمانی مێژوویی شكست و نسكۆكان زەق دەكاتەوە، نەنگی و لەنگییەكانی واقیعی كەشفنەكراو دەخاتە ڕوو.
ڕۆمانی مێژوویی، لە دیوی یەكەم ڕووداوەكان هەڵناسەنگێنێ، خۆی بە ڕووكەشی ڕووداوەكان ناخەركێنێ، بەڵكو دیوی دووەم دەبێتە چەقی تەتەڵەكردنی هەموو ئەو بابەتانەی وەك پرسیاری بێوەڵام و مەتەڵی ئاڵۆز ماونەتەوە. بەڵێ، مێژوو باسی سەركەوتن و دەركەوتنی سەركردە و دارودەستەكانیان دەكات، لێ هەموو ئەوانەی لە ڕێگەی سەركەوتنی ئەواندا قوربانییان داوە و ڕەنجیان كێشاوە، لەبیر دەكرێن و ناویان لە كولەكەی تەڕیش نایەت. ڕۆمانی مێژوویی، لە چوارچێوەی خەیاڵی ئەدەبی، لە سووچێكی نادیار دێت كار لەسەر منداڵێك دەكات، كە دایك و باوكی بە ناهەق دەكوژرێن و وەك هەتیوێك گەورە دەبێت، دوایی وردەوردە كاری لەسەر دەكات و دەبێ بە باشترین كاراكتەر، مێژوویەكی وای بۆ دروست دەكات زۆر لە هی پاشا و كاربەدەستان جوانتر و لەبارتر بێت، هەر لە ڕێگەی ئەوەوە، چەندان ڕازی نهێنی و نەگوتراوی مێژوو دەدركێنێت.
دەبێ ئەو هەقیقەتە باش بزانین، زۆرجار ڕۆمانی مێژوویی
لە مێژووی نووسراوی سەدان ساڵ ڕاستینەترە، ئەمەیش چونكێ ڕۆماننووس بۆ گێڕانەوەی ڕابردوویەكی دروست، بە دوای بەڵگەنامەی كۆنی مێژوودا دەگەڕێت، كەرستەیەكی هێندە باشی دەست دەكەوێت، تەواوی مێژوو هەڵدەگێڕێتەوە. ڕۆمانی مێژوویی، بە قەد ئەوەی خزمەتی بواری ئەدەبی دەكات، هێندەش خزمەتی مێژوو دەكات و دەیبووژێنێتەوە. ئەوانەی ڕۆمانی “پێشمەرگە”، قەڵای دمدم”، “بەهار هات”، ” ژانی گەل”، ” پاشایان كوشت”، “كەشتیی فریشتەكان” و، ” میرنامە”یان خوێندبێتەوە، بە باشی دركیان بەم هەقیقەتە كردووە. ژمارەی خوێنەرانی ڕۆمانی مێژوویی تا دێت بەرەو هەڵكشان دەچێت، بەڵام هێشتا نووسینی ڕۆمانی مێژوویی
لەنێو كورددا لە قۆناخی سەرەتاییدایە.