پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان: هاوڵاتییان ٣٥٠ ملیار دینار پارەی ئاو قەرزدارن

بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “رۆژانە دوو ملیۆن و 620 هەزار مەتری سێجا ئاوی پاک بەرهەمدەهێنن و لە رێژەیە زیاتر لە 35٪ی بەفیڕۆ دەچێت” و دەشڵێت: “هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان 350 ملیار دینار پارەی ئاو قەرزدارن.. لە ماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان 37 ملیار دینار بووە”.

رۆژی دووشەممە 19-9-2022 ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: سبەی دوا وادەی لێخۆشبوونی 15٪ی قەرزی ئاوی هاووڵاتییانە کە بۆ جاری چوارەم بوو حکومەت وادەکەی نوێ دەکردەوە، بەڵام ئێمە هێشتا بەشێکی دیکەمان دەمێنێت کە ئەویش بەقیستکردنی قەرزی ئاوە بۆ هاووڵاتییان و دەتوانن بە چوار تا شەش قیست و ئەگەر بڕی پارەکەش زۆر بوو، بە هەشت قیست قەرزەکەیان بدەنەوە”.

ئاری ئەحمەد گوتی: “ئەو هاووڵاتییانەی تازە پێوەری ئاو دەبەستن، کرێی ئاوی ئەو مانگانەی لەسەریان کۆبووەتەوە لە سەنتەری شارەکاندا لە مانگانە 80 هەزار دینارەوە دەکرێت بە 20 هەزار دینار و ئەوانەش لە دەرەوەی شارە گەورەکانن، کرێی مانگانەکەیان بۆ دەکرێت بە 10 هەزار دینار”.

بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “چوار جار داشکاندنی 15٪ی قەرزی ئاو نوێکراوەتەوە و هەرکات دەگەینە هەفتەکانی کۆتایی ئەو وادەیە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو و بنکەکانی وەرگرتنی کرێی ئاو جمەیان دێت و خەڵک دێن بۆ ئەوەی لەو لێخۆشبوونە سوودمەندبن، دوێنی تا کاژێر نۆی شەو لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر کاری هاووڵاتییان راییکراوە و ئەمڕۆ و بەیانیش بەردەوام دەبین لە راییکردنی مامەڵەکانی هاووڵاتییان”.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 120 بنکەی وەرگرتنی کرێی ئاو هەیە و لەو ژمارەیە 11 بنکەیان لە هەولێرە کە نزیکەی 32 فەرمانبەر کاری تێدا دەکەن.

بە گوتەی ئاری ئەحمەد: “هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 350 ملیار دینار پارەی ئاو قەرزدارن کە قەرزی کەڵەکەبووی ساڵانی رابردوو و تەنانەت تا ساڵی 2008یشی تێدایە”.

بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: “ساڵی 2021 بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەرێمی کوردستان 42 ملیار و 200 ملیۆن دیناری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کۆکردبووەوە و ئەمساڵیش لە ماوەی هەشت مانگدا داهاتی ئاوی هەرێمی کوردستان نزیکە 37 ملیار دینار بووە و ئەگەر بەو شێوەیە بڕوات، تا کۆتایی ساڵ، لەچاو پار داهاتی ئاو لە نێوان 28٪ بۆ 30٪ زیاد دەکات و پێشبینی دەکەین داهاتمان 50 بۆ 55 ملیار دینار بێت”.

ئاری ئەحمەد لەبارەی ئەو پارەیەی بۆ کرێی ئاو لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت گوتی: “پارەکە هیچی ناچێت بۆ کۆمپانیاکانی بەستنی پێوەری ئاو، لەبەر ئەوەی ئەو پێوەرانە لە بازاڕی ئازادەوە دەهێنرێت و هاووڵاتییان بە دڵخوازی خۆیان دەیبەستن، تەنیا کۆدی سەر پێوەرەکە دەخرێتە ناو سیستمەوە و بە ژمارەی هاوبەشەکەیەوە دەبەسترێتەوە”.

ئاری ئەحمەد روونیدەکاتەوە: “ئەو کۆمپانیایانە بۆ هەر پسوولەیەک دوای ئەوەی پارەکەی وەرگیرا، لە هەولێر سێ هەزار و 800 دینار، لە دهۆک سێ هەزار و 600 دینار و لە سلێمانی سێ هەزار و 250 دینار و لە هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دوو هەزار و 850 دینار وەردەگرن”.

سەبارەت بە رێژەی ئەو ئاوەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت، ئاری ئەحمەد رایگەیاند: “91 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئاوی پاک لە هەرێمی کوردستان هەن، لەگەڵ پێنج هەزار و 780 بیری ئاو کە تێکڕا توانای بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن و 620 هەزار مەتری سێجا ئاویان هەیە لە رۆژێکدا و بەو پێیە هەر هاووڵاتییەک لە هەرێمی کوردستان رۆژانە 360 لیتر ئاوی بەردەکەوێت”.

بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان: “لە کۆی دوو ملیۆن و 620 هەزار مەتری سێجای ئەو ئاوەی رۆژانە بۆ هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت، رێژەی 35٪ هەتا 40٪ی بەفیڕۆ دەچێت. کە بەشێکی بەهۆی شکانی تۆڕەکان ئاوەوەیە، بەڵام بەشی هەرە زۆری لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەهەدەر دەدرێت کە زۆربەی بەهۆی نەبەستنی تەوافەیە”.