پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە‌ڕیفراندۆمی پیرۆزدا،مە‌سعود بارزانی چی گۆڕیی؟

مەشخەڵ كەوڵۆسی

هیچ گومان لەوەدانیە كە پرۆسەی ئازادبوونی نەتەوەیەكی وەكو كورد كە زیاتر لە ٢٧٠٠ ساڵە لەژێر چنگاڵ و چەپۆكی داگیركەردا بووە، پرۆسەیەكی یەكجار زۆر سەخت و كەمەرشكێن و، تاقەتپڕوكێن و درێژخایەنە. بەجۆرێك ماقووڵ نیە چاوەڕوان بیت سەدان نەوە لەژێر دەستی داگیركەر پەروەردە بووبن و، داگیركەر بەرنامەڕێژی مێشك و پەروەردەیانی كردبێت، داگیركەر ئەبجەدیاتی بیركردنەوەی بۆ دانابن، داگیركەر بەمیتۆدی خۆی پڕۆگرامی خوێندنی بۆ دیاریكردبن و لەبەرژەوەندی ئەو كەسایەتییان دروستكرابێت، ئێستا بە كونفەیەكونێك و لەماوەی چەند ساڵێكی كەمدا، بگۆڕێن و ببنە مرۆڤگەلێك كە هەمووان پێكەوە بەیەك ڕیتم و بەیەك ئاراستە و بەیەك گوڕ داوای ئازادی و دەرچوون لەژێر چنگاڵی داگیركەر بكەن.
دوو هەزار ساڵە نەتەوەی كورد تێكدەشكێنرێت و دەكرێتە تۆزی دەم با. دوو هەزار ساڵە، داگیركەران كار لەسەر سڕینەوەی شوناسی ئەم نەتەوەیە دەكەن.
كاركردنەكە بەجۆێك بەرنامەدارو كاریگەر و فرەلك و قووڵ بووە، تەنانەت زۆرینەی هەرە زۆری خەڵك لەكاتی شۆڕشكردنیشدا، لەچركەساتی گیانفیدایی پێشمەرگانەیاندا، شەڕەكەیان بۆ ئەوەبووە وەك هاووڵاتی وڵاتانی داگیركەری كوردستان قبوڵ بكرێن!.
یانی شۆڕشەكانی كورد هەرگیز بۆ ئەوە نەبوون كە كورد ناڕازی بووبێت بەوەی دەوڵەتێك هاتووە ماف و خاك و شوناسی ئەوی داگیركردووە. بەڵكو بۆ ئەوەبووە كە بەهاووڵاتی وڵاتە داگیركەرەكە قبوڵ بكرێن و مافەكانیان لەچوارچێوەی ئەو قەفەزەدا كە
بۆ دابین بكرێت!.
تەنانەت پەكەكەش كە ئاڵوگۆڕێكی لەدنیابینی حیزبی كوردی دروستكرد و بەرەو ئینتەرناسیۆنالیستی ڕۆشت، نەیتوانی ئەو گرێ سەختە تێپەڕێنێت و ئەسڵەن نەیویست لەڕوویەكی نەتەوەییەوە تەجەلا بكات و بەڕوونی داكۆكی لەوە بكات كە ئەم نەتەوەیە، كێشەكەی ئەوە نیە كەمافەكانی لەناو دەوڵەتانی داگیركەردا دابین نەكراوە، بەڵكو كێشەكە ئەوەیە كەهەر لەسەرەتاوە بێبەشكراوە لەمافی هەبوونی دەوڵەت و دروستكردنی كەسایەتی نەتەوەیی خۆی!.
ئەم كێشەیە، دەرونی و پەروەردەیی و فەرهەنگیی زۆر قووڵە، دەستی هەیە لەهەموو شكستەكانی كورددا، دەستی هەیە لە یەكەم هەناسەدانی مرۆڤی كورد دا، تاكو دوا هەناسەیی و، ئێمە ناتوانین بەیەك وتاری بچوك و كورد هەقی خۆی پێ بدەین. بەڵام ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە: ڕیفراندۆم بۆیە گرنگ بوو، چونكە دەرچوون بوو لەو
مەئلوفەی مێژووی كورد و كەسایەتی مرۆڤی كوردی لەتانوپۆدا داگیركردووە!.
كورد لەڕیفراندۆمدا جیاواز دەركەوت. تەواوی مێژوو بگەڕێ، چركەساتێكی وای تێدا نابینین كە كورد بگەڕێتەوە بۆ شوناسی خۆی و بۆ تەعبیركردن لەخەیاڵە سیاسییەكانی. هەربۆیە لەڕیفراندۆمدا، مەسعود بارزانی ئەركی زۆر سەخت بوو، چونكە لەیەك كاتدا، بەرەنگاری بەرەیەكی ناڕازی ناوچەیی و جیهانی دەبووەوە، لەلایەكی تریشەو دەیویست بەو دەم و دەستە، مرۆڤی كورد لەو هەموو شكستە مێژووییە دەربكات و بیخاتە سەرپێ و وایان لێ بكات داوای دەوڵەت بكەن!.
بۆیە كاتێ سەیری قەبارەی ڕێگرییەكان دەكەین، سەیری زنجیرەی مێژوویی دروستبوونی كەسایەتی كورد ئەكەین، تێدەگەین مەسعود بارزانی لەخودی خۆیدا تەجاوزی ئەو وێنە نەمەتییەی كرد كە كەسایەتی كوردی پێوە ناسراوە!. سەیرە سەركردەیەك لەكورددا پەیدا ببێت، بەو هەموو شكستەی كوردەوە، بەرەو ڕووی جیهان ڕاوەستێت و بڵێت: ئێمە دەوڵەتمان دەوێت!.
داگیركەران كوردستانیش، قەت لەو بڕوایەدا نەبوون سەركردەیەكی كورد گەشتبێتە ڕوشدێكی وەها، كە بەرانبەر مێژوویەك لەشكست هەڵسێتەوەو بەرگەی ئەو هەموو فشارە بگرێت و چۆك دانەدا. چونكە ئەوان وا ڕاهاتوون كە كورد ناتوانێ لە فەرمانی بچوكترین فەرمانبەری ئەوان دەرچێت! ئەوەش بۆ داگیركەرانی كوردستان شۆكهێنەر بوو، موفارەقەی مێژوویی بوو، كاتێ سەركردەیەكی كورد دروست دەبێت و دەڵێت: هێندە حساب بۆ یەك بەشەر ناكەین!.
لەڕیفراندۆم ئەركی بارزانی قورستتر بوو لە هەموو ڕابەرەكانی سەربەخۆیی نەتەوەكانی تر. چونكە لێرە بەتەنها فشارەكان دەرەكی نەبوون، بەڵكو ڕووبەڕووبوونەوەی ناخی تێكشكاوی هەزاران ساڵەی مرۆڤی كورد، كە خۆی بە شایستەی دەوڵەت نازانێت، گاڵتەی بەهەموو باسو خواسێكی دەوڵەت دێت، قورستر و سەختتربوو، لەڕووبەڕوو بوونەوەی هەموو فشارە دەرەكییەكان.
لەڕیفراندۆمی پیرۆز، بارزانی ئەو وێنە نەمەتییەی كوردی گۆڕی، ئاوێكی ڕشت، كە ئیدی لەچاوی داگیركەراندا كورد وێنەیەكی تری هەیە، كورد عەبدە گوێڕایەڵەكەی بچوكترین فەرمانبەری ئەوان نیە، ئیتر ئەوان دڵنیانین لەوەی كورد گەمژەیە و خەیاڵی سیاسی بچوكە و بە دوو كیلۆ برنجی بایەعی ڕازی دەكرێت وخەیاڵی گەورەی نیە! ئەقڵی كوردی گۆڕی كەلەبری خۆ هیاككردن لەڕێچكە بچوكەكاندا، لەشاڕێگەی سەربەخۆیی و ڕزگاری یە‌ كجارەكیدا خەبات بكەن، ئەگەرچی ڕێگەكە درێژە، بەڵام سەركەوتنی مسۆگەرە!.