میشێل فوكۆ یه‌كێكه له‌و كۆمه‌ڵناس و فه‌یله‌سوفانه‌ی كه به‌دیاریكراوی تیۆرێكی سه‌باره‌ت به جه‌سته نووسیوه به‌تایبه‌ت چه‌ند كارێكی به‌رفراوانی له‌م باره‌یه‌وه نووسیوه وه‌ك شێتیی و نه‌خۆشخانه (1965)، پزیشكی و هه‌نگاوه ته‌كنیكییه‌كان (1975) تاوان و سیسته‌می چاكسازی و په‌روه‌رده (1979)، دیسپلینی كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌سه‌ر ئاره‌زووه سێكسییه‌كانه‌وه (1980).
ستونز له كتێبه‌كه‌ی به‌ناوی (بیریاره گه‌وره‌كانی كۆمه‌ڵناسی) پێیوایه فوكۆ له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌ی به‌ناوی چاودێری و سزا ده‌یه‌وێ زۆره‌ملێی زاڵ و لۆژیكییمان بۆ سهررێخستن و بهنۆرمكردنی تاكه‌كان، بۆ سزا و چاكسازیی لادانه‌كان ده‌خاته به‌ر تاوتوێكردنه‌وه. ئه‌م كتێبه له سه‌ره‌تادا ده‌په‌رژێته سه‌ر لێكدانه‌وه‌یه‌كی مێژوویی سه‌باره‌ت به عه‌قڵانیه‌ت و ڕه‌هه‌نده‌كانی به‌كارهێنانی سزا له سه‌ره‌تاكانی چاخی نۆزده. ده‌كرێ بڵێین فوكۆ له‌و كتێبه‌یدا ده‌یه‌وێ بڵێیت كه به چ شێوه‌یه‌ك له سه‌ده‌كانی حه‌ڤده و هه‌ژده به‌دواوه، جۆرێك له ته‌كنه‌لۆژیا له به‌كارهێنان و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات دروستبووه، له‌م سه‌رده‌مه‌دا نه‌كه ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتدارێتی ڕه‌های سه‌رده‌می كلاسیك، ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه گه‌وره‌كانی وه‌ك سوپا، پۆلیس و به‌رێوه‌بردنی دارایی بیناكرد، به‌ڵكو ئه‌و شته دروستبوو كه ده‌كرێ ناوی لێ بنێین ئابووریی ده‌سه‌ڵات، واته ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ی بوونه هۆی ئه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام و هه‌مه‌لایه‌نه و بهتاككراو له ته‌واوی په‌یكه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییدا خۆی به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه.
هه‌روه‌ها فوكۆ پێیوایه سێكسواڵیتی له لایه‌ك فاكته‌ری بایه‌خدان به جه‌سته‌یه، به چه‌شنێك كه سێكسواڵیتی نیشانه یان هێما نییه، به‌ڵكو بابه‌ت و ئامانجه كه له‌لایه‌ك به كۆنترۆڵكردنی جه‌سته‌وه په‌یوه‌سته و له لایه‌كی تر، به‌ته‌واوی ئه‌و وزه گشتگیرانه‌ی كه به‌رهه‌می ده‌هێنێت به ڕێكخستنی دانیشتوانه‌وه په‌یوه‌سته. سێكس وه‌ك پێوه‌ری كۆنترۆڵ و بنه‌چه‌ی ڕێكخستنه‌كان كار ده‌كات، به‌م چه‌شنه له سه‌ده‌ی نۆزده سێكسواڵیتی له بچكوترین خاڵی ژیان و له ڕه‌فتار و خه‌ونه‌كاندا بوونی هه‌بووه، سێكسواڵیتی هه‌روه‌ها بوووه به پرۆسه‌یه‌كی سیاسیی و به‌شدارییه‌كی ئابوورییانه، له‌م ڕێگه‌یه‌وه به‌ربه‌ستی بۆ داده‌نرێت، سێكسواڵیتی وه‌ك نیشانه‌ی ته‌وژمی كۆمه‌ڵگا كه هه‌م وزه‌ی سیاسیی و هه‌م توانامه‌ندی بایهلۆژییهكهی ئاشكرا بكات، خرایه ڕوو.
لای فوكۆ كاریگه‌رییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئایدۆلۆژی به‌مانای ده‌ستكاریكردنی خودی مرۆیی له هووشیارییهكی پهیتیدا نییه، له كۆمه‌ڵگا مۆدێرنه‌كان، ده‌سه‌ڵات به‌م مانایه‌یه كه جه‌سته به‌رهه‌می په‌یوه‌ندییه‌كانی سیاسه‌ت/ده‌سه‌ڵاته و وه‌ك خودی ده‌سه‌ڵات له ڕووی كۆنترۆڵ، ناسین و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی دێته بوون. ده‌سه‌ڵات له سه‌رووی ماتریالیزمی جه‌سته ده‌توانێ بۆ دوو به‌شی ته‌واو له یه‌ك جیاواز به‌ڵام په‌یوه‌ست به یه‌ك دابه‌شبكرێت ئه‌وانیش: شیرازه‌ی جه‌سته و كۆنترۆڵی دانیشتوانه.
له كۆمه‌ڵناسیی جه‌سته‌دا باس له دوو جۆر له كرده‌ی كۆنترۆڵكردنی جه‌سته كراوه یه‌كه‌میان: بریتییه له پاراستن و كۆنترۆڵكردنی جه‌سته ئه‌مه‌ش له پێناو خۆ نمایشكردن و تهمسیلكردنی خود له پرۆسه‌ی ژیانی ڕۆژانه‌دا كه خۆی له خۆییدا ئه‌مه شتێكی گرنگه چونكه ئه‌م كۆنترۆڵه بۆته شتێكی ناوه‌كیی كه تاكه‌كان كۆنترۆڵی ڕه‌فتار و ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی خۆی ده‌كات؛ دووه‌میشیان بریتییه له سزادانی جه‌سته ئه‌ویش به سوتاندن و ئازاردانی جه‌سته كه ئه‌مه به جۆرێك گوزارشته له ڕه‌تكردنه‌وه و په‌راوێزخستنی فیزیكیی خود ئه‌م كرداره ئه‌شێ له دۆخی بایه‌خنه‌دان به جه‌سته‌ش خۆی نمایش ده‌كات به‌تایبه‌ت له نێو كه‌سانی به‌ته‌مه‌ندا.