هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 15, 2024

دووەمین فیستیڤاڵی فۆتۆگرافی بۆ سەرجەم فۆتۆگرافەرانی کوردستان لە سلێمانی دەکرێتەوە

بڕیارە ڕۆژانی 7 ی تشرینی دووەم تا 10ی مانگ دووەمین فیستیڤاڵی فۆتۆگرافی بۆ سەرجەم فۆتۆگرافەرانی کوردستان لە لایەن ناوەندی حەوت ڕەنگەوە لە سلێمانی بکرێتەوە.

بەڕێوەبەری ناوەندی حەوت ڕەنگە “بەختیار سەعید” بە “هەولێر”ی گوت: فیستیڤاڵەکە بۆ سەرجەم فۆتۆگرافەرانی کوردستانە و بەشداربووان ئاستی کوردستان تێیدا بەشدارن. باس لەوەش کرد کە ” 92 کاری فۆتۆگرافی بۆ پێشانگە نێردراوە و لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە و لە دواجاردا 82 کاری فۆتۆگرافی قەبوڵ کراوە. سەبارەت بەو بوارانەی کە فۆتۆکانی تێدا قەبوڵ کراوە “بەختیار سەعید” ئەوەی خستەڕوو کە لە پێنج بواری جیاوازدا فۆتۆ وەرگراوە و بوارەکان پێکهاتوون لە (فۆتۆستۆری، پۆترێت، شەو، ستریت و سروشت). سەبارەت بە خەڵاتەکانی فیستیڤاڵەکەش ئەوەی خستەڕوو کە دە خەڵات تەرخان کراوە بۆ ئەو پێنج بوارە و لە هەر بوارێکدا (یەکەم و دووەم) خەڵات دەکرێتة کە خەڵاتەکە بڕە پارەیەکە. ئەمە بێجگە لەوەی کە چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانیش دەدرێت بە بەشداربوان.
بەختیار سەعید وردەکاری زیاتری فیسڤاڵەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: فیستیڤاڵەکە تەنها بۆ نمایشکردنی فۆتۆ نییە، بەڵکو چەند چالاکییەکی دیکە لە خۆ دەگرێت کە پێکهاتووە لە سێ وۆرکشۆپی فۆتۆگرافی کەلەلایەن کەسانی شارەزاوە پێشکەش دەکرێن. هەروەها دەلیلێک چاپ دەکرێت بۆ کارەکانی نێو پێشانگەکە و ئەمە بێجگە لەوەی یەکەم ژمارەی گۆڤارێکی فۆتۆگرافی تایبەت چاپ دەکرێت و رۆژنامەیەکی تایبەتیش بڵاو دەکرێتەوە.
سەرجەم چالاکییەکانی فیستیڤاڵەکە لە هۆڵی چالاکییەکانی ئەمنە سوورەکە دەبێت و بڕیارە چوار ڕۆژ بەردەوام بێت.
ناوەندی حەوت ڕەنگە، ناوەندێکی هونەریی و کولتورییە لە شاری سلێمانی و ئامانجی ڕێکخستن و سازدانی فیستڤاڵ و چالاکی هونەرییە لەسەرتاسەری کوردستان و بنکەی سەرەکی لە شاری سلێمانییە.