ئومێد محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، لە دیدارێکدا لەگەڵ “هەولێر” دەڵێ، ئەنجوومەنی وەزیران، وەکو دەرفەتێک بۆ هاوبەشانی کارەبا کە قەرزدارن، بە رێژەی 15% بڕیاری لێخۆش بوونیان بۆ دەر کردووە، ئەوەش بڕیارێکی باشە و هاووڵاتییەکی زۆر سوودمەند دەبن. دەشڵێ، لە کۆی ملیۆنێک و 700 هەزار هاوبەشی کارەبا، تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار پێوەر بەستراون، کە دەکاتە 70%ی هاوبەشانی کارەبا.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، دەڵێ:” بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە، وەکو دەرفەتێک بۆ هاوبەشانی کارەبا کە قەرزدارن، بە رێژەی 15% بڕیاری لێخۆش بوونیان بۆ دەر کردووە، دەرفەتەکەش دوو مانگە ماوەیەکی کەم نیە. بۆیە دەرفەتێکی باشە، بۆ ئەوەی هاوبەشانی کارەبا لەو ماوەیەدا قەرزەکانیان بدەنەوە، ئەگەر کەسێک ملیۆنێک دینار قەرز دار بێت 150 هەزار دیناری بۆ دەگەڕێتەوە، ئەمە ژمارەیەکی گەورەیە، هەتا کەسەکە قەرزەکەی زۆرتر بێت، پارەیەکی زیاتری بۆ دەگەرێتەوە، جگە لەوەی هیچ قەرزێکی لا نامێنێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین بە دەم ئەو داواکارییەوە بێن و قەرزەکانیان بدەنەوە.
ئومێد محەمەد، دەشڵێ:” بۆ ڕێگریکردن لە سەرپێچییەکانی کارەبا، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە، پێوەری زیرەکی کارەبا لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم دابندرێت، پڕۆسەی بەستنی پێوەری زیرەک وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت و لە کۆی یەک ملیۆن و 700 هەزار هاوبەشی کارەبا، کە رۆژانە ژمارەی هاوبەشانی کارەبا لە زیادبووندایە، تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار پێوەر بەستراون، کە دەکاتە 70%ی هاوبەشانی کارەبا.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، ئاشکراشی کرد:” تا کۆتایی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو پێویستە بەپێی ئەو بەرنامەی کە دامان ناوە تەواوی هاوبەشانی کارەبا پێوەری زیرەکیان هەبێت، ئەو پێوەرە بە شێوەیەکی پێشکەوتوو یەکەکانی کارەبا دەخوێنێتەوە و زێدەڕۆییەکانی سەر کارەبا ناهێڵێت و کێشەکانی کارەبا چارە دەکات.
ئومێد محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، روونیشیکردەوە:” هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان تڕلیۆنێک و 300 ملیار دینار قەرزدارن، کە دەکاتە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار”.