ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ویستی تێکڕای لایەنە کوردستانیەکان بوو

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پێنج ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا تێدەپەڕێت کە لە ٢٥/ ٩/ ٢٠١٧ سەرجەم ناوەندە دیبلۆماسی و سیاسییەکانی جیھانی ھێنایە دەنگ، بەڵام کورد لە بڕیاری سەربەخۆیی پاشگەز نەبوویەوە، بە ھەوڵ و ماندووبوونەکانی سەرۆک بارزانی بڕیاری ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان درا، ٩٣%ی خەڵکی کوردستان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دا، ئێستاش وەکو کارتێکی بەھێز لە دەستی کورددا ماوەتەوە، ھەر کاتێک کورد بیەوێت ئەو کارتە بەرامبەر بە عێراق بەکاردەھێنرێت.

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا کوردستانیان، بە دەنگێکی زوڵاڵ بە جیھانیان گوت، سەربەخۆییمان دەوێ، کوردستانیان، دەڵێن، ئەگەر ئێستاش ریفراندۆم بکرێتەوە، ھەر دەنگیان بە بەڵێ یە بۆ سەربەخۆیی و دەستبەرداری نابن، چونکە تا سەربەخۆ نەبین، بە مافە ڕەواکانی خۆمان ناگەین.
لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٧، ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی پێکھێنرا، ئەو ئەنجوومەنە رۆژی ٢٥ی ئەیلوولی بۆ رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم دیارکرد.
ئەو لایەنانەی لە ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بەشداریان کرد بریتی بوون لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، حزبی زەحمەتکێشان، حزبی شیوعی، حزبی سۆسیالیست، پێکھاتەکان.
١٠ رۆژ پێش ئەنجامدانی لە ١٥/٩/٢٠١٧، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی پەسەند کرد.
بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم قۆناخێکی دیکەی گرنگی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان بوو، بە تایبەت کە ھەموو لایەنەکان پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ پڕۆسەی ریفراندۆم دووپاتکردەوە و بەڵێنیاندا ھەموو تواناکانیان بۆ سەرخستنی ریفراندۆم بخەنەگەڕ.
گرنگی زیاتری بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لەوەدا دەرکەوت، کە نەک تەنیا لە ھەرێمی کوردستان، بەڵکو پرۆسەکە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیشی گرتەوە، بڕیارەکەش پشت بەستوو بوو بە بنەماکانی مافی چارەی خۆنووسین، کە مافێکی دانپێنراوە لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەو پێیەی گەلی کوردستان خاوەن ھەموو تایبەتمەندیەکانی خۆیەتی لەرووی خاک و زمان و کولتوور و مێژوو و شوناس و گشت بنەماکانی پێناساندنی وەکو گەلێک ھەیە، بۆیە بە ھەموو پێوەرەکان مافی ھەیە بڕیار بدات لەسەر چارەنووس و داھاتووی خۆی.
پێکھاتەکانی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کۆدەنگ بوون، ھەر زوو بۆیان دەرکەوت لە داھاتوو مافەکانیان پارێزراوتر دەبێت.
پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، زۆرێک لە وڵاتانی زلھێز و کاریگەر، بە شاندی باڵا سەردانی سەرۆک بارزانییان کرد، بۆ ئەوەی سەرۆک بارزانی لە ئەنجامدانی ریفراندۆم پەشیمان بکەنەوە، بەڵام سەرۆک بارزانی نەیھێشت ئیرادەی گەلی کوردستان بشکێت و ریفراندۆم بە بیانووی جیاجیا ئەنجام نەدرێت.
سەرۆک بارزانی لە گوتارەکانی بانگەشەی ریفراندۆم و لەو دیدارانەشی میدیا ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لەگەڵیان ئەنجام دەدا دەیگوت:” ریفراندۆم مافێکی رەوای گەلی کوردستانە، مافێکی ئاسایی و یاسایی و دەستووری گەلی کوردستانە، پێشێلکردنی دەستوور، تەوافوق، شەراکەت و نانبڕینی خەڵکی کوردستان بوو کە ھانی گەلی کوردستانیدا، ریفراندۆم لەو کاتەدا ئەنجام بدات، ئەگەر دەستوور جێبەجێ کرابایە ھەرگیز عێراق بەو ڕۆژە نەدەگەیشت”.
سەرۆک بارزانی مێژوویەکی زۆری ھەیە لە خەبات و چەندین دەور و زەمانی بینیوە و لەگەڵ ھەلومەرجەکان بڕیاری گونجاوی داوە و دەوری کاریزمای بینیوە لە قۆناغی مێژووی خەباتی گەلەکەمان، ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی بۆ ھەموو گەلی کوردستان و ھەموو جیھان ئاشکرا بوو، کە خەونی بەدەستھێنانی سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانە، سەرۆک بارزانی لە کاتێکی ھەستیاردا تەواوی بەرپرسیارەتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی گرتە ئەستۆ، کە ئەم ھەڵوێستەی سەرۆک بۆ ھەمیشە لە مێژووی کورددا دەمێنێتەوە.
گەلی کورد بڕیاری خۆی دا و ئامادەی ھەموو جۆرە باجێک بوون، کە بەشێک لە وڵاتان دژایەتییان کرد و ھەندێکیشیان بێھەڵوێست بوون، بەڵام عێراق ھێرشی کردە سەر ھەرێمی کوردستان و گوشارەکانیش بە داخستنی فڕۆکەخانە و سنوورەکان و بڕینی قوتی خەڵک، چڕ کرانەوە، دواجار لەبەر ھەستیاریی دۆخەکە، سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ریفراندۆمی سڕ کرد، بەڵام ئەوەی بۆ کورد گرنگە، ئەنجامی ریفراندۆمە، کە بوو بە تاپۆ بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
ریفراندۆم، رووداوێکی مێژوویی بوو بۆ گەلی کوردستان، چونکە گەلی کوردستان زیاتر لە ١٠٠ ساڵە خەبات دەکات، قوربانی دەدات، ھەموو بۆ ئەوە بووە رۆژێک لە رۆژان سەربەخۆ بێت، بۆ ئەو مەبەستە ریفراندۆمی ئەنجامدا، بەڵام خیانەت نەیھێشت کورد بە ئاواتەکانی بگات.
کوردستانیان دەڵێن، راستە پێنج ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم تێدەپەڕێت، بەڵام ھێشتا دڵمان لای ئەوەیە کە رۆژێک بێت ئەو دەنگەی کە داومانە بۆ سەربەخۆیی کاری پێ بکرێت و کوردستان سەربەخۆ بێت، چونکە ئەگەر کوردستان سەربەخۆ بێت، بە مافە رەواکانی خۆمان دەگەین، بۆیە ئێستاش بێ ئۆمێد نەبووینە رۆژێک ھەر دێت لە سایەی سەرۆک بارزانی بە مافە رەواکانی خۆمان دەگەین و دەبینە خاوەن وڵاتی خۆمان.
د. ئاڵان موحسێن، چاودێری سیاسی، بۆ ھەولێر دەڵێت:” گەلی کورد وەک ھەر نەتەوەیەک ڕۆژێکی ھەیە کە بە شانازیەوە باسی دەکات، ئەویش رۆژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانە، ریفراندۆم وەک خاڵی دەسپێکی سەربەخۆیی ئەنجام دا، ریفراندۆم بووە ھۆی گەڕانەوەی شکۆ، شوناس و ئیرادە بۆ خەڵکی کوردستان.
موحسین، دەشڵێ:” لەو رۆژەدا کورد بۆیە رووی لە سندووقەکانی دەنگدان کرد و دەنگی بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دا، چونکە دەزانن تا سەربەخۆ نەبن، بە مافە ڕەواکانی خۆیان ناگەن، بۆیە ریفراندۆم بڕیارێکی راست و دروستی گەلی کوردستان بوو، لە ڕیفراندۆمدا دیار بوو کوردستانیان چەند تامەزرۆی سەربەخۆیین و دەیانەوێ سەربەست و سەرفراز بژین.
ئەسعەد محەمەد، چاودێری سیاسی، بۆ “ھەولێر” گوتی:” ریفراندۆم بووە خاڵی وەرچەرخان و بە ھەموو گەلانی دنیا و نەتەوەکانی ناوچەکەی گوت، کورد داوای دەوڵەتی سەربەخۆ دەکات، بۆیە ریفراندۆم مافێکی دەستووری و بنچینەیی گەلانە بۆ بەدەستھێنانی مافە ڕەواکان لە ڕووی ڕامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، لەرۆژی ریفراندۆم گەل قسەی خۆی کرد و داوای دەوڵەتی سەربەخۆیی کرد، ھەموو پێوەرێکی دەوڵەتبوونمان تێدایە، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، کە سەرۆک بارزانی رێبەرایەتی و جەختی لەسەر ئەنجامدانی دەکردەوە، رووداو و شۆڕشێکی گەورەی نەتەوەیی بوو لە مێژووی گەلی کوردستان و تا ھەتایە کوردستانیەتی کەرکووک و ھەموو ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانی سەلماند.
جەختی لەوەش کردەوە:” بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بڕیارێکی دروستی گەلی کوردستان بوو، بە تایبەت کە ھەر لە درووستبوونی دەوڵەتی عێراق خەباتی کردووە بۆ چەسپاندنی مافەکانی و بۆ پێکەوە ژیانێکی ئاشتییانە لەگەڵ گەلانی دیکەی عێراق و سەرەڕای ئەوەی لە ئەنجامی خەباتی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، چەندین بەڵێن و بەڵگەنامە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە پێشکەش کراون، بەڵام لە ئەنجامدا ھەموویان پێشێلکراون و پشتگوێ خراون و وەڵامی داواکارییەکان بۆ گەیشتن بە مافە رەواکان بە ئاگر و ئاسن دراونەتەوە، گەلی کورد تووشی نەھامەتی زۆر ھاتووە وەک جینۆسایدکردن لەژێر ناوی ئەنفال و راگواستن و نیشتەجێکردنی زۆرەملێ، خاپوورکردنی گوند و ئاواییەکان و ژێرخانی ئابووری، و بەکارھێنانی گازی ژەھراوی قەدەغەکراو لە دژی خەلکی سیڤیل، بۆیە پرۆسەی ریفراندۆم، پرۆسەیەکی مێژوویی بوو لە مێژووی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا و کوردیش لە پێش ھەموو دونیا بە شێوەیەکی دیموکراسیانە و لە نێو ھەناوی رۆژھەڵاتی ناویندا داوای مافی رەوای خۆی کرد”.

ھەواڵی زیاتر