پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

هاووڵاتییان ئاگادار دەکرێنەوە مامەڵەکانیان تەواو بوون

 بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستان ئاشكرای کرد، كارتێكی زۆری نیشتمانی، كە لە بەغدا بوون، گەڕاونەتەوە و داوا لە هاووڵاتییان دەكات، كارتەكانیان وەربگرنەوە.

لیوا هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا، بەشێكی تری كارتی نیشتمانیمان بۆ گەڕاوەتەوە، كە زیاتر لە 19 هەزار كارتی نیشتمانییە لە پارێزگای هەولێر و دهۆك و سلێمانی، كە لە بەغدا بوون، گەڕاونەتەوە و داوا دەكەین خەڵك سەردانی بكەن، كارتی خۆیان وەربگرنەوە”.

ئاشكراشی كرد لە كارتانە، زیاتر لە سێ هەزار و 600 كارتی نیشتمانی هی خەڵكی پارێزگای هەولێرە، نزیكەی نۆ هەزار هی خەڵكی پارێزگای سلێمانییە و زیاتر لە شەش هەزار و 600 كارتی نیشتمانییش هی خەڵكی پارێزگای دهۆكە.

ئاماژەی بەوەش دا: ئەو كارتانە هی ئەو هاووڵاتییانەیە، كە لە مانگی حەوت بۆ مانگی هەشت مامەڵەی خۆیان تەواو كردووە و پەنجەمۆریان كردبوو، دەتوانن لەم هەفتەیەوە سەردانی بەرێوەبەرایەتییەكان بكەن و كارتی خۆیان وەربگرنەوە”.

لەسەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵ، 130 هەزار كارتی نیشتمانیی سلێمانی و 120 هەزار كارتی هەولێر و 60 هەزار كارتی دهۆك، كە لە بەغدا بوون، گەڕانەوە و دراونەتەوە هاووڵاتییان، دواتریش لە مانگی هەشت زیاتر لە 17 هەزار كارتی دیكەی نیشتمانی گەڕانەوە.

هێرش ئەحمەد جەختی كردەوە، کە كێشەی دواكەوتنی هاتنەوەی كارتەكان پەیوەندیی بە بەغداوە هەیە و پەیوەندیی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە و گوتیشی: “ئێستا ئەوانەی مامەڵە پێشكەش دەكەن، تا كارتەكەیان دەگەڕێتەوە (سورەت قەید)یان بە شێوەی ئەلیكترۆنی پێ دەدرێت و دەتوانن مامەڵەی خۆیان لە فەرمانگەكان ڕایی بكەن، تاوەكوو كارتەكە دەگەڕێتەوە”.

پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامە ئەوەشی راگەیاند بوو:لە هەرێمی کوردستان خەڵكێكی زۆر كارتی نیشتمانییان دەرهێناوە، بەڵام هێشتا زۆریش ماوە، کە كارتی نیشتمانییان دەرنەهێناوە، بۆیە لەسەر فەرمانی مەسرور بازرانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بنكەی كارتی نیشتمانی لە قەزا و ناحیەكان كراوەتەوە، بۆ ئەوەی لەنزیكترین شوێن خزمەتی هاووڵاتییانی خۆمان بكەین و كارتەكەیان بۆ دەربكەین”.

هێرش ئەحمەد گوتیشی: “كارتی نیشتمانی نەبووە بە جێگرەوەی پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامە، ئەوەی كارتی نیشتمانییشی نەبێت، لە فەرمانگە و شوێنەكان دەتوانێت كاری خۆی بكات”.