مێژووی مین لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی شەستەكان دەگەڕێتەوە، سەردەمى دژایەتیکردنى دەسەڵاتى دیکتاتۆر بەرامبەر گەلى کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵكی كوردستان و شۆڕشە یەك لەدوای یەكەكانی كورد.
هەر ئەمەش واى کرد کە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق هەموو خاكی هەرێمی كوردستانیان پڕ بکەن لە گۆڕى شەهیدانى کوردستان و مین و پاشماوەی جەنگی بۆ ڕێگریکردن لە جوڵەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
هەروەها شەڕى ٨ ساڵەی نێوان عێراق و ئێران دووبارە هۆکار بوو بۆ ئەوەى کە هەردوو حكومەت خاكی هەرێمی کوردستان مینڕێژ بکەن و دواى ئەوەش قۆناغى سێیەمی مینڕێژکردنى خاکى کوردستان دێت ئەویش بە دەستى ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش كە بەشێكی زۆری خاكی هەرێمی كوردستانی مینڕێژ كرد.
ڕووبەری خاکى مینڕێژكراو لەهەرێمی كوردستان
جەبار مستەفا ڕەسوڵ، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە دیدارێکی لەگهڵ فهرمانگهی میدیا و زانیاری باسی له وردهكاری ڕووبهری خاکی مینڕێژكراوی ههرێمی كوردستان كرد و گوتی:”هەرێمی كوردستان بە چەند قوناغێكی جیا جیا به مین و پاشماوەی جەنگی پیس كراوە و بە پێی ئەو ڕووپێویەی لە دەزگای گشتیی كاروباری مین هەیە ٧٧٦ كیلۆمەتر چوارگۆشە لەهەرێمی كوردستان مینڕێژ كراوه و حکومەتى هەرێمی کوردستان بە هاوكاری ڕێكخراوە بیانییە هاوبەشەكان لە دوای ساڵی ١٩٩٢ى زایینییەوە تا ئێستا توانیویەتى ئەو ڕێژەیە بۆ ٢٥٨ کیلۆمەترى چوارگۆشە کەم بکاتەوە.
لهبارهی كارهكانی كابینهی نۆیهمی حكومهتی ههرێمی كوردستانیش تایبهت به پاككردنهوهی ناوچه و شوێنه بهمینڕێژكراوهكان، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین گوتى، لەماوەی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم هەروەك دەزانرێت لە ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی پەتای كۆرۆنا و ئەو قەیرانە دارایییەی هاتە كایەوە دەزگای گشتیی كاروباری مینیش سستییەكی بەخۆیەوە بینی و هۆكارەكانی گواستنەوە و ئامێرهكانی كاركردن لە کەمییان دا، بۆیە تەنیا ٦٠٩ هەزار مەتر دووجا پاك کرایەوە.
ناوچەکانی بن دەستى داعش
سهبارهت بهو ناوچانهی ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش دەستى پێیان گەیشتبوو، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین گوتی:”ناوچهكانی وەك دەشتی نەینەوا، بەتایبەتی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، تایبەت ئەو ناوچانەی ناكۆكی لەسەرە لە دەوروبەی پارێزگای كەركووك و دەوروبەری و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بەتایبەتی لە ناوچەی خانەقین و جەلەولا، لایەن چهكدارانی داعش و بە تەكنیكێكی جیاواز بۆمبڕێژ کرابوون، ئێمە و دەزگای گشتیی مین لە حكومەتی عێراقی كارمان لەسەریان کردووە و بە هاوکارى كۆمەڵێك ڕێكخراوی بیانی وەك ڕێكخراوی FSD و MAG توانیمان پاکیان بکەینەوە لە بۆمب و تەقەمەنییەکان.”
ساڵانە ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ مین هەڵگیراونهتەوە
ئێستا ڕێكخراوی (MAG) لە دهۆك و سلێمانی و گەرمیان و چەمچەماڵ کاری پاككردنەوە و هۆشیاری دهكات و یارمەتی قوربانیانیش دەدات. لەو سێ ساڵەی كابینەی نۆیەم سەڕەرای بوونی هەموو ئاستەنگییەكان، ساڵانە ٥٠٠ تا ٦٠٠ مین هەڵگیراونهتەوە و لەناوبراون و ههروهها چەندین پاشماوەی جەنگیش چارەسەر كراون و دواتر لەناوبراون.
لهبارهی گرفت و مهترسییهكانی مین لهسهر هاووڵاتیانی ههرێمی كوردستان به تایبهتی لهو ناوچانهی به مین چێنراون جهبار مستهفا گوتی:”ئێستاش لەهەرێمی كوردستان مین و پاشماوەی جەنگی هەڕەشەیەكی جدییه بۆ سەر گیان و ژیانی هاووڵاتیان بەتایبەتی لەناوچە سنوورییەكان و ئەو دێهاتانهی ئاوەدان دهكرێنهوه و خەڵك دەچێتەوە سەر ڕەز و باخی خۆیان، بۆیە ئەو شوێنانە شوێنی مەترسیدارن لەبەر ئەوەی ٣٥٠٠ كێڵگەی مینڕێژكراو لەهەرێمی كوردستان هەیە و، له سێ ساڵی ڕابردووشدا بهشێوهكی گشتی ٩٦ كهس بوونهته قوربانی.”
ڕێژهی ناوچه مینڕێژكراوهكان
سهبارهت بهو ناوچانهی به مین چێنراون ڕێژهكهیان له شوێنێك بۆ شوێنێكی تر دهگۆڕێت به شێوهیهك ٦٠%ى دەكەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانی و قەزای پێنجوێن، سۆران و چۆمانیش لەو قەزایانەن كە خاكیان زۆر پیسە بە مین و پاشماوەی جەنگی و دواتریش هەڵەبجە و گەرمیان دێن.
حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو توانایەكی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی پاڵپشتی لە دەزگای گشتیی كاروباری مین بكات، چونكە ئەو دەزگایە لە هەموو ڕوویێكەوە كار لەسەر ئەو بوارانە دەكات و ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە ڕێگەی ئەم دەزگایەوە پاككردنەوەی خاكی هەرێمی كوردستان و هۆشیاركردنەوەی خەڵكییە لە مەترسی مین و پاشماوەی جەنگی و هاوكاری ئەو كهسانهی دەبنە قوربانی مین، بۆ نموونە كەمئەندام دەبن یان دەست و پەلیان لەدەست دەدەن ئەمە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ ئەوەی لەناو كۆمەڵگە ژیانی ئاسایی خۆیان بهڕێ بكهن.
فهرمانگهی میدیا و زانیاری
١٩ى ئهیلوولی ٢٠٢٢