قادر ژەوان
كێ وەكو تۆ بۆ من
هەگبەی سینگی لێوان لێو
لە میهر و
ملوانكەی سۆزی
پێم بەخشیوە
كێ وەكو تۆ چارشێوی ئابڕومەندێتی
بەسەر جەستەی
شەرمەزاریما پۆشیوە
كێ وەكو تۆ بۆ من
لە بوونی سرووشتا
ئازار و ژانی گرتووە و
ئاوی سەرچاوەی هێمنی
بەسەر جەستەما نۆشیوە
كێ وەكو تۆ
لە ژێر پێی
تەوژمی سەرما و
رەهێڵەی زستانا
جەستەی بۆتە شەختە و تەزیوە!!
كێ وەكو تۆ، بۆ من!
بەگژ شەوە زەنگاندا
چۆتەوە و
لە ژوانی تار و نوتەكدا …
ئۆقرەی گرتووە و نەبەزیوە،
ئەی چۆن دەبێ
منیش …
پاداشت و دیاری دەستم
چەپگێ گوڵاڵەی سووری
نێو باخی ئەوینم نەبێ و
كەشكۆڵی …
پایزە خەمت
بۆ هەڵنەگرم
ئەی چۆن…
لە رێی سەرفرازی و
شایستەتا …
پێكی تاڵی هەڵنەدەم و
ژیلەو گڕی هەردەم نەگرم.