شاخه‌وان عه‌لی حه‌مه‌د مامۆكی
دایك و باوك چاوساغ و ڕێنیشانده‌ری مناڵیانن، ئه‌گه‌ر به په‌روه‌رده‌یه‌كی چاك و باش گۆش كرا ئه‌وه كه گه‌وره بوو خۆی ناسی، به موو له ڕێچكه و وێستگه و به‌رنامه‌ی ئه‌و په‌روه‌رده‌یه لا نادات و متووی پێوه ده‌گرێ، خۆ ئه‌گه‌ر به سه‌قه‌تی، بهڤخواروخێچی په‌روه‌رده كرا، ئه‌وه له‌سه‌ر ئاوازی هه‌مان ڕیتم درێژه به ژیان ده‌دات و داهاتوویه‌كی تاریك و ناڕوون و ئیفلیجی ده‌بێ.
ئیمامی غه‌زالی ده‌ڵێت: منداڵ له ناوه‌رۆكی سروشتی‌دا قابیلیەتی گۆڕانی هه‌یه چ به لای خێردا و چ به لای شه‌ڕدا؛ دایك و باوك به لایه‌كیاندا ده‌خه‌ن.
توێژینه‌وه‌كان ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه منداڵ به‌پێی قۆناغ و ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی گوزه‌ری تێدا ده‌كات، پێویستی و داواكاری تایبه‌ت به خۆی هه‌یه ده‌بێ حه‌ز و خولیاكانی فه‌راهه‌م و تێر بكرێ، ئه‌وه‌یش كه‌م تا زۆر له ژینگه‌یه‌كه‌وه بۆ ژینگه‌یه‌كی دیكه له هه‌ڵكشان و داكشاندایه و له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی تر ده‌گۆڕێ و ئه‌وه بارودۆخه‌كه‌یه بڕیار له‌سه‌ر داخوازیه‌كانی ده‌دات.
هه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر ههڵوەسته له‌سه‌ر ته‌مه‌ن بكه‌ین و به دیاریكراوی ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نی 7 تا 14 ساڵان بخه‌ینه به‌ر نه‌شته‌ری قسه‌وباس، ئه‌وه دوو ئاراسته‌ی دژه‌باو خۆی قوت ده‌كاته‌وه كه هه‌ر یه‌كه‌یان به پاساوی جۆراوجۆر و به‌ڵگه‌ی زیندوو بۆچوونه‌كانیان بۆ ئه‌و ته‌مه‌نه پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه و داكۆكیی لێ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌تا هه‌ندێ پێیان وایه و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه له‌و قۆناغه پێویستی منداڵ ته‌نهاو ته‌نها بریتییه له یاریكردن و گه‌مه و كه‌یف و سه‌فا و به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش، به واتایه‌كی تر ده‌بێ خه‌می دایك و باوك ته‌نها ئه‌وه بێ چۆن رۆڵه‌كه‌یان شاد و دڵخۆش كه‌ن، ئه‌وه‌ش لهوهوە سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه پێویسته وه‌ك بهخێوكەر زۆرترین كاتی خۆیان بۆ منداڵه‌كانیان له گه‌شتوگوزار، له سه‌ردانی باخچه و یاریگا و ده‌ره‌وه‌ی ماڵ ته‌رخان بكه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی بپڕژێنه سه‌ر په‌روه‌رده و پێگه‌یاندن و ئامۆژگاری و ئاراسته‌كردنی وه‌ك ئه‌وه‌ی هی ئه‌وه نه‌بێ له‌و ته‌مه‌نه هه‌ستیاره‌دا حه‌وجه‌ی به‌وه نیه به‌و شتانهوە سه‌رقاڵ بكرێ، ئه‌وه‌ش مشتومڕی زۆری له‌سه‌ره و زۆرینه‌ی توێژه‌ران ئه‌و تێڕوانینه ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه و بۆچوونی دووه‌م په‌سند ده‌كه‌ن؛ له‌كاتێكدا بۆچوونی دووه‌م ئه‌و بیردۆزه ڕه‌ت ناكاته‌وه و هاوڕایه كه منداڵ نابێ كۆتوبه‌ند بكرێ و له چوارچێوه‌ی خانووی ماڵ بترازێ، بۆی نه‌بێ بچێته هیچ شوێێك و چاوی به ده‌ره‌وه نه‌كه‌وێ، نه‌خێر بۆ هه‌موو هه‌نگاوه‌كان وه‌رده‌گرێ به‌ڵام یاساوڕێسا و مه‌رجی خۆی هه‌یه كه ده‌بێ ئه‌و ماوه‌یه (ته‌مه‌نی7 تا 14ساڵان) وه‌ك هه‌ستیارترین قۆناغی منداڵ بقۆزرێته‌وه و ته‌رخان بكرێ بۆ په‌روه‌رده و پێگه‌یاندنی، به كلۆجێ شتی باش و ڕه‌فتاری جوانی فێر بكرێ كه له‌و ساته‌وه‌خته‌وه تێبگات مانای رێزگرتن چیه؟ هاوڕێیه‌تی چ واتایه‌ك ده‌به‌خشێ؟ هاوڕێی ڕاسته‌قینه كێیه؟ كێ بكاته هاوڕێی خۆی؟ چۆن خۆی له درۆ و ده‌له‌سه به‌دوور بگرێ؟ به چ شێوه‌یه‌ک كاته‌كانی خۆی به شتی سوودبه‌خش پڕ بكاته‌وه؟ له‌وه‌دا نه‌خشه‌ڕێگای دوور و درێژخایه‌نی دایك و باوك چاره‌نووس و داهاتووی منداڵه‌كه‌ی دیاری ده‌كات كه چۆن هه‌نگاو هه‌ڵبگرێ؟ چونكه بهرنامهڕێژییەکەی ئه‌وان بۆ ئایندهی ڕۆڵه‌كه‌یان ده‌بێ له هه‌نگاوه‌ی یه‌كه‌مه‌وه پێ هه‌ڵێنێ وه‌ك چۆن هه‌رچی كۆشك و ته‌لاری ئه‌م دنیایه له نه‌خشه‌ی سه‌ر كاغه‌زه‌وه ده‌بێته ئه‌مری واقع، كه‌واته له‌م گۆشهنیگایهوە دنیابینی و كه‌ڵكه‌ڵه و خه‌یاڵی ئه‌وانه داهاتوو مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن، پڕۆژه‌كان بیرۆكه‌ن، به كۆشش و هه‌وڵدان ده‌چنه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه هه‌رچه‌نده هه‌وڵه‌كان به ساده‌یی به‌ڕێوه بچن، ئه‌وه به‌رده‌وامی دڵۆپه‌ی ئاوه واده‌كا به‌ردی ڕه‌ق كون ببێ، كه‌واته ئه‌و پرۆسه‌یه به قۆناغێكی دژوار‌دا تێده‌په‌ڕێ و بنیاتنانێكی تۆكمه‌ی گه‌ره‌كه.
لێره‌دا خاڵگهلێ هه‌ن له به‌رده‌وامی مكوڕبوون و ڕژدبوونی هه‌وڵه‌كان دێنه دی، له‌وانه:
یه‌كه‌م/ زیره‌كی:
چۆن وابكه‌ن مناڵه‌كه‌یان زیت و زیره‌ك بێ؟ هه‌ڵبه‌ته هاندان و به‌گه‌ڕخستنی توانستی منداڵ ده‌بێته زامنی زیره‌كی كه به‌رده‌وام قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێ، له‌سه‌ر قسه‌ی جوان و وته‌ی پاراو ڕایبێنن كه بتوانێ به‌بێ ترس و بیم بیروبۆچوونی ده‌رببڕێ، ئه‌وه‌ش له‌وه‌دا خۆی ده‌دۆزێته‌وه كه دایك و باوك فێری بكه‌ن چۆن كتێبی به‌سوود بخوێنێته‌وه و ناوه‌رۆكی كتێبه‌كه‌یان بۆ بگێڕێته‌وه كه له‌ته‌كدا ئه‌ركی دایك و باوكه زوو زوو پیاسه‌ی ده‌ره‌وه‌ی پێ بكه‌ن و گفتوگۆی كراوه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌ن تا له‌و ڕێیه‌وه ئازادانه، بوێرانه ناخی خۆی به‌تاڵ بكاته‌وه به‌تایبه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی ده‌چنه سه‌یرانگا و پارك و باخچه‌كان.
دووه‌م/ ئومێد و بەخۆداپەرمیان و بڕوابه‌خۆبوون:
ئه‌گه‌ر مناڵ له كه‌شێكی ئه‌رێنی و بارودۆخێكی هانده‌رانه‌دا ژیا، فێری متمانه و بڕوابه‌خۆبوون ده‌بێ بە خۆیدا دەپەرمێتەوە و ده‌توانێ پشت به خۆی ببه‌ستێ، بۆیه پێویستیه‌كی ئانییه ڕابهێندرێ هه‌میشه كراوه و گه‌شبین بێ كه له‌م سۆنگه‌وه نموونه‌ی زیندووی بخرێته به‌ر ده‌ست وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌وترێ مرۆڤ ده‌توانێ له دارتاشێكهوه فێری ئومێد بێ كاتێ دوكانه‌كه‌ی ده‌سووتێ متمانه له‌ده‌ست نادا و ده‌ست ده‌كات به خهڵووزفرۆشتن، هیوا و ئومێد و بڕوایی، مرۆڤ له ڕه‌شبینی و چۆكدادان و ده‌ست لە خۆبه‌ردان دوور ده‌خاته‌وه، ئاسۆی دواڕۆژی له‌به‌رچاو ڕۆشن و ڕووناك ده‌كات.
سێیه‌م: دووركه‌وتنه‌وه له درۆ و پیاده‌كردنی راستگۆیی:
هه‌ركه‌سێك له‌گه‌ڵ هه‌قیقه‌ت و ڕاستیدا ژیا، فێری هه‌قیقه‌ت و ڕاستگۆیی ده‌بێت، درۆ جگه له درۆ هیچ به‌رهه‌م ناهێنێ كه له كۆمه‌ڵگا شتێكی بێزراوه و كه‌سایه‌تی مرۆڤ له‌كه‌دار ده‌كات.
چواره‌م/ به‌رپرسیاریه‌تی:
ئه‌گه‌ر دایك و باوك توانیی په‌یامی به‌رپرسیاریەتیی پێ بگه‌یه‌نێ، ئه‌وه ده‌بێته كه‌سێكی پابه‌ندو به‌رپرس، له نموونه‌یه‌كی بچو‌وكدا ئه‌گه‌ر ژووره‌كه‌ی خۆی تێك و پێك دابوو، له‌سه‌ر ئه‌و كاره به‌سه‌ریدا مه‌قیژێنه، هات و هاوار مەکە، ده‌نگی به‌سه‌ردا به‌رز مهكهرەوە، جنێوی پێ مه‌ده و هه‌ڕه‌شه‌ی لێ مه‌كه و پێی مه‌ڵێ: ده‌ی هه‌سته ژووره‌كه‌ت رێك خه ده‌ڵێی زبڵدانه. له‌م ڕووه‌وه نابێ وه‌كو سوخره به زۆر شوێنه‌كه‌ی پێ پاك بكه‌یته‌وه، نا، نه‌خێر له جیاتی په‌نابردن بۆ ئه‌و حاڵه‌ته، پێی بڵێ: ده‌زانم تۆش وه‌كو ئێمه حه‌ز به پاك و خاوێنی ده‌كه‌یت و پێویستیت به هاوكارییه تا له رێكخستنه‌وه ژووره‌كه‌تدا یارمه‌تیت بده‌م، وه‌ره با بە یه‌كه‌وه ئه‌و كاره بكه‌ین، له چهندجاربوونهوهی ئه‌و كاره‌دا، كه‌شێكی ئه‌وتۆی بۆ ده‌ڕه‌خسێنی كه بۆ له‌مه‌ودوا خوو و خده‌ی پێوه بگرێ و خۆی ئه‌و كاره بكات و پشت به خۆی ببه‌ستێ؟
پێنجه‌م/ تێكه‌ڵاوی:
كۆمه‌ڵگا پهرداغێكی روون و سپی و جوانه، ئه‌گه‌ر بیكه‌یته ناو قوڕاوێكهوه ئه‌وه ڕه‌نگی قوڕاوه‌كه ده‌گرێ، به مانایه‌كی دیكه كاریگه‌ری ده‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ر دروست ده‌بێ، براده‌ری باش هۆكاره بۆ باشی و براده‌ری خراپیش باشیه‌كانی لێ ده‌بات وه‌ك خۆی خراپی ده‌كات.
دایك زیاتر دڵی لای مناڵهكهیهتی و پتر سۆز و خۆشه‌ویستی پێ ده‌به‌خشێ، كه‌چی باوك زیاتر مێشكی له لایه‌تی، به‌ڵام هه‌ردووكیان ته‌واوكه‌ری یه‌كدین ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ مناڵێكی هاوسه‌نگ و بێوەی و ساغ و باش و به‌ڕێز په‌روه‌رده بكه‌ن.
سروشتی منداڵ وایه ئه‌گه‌ر بۆشایی له ژیانیدا هه‌بوو، له هه‌ست و سۆز و عاتیفه بێبه‌ش بوو، دایك و باوك نه‌یانتوانی ئه‌و بۆشاییه پڕ بكه‌نه‌وه ئه‌وه له ده‌ره‌وه كه‌سانێ هه‌ن بۆیانی پڕ بكه‌نه‌وه؛ ئه‌گه‌ر دایك و باوك مناڵه‌كه‌ی به شتێكه‌وه سه‌رقاڵ نه‌كات ئه‌وه له ده‌ره‌وه كه‌سانێ هه‌ن سه‌رقاڵی بكه‌ن، ئه‌گه‌ر دایك و باوک ئیشی بۆ نه‌دۆزنه‌وه، ئه‌وه له ده‌ره‌وه ئیشی بۆ ده‌دۆزنه‌وه، ئه‌وسا دایك و باوك له باش و خراپی ئه‌و پڕكردنه‌وه به‌رپرس ده‌بن به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه تووشی لادان و سه‌ركێشی بێت.
له كۆتاییدا ده‌ڵێین: كه‌سێك به منداڵی حه‌زوئاره‌زووه‌كانی نه‌هاته دی، کە گه‌وره‌ش بێ هه‌ر حه‌ز به منداڵی ده‌كات، زۆر هاوڕێم هه‌یه گه‌وره‌ن، خاوه‌نی ماڵ و منداڵن كه‌چی هه‌ر به خه‌یاڵی منداڵی حه‌ز به دیتنی ئه‌و فیلمه كارتۆنانه ده‌كه‌ن كه به هه‌ر هۆكارێكه‌وه له ته‌مه‌نی گه‌نجیه‌تی لێی بێبه‌ش بوونە.
*سه‌رپه‌رشتیاری هاوڕێی ڕه‌خنه‌گر/ شارۆچكه‌ی ته‌قته‌ق