ژیان گرفتە یان چارەسەر ؟!..

سالار عوسمان

ژیان گرفتێکی گەورەیە، با بگەڕێینەوە بۆ سەرەتا، ئەو کاتەی ژیان پەیدا بووە، کە دەڵێین سەرەتا، دیارە مەبەستمان مرۆڤە، ئەگینا بەر لە مرۆڤ، گەردوون بە چەندین تەقینەوەی گەورەدا تێپەڕیوە، ھەر یەک لەو تەقینەوانە، کە دواتر دۆزینەوەی زۆری دەگەڵ خۆیدا ھێناوە، بابەتگەلێکی قسەھەڵگرن و پڕن لە گرفت، واز لە ھەموو ئامانە دێنین و دێینە سەر باسی مرۆڤ.
باسی مرۆڤ دەکەین، ئەو بوونەوەرە ئیشکالییەی، کە تادێ ئایینەکان، فەلسەفە و زانستەکان مژوولن پێیەوە، زووتریش ئەفسانەکان، ئێستەیش کلتوور، ئابووری و تەکنەلۆژیا، کە زۆر بە قووڵی ھیلاکی کردووە و لە بەردەم دەیان گرفتی داناوە، بە کورتی دەمانەوێ بڵێین: لەو کاتەوەی کە مرۆڤ بووە بە بوونەوەرێکی ئیدراکی و دەگەڵ ئەوانی تر، چەمک و تێگەیشتنەکان پێوەندیی دروست کردووە، لەو کاتەوە ھیلاکە، گرفتدارە، ماندووە، شەکەتە و سەری بەسەر چەندین ئاڵۆزیی و ناروونی و تێنەگەیشتنەوەیە، بۆیە دەکرێ بە دەنگی بڵند بڵێین: ژیان گرفتێکی گەورەیە، مرۆڤ بوونەوەرێکی گرفتاوییە و تەنیا بەوە ڕادەگات گرفت چارەسەر بکات!..
مرۆڤ کە لە زگی دایکییەتی گرفتی پێگەیین و دەرچوونی ھەیە، کە دەردەچێ، دەکەوێتە سەر چەندین گرفتی گەورەوە، کە فام دەکا و دایک و باوک و نزیکەکانی و ئەوانی تر دەناسێ، دەبێ لەگەڵیاندا بسازێ، کە بۆ خۆی سازان چارەسەری دوای گرفتە، کە دواتر پێدەگرێ و دەست دەگرێ، بەسەر ھەموو خراپ و باشێک، سارد و گەرمێکدا دەکەوێت و گرفت دوای گرفت تێگەیشتن دروست دەکات، کە تێگەیشتن دروست بوو، لەوێ گرفتە گەورەکان دەست پێ دەکەن، چونکە تێگەیشتن چەمکێکی ئیشکالیی ڕێژەیی پڕ لە ڕەتکردنەوەیە، کە ھەر ڕەتکردنەوەیەکیش بۆ خۆی گرفتێکی ترەو ھەندێ کەڕەت مرۆڤ تا بەر پەتی سێدارە ڕادەکێشێت و ھەندێ کەڕەتیش دەتکاتە ھێما و سەرکردە و ئایکۆنی گەورەی کۆمەڵگا، کە دیسان بەشێکی تری کۆمەڵگا لە دژتا دەوەستنەوە و گرفتت بۆ دەخوڵقێنن و، ئیتر دەبێ لەگەڵ گرفتێکی تردا دەست و پەنجە نەرم بکەیت، کە پێی دەگوترێت، مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزاییەکان، ئەو ناڕەزاییانەی لە ڕۆژھەڵات تامی سیاسییان ھەیە، لێ لە بنەڕەتدا ناکۆکی کلتووریین!..
مرۆڤ گەورە دەبێ، لەگەڵ گەورەبووندا گرفتەکانیش گەورە دەبن، ھەر چیت ھەبێ گرفتە، ماڵ و سامان، پلە و پۆست، شان و شاھی، ڕوو و ڕوما و ڕووخسار، جەواڵ و جاھ و جوانی، ھەر ھەمووی گرفتن و دەبێ باجیان بدەیت، کەواتە مرۆڤ و ھەبووەکان گرفتن، بۆیە لێرەدا دەبێ ئەو ڕاستییە ڕۆشنە حاشاھەڵنەگرە بسەلمێنین، کە ژیان گرفتێکی گەورەیە و ھێزی مرۆڤ، گەورەیی مرۆڤ، شیان و شەھامەتی مرۆڤ لەوەدایە ببێ بە بوونەوەرێکی چارەسەریی، کەواتە ئێستا پێویستمان بە گۆڕانێکە لە گرفتەوە بۆ چارەسەر، ئەمەش سەرەتا قەناعەت، دواتر پلان، پەروەردە، فێربوون، کار و بەرھەمداریی دەوێت.
ئەگەر وامان کرد، واتە ئەگەر مرۆڤمان لە بوونەوەرێکی گرفتاوییەوە کردە بوونەوەرێکی چارەسەریی، ئیتر ژیان باش دەبێت، سیاسییەکان کەمتر یەخەی یەک دەگرن، پیاوە ئایینییەکان کەمتر تووڕە دەبن، بازرگانەکان کەمتر مرۆڤەکان دەڕووتێننەوە و ئەو کات، مرۆڤ ئارام ئەژی، ئارام دەست لە ملی مەعشوقەکەی دەکات، بەیانیان ئارام پەنجەرەی ژوورەکەی دەکاتەوە و لە ئاسمان دەڕوانێت !..

ھەواڵی زیاتر