د. شوان عەبدولڕەحمان: لەم وەرزەدا خەڵكێکی زۆر تووشی هەڵامەت و كۆكە دەبن

دەرمان بۆ چاودێری تەندروستی زۆر پێویستە و لە زۆر حاڵەتدا ڕزگارکردنی ژیانە؛ کە نەخۆشی یاخود كێشەیەكی تەندروستی هات، دەرمان و چارەسەری پزیشكی پێویستە، بەڵام ئەوەی زۆر كەس هەستی پێ ناكات، هەستیاری بابەتی خواردنی دەرمانەكانە كە دەبێت زۆر بە وردی ڕێنماییەكانی پزیشك جێبەجێ بكرێت و هەڵەی تێدا نەکرێت.

هەڵەی دەرمان کاتێک ڕوو دەدات کە سیستەمی لاوازی دەرمان یان هۆکارە مرۆییەکان وەک ماندووێتی، بارودۆخی خراپی ژینگەیی یان کەم کارمەندی، کاریگەری لەسەر نووسینەوە، دابەشکردن، بەڕێوەبردن و شێوازەکانی چاودێریکردن هەبێت، کە دوایی لەوانەیە ببێتە هۆی زیانێکی توند، کەمئەندامی و تەنانەت مردن.
دكتۆر شوان عەبدولڕەحمان دەرمانسازی كلینیكی دەڵێت: هەموو دەرمانێك شوێنی تایبەتی خۆی هەیە بۆ هەڵگرتن، هەندێك دەرمان هەیە ئەگەر لە (ساردكەرۆک)ـدا هەڵبگیرێت تێك دەچێت، هەندێكیش هەیە ئەگەر لە ژووری ڕووناكدا هەڵبگیرێت پەیرە دەبێت (تێك دەچێت). بۆ هەندێك جۆری دەرمان پێویستە لە ساردكەرۆکدا هەڵبگیرێت، یانیش لە ژوورێكی تاریكدا بێت. ئەمەش لە ڕێنمایی دەرمانەكەدا بە گوێرەی پلەی گەرمییەكەی ئاماژەی پێ دراوە. ئەگەر كەسێكیش زانیاریی نەبوو لەسەر چۆنیەتیی هەڵگرتنی، ئەوا دەتوانێت ڕاوێژ بە پزیشكی دەرمانساز بكات.
دكتۆر شوان عەبدولڕەحمان ڕوونی دەكاتەوە كە پێویستە هەر نەخۆشێك لە كاتی وەرگرتنی دەرماندا پرسیار لە پزیشكی دەرمانساز بكات، بزانێت ئەو دەرمانە تاچەند گونجاوە لەگەڵ جەستەیدا، چونكە ئەوە كاری پزیشكی دەرمانسازە بۆی ڕوون بكاتەوە.
پزیشكان جەخت دەكەنەوە كە زۆربەی هەڵەی دەرمان دەکرێ بە (زانین، پشکنین و، پرسیارکردن) خۆی لێ ببوێری.
د. شوان ڕێنمایی خەڵك دەكەین كە لەم وەرزەدا بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە كە بەشێكی زۆری خەڵك تووشی هەڵامەت و كۆكە دەبن، پەنا نەبەنە بەر هیچ جۆرە حەب و دەرزییەك، چونكە ئەوانە بۆ خۆیان زوو چاك دەبنەوە یانیش لە هەندێك حاڵەتدا دەکرێ “پاراستۆڵ، پرۆفین، ئەنتی ستامین” بە ڕاوێژ بە پزیشك بەكار بهێنن و چاك ببنەوە، هەربۆیە پێویستە خۆیان بەدوور بگرن لە بەكارهێنانی ئەنتی بایۆتیك، جەخت دەكەینەوە ئەگەر ئەیانەوێت لە داهاتووی تەمەنیان تەندروست بن با بەدوور بن لەوەی كە لە خۆیانەوە دەرمان بەكار بێهنن.

ھەواڵی زیاتر