هەوڵی بەلاڕێدابردنی پڕۆژەیەکی گرینگی پێوەندیدار بە توندوتیژیی خێزان و ئافرەت دەدرێ

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان و ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان لە چەند رۆژی رابردوودا زۆرترین مشتومڕ و باسی لە نێو میدیاکان و کۆڕ و کۆمەڵەکان هێناوەتە کایەوە و بووەتە یەکێک لە مژارەکانی رۆژی هەرێمی کوردستان، حکوومەت بە هاوکاری پەرلەمان لە هەوڵی ئەوە دایە بە رێزگرتن لە بنەماکانی ئایین توندوتیژی خێزانی بە تایبەت توندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان کەم بکاتەوە و بە یاسا رێکی بخات بەڵام هەندێک کەس و لایەن بە ورووژاندنی هەستی ئایینی هەوڵی بەلاڕێدابردنی پڕۆژەکە دەدەن و لە جیاتی چارەسەرکردنی کەم و کورتییەکان دەخوازن لە بایەخی کەم بکەنەوە.

هەفتەی رابردوو پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنی ژماره‌ دووی ئاسایی خولی پایزه‌ی ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو. بڕگه‌ی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌، كه‌ بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان و ئافرەت لە هەرێمی كوردستان، راپۆرتی لێژنه‌ی داكۆكیكردن له‌ مافی ئافره‌ت، كه ‌له‌لایه‌ن لێژنه‌ی كاروباری یاساییه‌وه وردبینی بۆ كرابوو، به‌ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كرایه بنه‌ما بۆ گفتوگۆكردن.
لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکەم، هه‌ریه‌ك‌ له‌ رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دکتور ڤالا فه‌رید، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان و دکتور خانزاد ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان ئاماده‌ی بوون، له ‌لایه‌ن ‌لێژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌، ‌ناونیشان و ماده به ماده ‌و بڕگه به بڕگه‌ی راپۆرته‌كه ‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێشنیازەیاساكه خوێندرانه‌وه و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش سه‌رنج و تێبینیی خۆیان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ماده‌ و بڕگه‌كان خسته‌ڕوو و چه‌ندان پێشنیازیشیان به‌مه‌به‌ستی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی پێشنیازه‌یاساكه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاتری ماده و بڕگه‌كانی راپۆرته‌كه خسته‌ به‌رده‌م لێژنه‌ی هاوبه‌ش.
پێشنیازه‌یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان و ئافرەت، له‌ ١٤مادده‌ و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێكهاتووه‌، مه‌به‌ست له‌ ده‌رچوواندنیشی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌یه‌ كه‌ له‌میانی جێبه‌جێكردنی یاسای به‌ره‌نگاربوونەوه‌ی خێزان له‌ توندوتیژی، ژماره‌ (٨)ی ساڵی ٢٠١١ هاتۆته‌ ئاراوه‌.

ڕەخنەکانی سەر پرۆژە یاساکە
لە درێژەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ پرسی تاوتوێکردنی بڕگە و مادەکانی ئەو پێشنیازە یاسایە ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران رەخنەیان لە هەندێک چەمک و شێوازی داڕشتنی پڕۆژەکە گرت و پێیان باش بوو هەندێک وشە و دەستەواژەی جیاوازی ناو پێشنیازەیاساکە بگۆڕدرێن، یەکێک لەو بابەتانەی کە پێداگری لەسەر کرا ئەوە بوو توندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان بگۆڕدرێت بۆ توندوتیژی خێزانی چونکە راستە لە خێزاندا زۆرترین توندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان دەکرێت بەڵام ئەندامانی تری خێزانیش توندوتیژییان بەرانبەر دەکرێ و دەبێ بە یەکسانی بەرگری لە مافی سەرجەمیان بکرێت.
یەکێک لەو بابەتانەی ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران پێداگرییان لەسەری کرد ئەوە بوو پڕۆژەکە بە شێوەیەک بنووسرێت کە لەگەڵ بنەما کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکانی کورد و تایبەتمەندیی خێزان سازگار بێت و وەرگێڕانی ئەو یاسایانە نەبێت کە لە رۆژئاوا بۆ پارێزگاریکردن لە خێزان و بنبڕکردنی توندوتیژی دانراوە، چونکە نەهێشتنی توندوتیژییەکان دەبێت بە شێوەیەک بێت کە لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی یەک بگرێتەوە و دواجار ببێتە پتەوکردنی خێزان نەک زیاتر تێکدانی شیرازەی خێزان.
ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران هەوڵیان دا بابەتەکە بەلارێدا بەرن و پێیان وایە نابێت ئەو پرسە هەر باس بکرێت و لە کوردستان کێشە و ئارێشەی تر هەن تا چارەسەر بکرێن و بەم شێوەیە ناراستەوخۆ هاوڕابوون لە بەردەوامیدان بە توندوتیژییەکانی خێزان.
بەشێکی تر لە پەرلەمانتاران بۆ خۆدەرخستن و راکێشانی سەرنجی جەماوەر و لایەنگران بە شێوەیەکی عاتیفی لە پرسەکە دوان و هەوڵ درا بە ناوی داکۆکیکردن لە بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام پڕۆژەکە پەک بخەن و رێگری لە دەرچوواندنی یاسای هاوشێوە بکەن.
کەم نەبوون ئەو پەرلەمانتارانەش کە بە تێڕوانینی خۆیان وێڕای ئاماژەکردن بە هەندێک لە کەم و کورتییەکانی پێشنیازەیاساکە هەوڵیان دا دەوڵەمەندتری بکەن و بیکەن بە پڕۆژەیەکی دەوڵەمەند کە دواجار لە خزمەتی ئەوە دابێت توندوتیژییەکانی خێزان بە تایبەتی توندوتیژی بەرانبەر ژنان کەم بکرێتەوە و تەنانەت نەهێڵرێت.
دکتور رێبەر ئەحمەد، وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، روونكردنه‌وه‌ی پێویستی له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینی و مه‌ترسییه‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌سه‌ر مادده‌ و بڕگه‌كانی پێشنیازه‌یاساكه‌ خسته‌ڕوو و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشی دڵنیاكرده‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ست له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خێزان له‌ توندوتیژی، كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاماده‌ كراوه‌ و ئه‌وانیش وه‌كو حكوومه‌تی هه‌رێم پشتیوانیی لێ ده‌كه‌ن، له‌ ئه‌نجامی بوونی كه‌موكوڕی بووه‌ له‌و یاسا به‌ركارانه‌ی كه‌ هه‌ن، هه‌روه‌ها بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ و پاراستنی شیرازه‌ی خێزانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و وه‌كو حكوومه‌تی هه‌رێمیش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هیچ مادده‌ و بڕگه‌یه‌كی ئه‌و پێشنیازه‌یاسایه‌دا نین كه‌ دژی بنه‌ما شه‌رعییه‌كانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت.
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی ”راستە پڕۆژەکە لەسەر توندوتیژیی خێزانە بەڵام ٩٨%ی پێوەندیدارە بە توندوتیژی بەرانبەر ئافرەت. ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالار دەژین و ئایینی ئیسلامیش ئەوە رەت دەکاتەوە و رەفتاری ئێمە مانانە کە وای نیشان دەدات پیاو بەهێزە و ژن لاوازە، لە کاتێکدا ئافرەت هەبووە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد رۆڵی سەرکردایەتی بینیوە، پێشمەرگەکان پەروەردەی دەستی ئافرەت بوون و بەشداریش بوون لە خەبات و نابێت بە چاوی کەم سەیر بکرێن.”
ئەو لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی ئافرەت هەندێک بەڵگەی خستە روو و گوتی هەفتەیەک لە بنکەیەکی سکاڵای هێڵی گەرمی وەزارەتی ناوخۆ دابنیشیت بۆتان دەردەکەوێت ٩٩%ی سکاڵاکەرەکان ئافرەتن و سکاڵا دەکەن، رەنگە پرسیار بکرێ بۆچی جاران سکاڵا نەبوو، هۆکارەکە ئەوەیە جاران تەلەفوون نەبوو و ئاستی گوزەرانی خەڵک جیاواز بوو، ئەگەر کەمتر باسی کوشتنی ئافرەت دەکرا بۆ ئەوە دەگەڕایەوە هۆیەکانی پێوەندی نەبوو.

پرۆژە یاساکە پاڵپشتی بنەماکانی ئایینە
لە بەشێکی تری وەڵامەکانی وەزیری ناوخۆ هاتووە ئایینی ئیسلام دەڵێ دەبێ ئەوپەڕی رێز لە ئافرەت بگیرێت، بەڵام هەندێک نەفام بێڕێزی پێ دەکەن. ئیسلام پلە و پایەی بەرزی بۆ ئافرەت داناوە و بە کۆڵەکەی سەرەکی خێزان دەستنیشان کراوە کەچی هەندێک لەو بایەخە کەم دەکەنەوە. ئەو گلەیی لە هەندێک پەرلەمانتار کرد کە لایەنە باشەکەی پێشنیازەیاساکە نابینن و هەندێک کەم و کورتی زەق دەکەنەوە و وا نیشانی دەدەن بە دەرکردنی یاسای لەم شێوەیە خێزان تێک دەچێت، بەڵام دەبێ بزانن ئەوانەی خۆیان دەکوژن و خۆیان دەسووتێنن وناچار بەوە دەکرێن، ٩٩%یان ئافرەتن.
وەزیری ناوخۆ سەرسوڕمانی خۆی لە هەڵوێستی هەندێک پەرلەمانتار راگەیاند کە لە کاتی خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاساکە هەندێک بابەتی نوێ دەورووژێنن و کێشەکە گەورە دەکەنەوە لە کاتێکدا پێشتر ئەم پڕۆژەیە لای لیژنە پێوەندیدارەکان بووە و وۆرکشۆپ و مشتومڕی جیاوازی بۆ کراوە و هەمان ئەو پەرلەمانتارانە ئەو کات بێدەنگ بوون کەچی ئێستا دەنگیان لێ بەرز بووەتەوە.

ئافرەت لە دەرەوەی خێزانیش توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت
ئەو بیری پەرلەمانتارانی هێنایەوە کە ئافرەت لە کوردستان لەسەر پێکەنینێکی زۆر بەریئانە کوژراوە، لەسەر مەسجێک کوژراوە. جگە لەمە توندوتیژی بەرانبەر بە ئافرەت تەنیا لە ناو خێزاندا نییە بەڵکوو لە دەرەوەی خێزانیش توندوتیژی بەرانبەر دەکرێت، لە فەرمانگەکان هەوڵ دراوە ئیستغلالی ئافرەت بکرێت، باشە ئەمە چ پێوەندییەکی بە خێزانەوە هەیە، دەبێ واقعبین بن بەرانبەر دۆخەکە، هەندێک کەس بە دەربڕینەکانیان بەهۆی ئەو یاسایە باس لە هەڵوەشاندنەوەی خێزان دەکەن، بەڵام لە چ شوێنێکی پڕۆژەکە باسی ئەوە کراوە، هیچ دەقێکی ئایینی نییە باس لە چەوساندنەوەی ئافرەتان بکات و دەقەکان بۆ پاڵپشتیکردنن لە ئافرەتان، بەڵام بۆچی سوود لەو دەقانە وەرنەگیرێت بۆ پاراستنی مافی ئافرەت، ئەمە دروست نییە رەفتار و نەریتی خراپی مرۆڤ بەرانبەر ئافرەت گرێ بدەین بە دەقە ئاینییەکان، ئەو یاسایانە بۆ راستکردنەوەی رەفتاری مرۆڤەکانە، نەک بۆ گۆڕینی بنەماکانی ئایین.

هەڕەشەکانی سەر ئافرەتان
هەروەها لە بەشێکی تری وەڵامەکانیدا وەزیری ناوخۆ باسی لەوە کرد کە لە کوردستان تەعەدا لە ژن دەکرێ و بۆیەش دەیانەوێت بە یاسا ئەو سنوورە بەرتەسک بکەنەوە و ئەو هەڕەشانە لەسەر ئافرەتان کەم بکەنەوە، بۆ پرسی یەکسانی لەگەڵ ئەوەدا نین هەموو بنەماکانی ئیسلام وەلاوە بنێن بەڵام بە پێویستی دەزانن دەرفەتی یەکسان بخرێتە بەردەم ئافرەت و پیاو بۆ مەبەستەکانی خوێندن و کارکردن و هاوسەرگیری، مەبەستەکە ئەوە نییە کچێک سەعات ١٢ و نیوی شەو بێتەوە ماڵ و باوکی بۆی نەبێ پێی بڵێ لە کوێ بووی، یان کوڕێک لە کافتریا دابنیشێت هەر خۆی یاسا رێ بە خوارووی ١٨ ساڵ نادات لەم شوێنانە دانیشێت. ئەو داوای لە پەرلەمانتاران کرد کۆمەڵگە هیدایەت بکەن بۆ ئاراستەیەکی دروست و هاوکار بن بۆ سەرخستنی پڕۆژەیەکی تۆکمە بۆپاراستنی مافەکانی مرۆڤ.
وەزیری ناوخۆ تێبینی بەشێک لە پەرلەمانتارانی بە گرینگ وەسف کرد و پێی باش بوو بەشێک لە دەستەواژەکان دەستکاری بکرێن و پڕۆژەکە دەولەمەند بکرێ و بخرێتە خزمەتی پێشخستنی کۆمەڵگا و کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان.

ھەواڵی زیاتر