پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

گۆشتفرۆشێك:ناچارم دوكانەکەم دابخەم

كارزان گلی – هه‌ولێر

نرخی گۆشتنی سوور و شیر لە توركیا و باكووری كوردستان، بەرێژەی 30% زیاد دەبێت، هۆكارەكەشی بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی ئابوورییە لە توركیا.

لە 2022، نرخی گۆشتی سوور و شیر، بەرێژەیەك بەرز بووەوە، هاووڵاتی نەیتوانیوە بیكڕێت و چەندین دوكانی گۆشتفرۆشیش بەهۆی نەبوونی كڕیارەوە، دایانخستووە، سەرەڕای هەموو ئەمانە، كەچی دووبارە نرخی گۆشتی سوور گران دەبێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاودەكرێتەوە، لە چەند رۆژی داهاتوو نرخی گۆشتنی سوور و شیر 30% زیاد دەبێت.
ئەم زیادبوونە لە كاتێكدایە، كە لە ماوەی یەك ساڵدا، گۆشتی سوور 115% زیادی كردووە و هەروەها شیریش نرخەكەی 100% زیاد كردووە.
ئاژانسی (DW)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئاژەڵداری لە توركیا زۆر كەمی كردووە، بۆیە گۆشت وەكو پێویست نایەتە بازاڕ، هەروەها توركیا 60% ئەو گۆشتەی خستوویەتییە بازاڕەوە لە دەرەوەی توركیا هاوردەی دەكات، لە كاتێكدا پێشتر توركیا گۆشتی بۆ وڵاتان دەنارد.
نرخی گۆشتی سوور لە توركیا و باكووری كوردستان، بەگوێرەی جۆری گۆشتەكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بۆ نموونە گۆشتنی بەرخ، یەك كیلۆ بە 92 لیرەی توركییە، هەروەها گۆشتنی قیمە بەبێ چەوری یەک كیلۆ بە 93 لیرەیە.
ئەم نرخە بەبەراورد بەو مووچەیەی لەتوركیا وەردەگیرێت، زۆر زۆر گرانە و میدیاكان دەڵێن كڕینی گۆشت لە توركیا بۆ خانەوادە هەژارەكان و ئەوانەی مووچەیان سنووردارە بووەتە مەحاڵ.
سەركار دەمیر، لە قارسی باكووری كوردستان، دوكانی گۆشتفرۆشتنی هەیە، ئەو دەڵێت كاتێك دەبینم، هاووڵاتی دێت بە گرام گۆشت دەكڕێت ئاگرم تێبەر دەبێت.
دان بەوەدا دەنێت، كە گرانی نرخی گۆشت بووەتە هۆكاری ئەوەی هاووڵاتی نەتوانێت گۆشت بكڕێت، هەروەها حكوومەت تۆمەتبار دەكات، بەوەی وەكوو پێویست هاوكاری ئاژەڵدارەكانی نەكردووە تا دەستبەرداری ئاژاڵداری نەبن.
ئەو گۆشتفرۆشە دەڵێت: ”ئەگەر تا مانگێكی تر نرخی گۆشت هەروا گران بێت، ناچارم دوكانەم دابخەم، چونكە هیچ خێرێكم نییە و مانگانەش كرێی دوكانەكەم زۆرە و تەنانەت ئەو كرێیەی كە مانگانە دەیدەم بە كارەبا، بەرێژەی ئەو كرێیە قازانج ناكەم و زیانم پێ دەگات“.
ئەو پێشنار دەكات، حكوومەت پارەی كارەبایان لێ كەم بكاتەوە، چونكە لەلایەك كڕیاری گۆشت كەم بووە، بەهۆی ئەوەی نرخەكەی فڕیوە، هەروەها لەلایەكی تر، نرخی كارەباش سێ بەرامبەر زیادی كردووە و ئەوانیش ناچارن 24 سەعات كارەبای دوكانەكانیان بكەنەوە، تا گۆشتەكانیان تێكنەچێت و بتوانن بیفرۆشنەوە.