پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە هەشت مانگی ڕابردوو ٤ ملیۆن گەشتیار هاتوونە هەرێمی کوردستان

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردۆتەوە كە دەستەی گشتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان ئاماری ئەو گەشتیارانەی خستووەتە روو كە لە ماوەی ئەمساڵ واتا لە ڕێكەوتی ١ ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢ تاكو ١ ی ئابی ٢٠٢٢ بە ‌مەبەستی گەشتیاریی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانیان كردووە.
كەرتی گەشتیاریی بە یەكێك لەو سێكتەرە گرنگانە دادەنرێت كە ڕۆڵ و كاریگەرییەكی بەرچاوی هەیە لە بووژانەوەی ئابوریدا، بۆیە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕووانینێكی جیاوازی هەیە بۆ ئەم بابەتە و بووژاندنەوەی كەرتی گەشتیاری بە یەكێك لە كاره لە پێشینەكانی داناوە و بە شێوەیەك كار لەسەر پێشخستنی ئەم سێكتەرە دەكات تا لە داهاتوودا ژمارەیەكی زۆری گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی كوردستان بكەن كە ئەمەش هەم لەڕووی داهاتەوە هەمیش لەڕووی ناساندنی شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان سوودی دەبێت.
٨٥% ی گەشتیاران لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوون
دەستەی گشتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان ئاماری ئەو گەشتیارانە دەخاتەڕوو كە لە ماوەی ئەمساڵ واتا لە ڕێكەوتی ١ ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢ تاكو ١ ی ئابی ٢٠٢٢ به ‌مەبەستی گەشتیاریی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانیان كردووە، بە گوێرەی ئامارەكان لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاكو سەرەتای مانگی ئاب ٣ ملیۆن و ٧٧٩ هەزار و ٦٥٦ گەشتیار لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی گەشتیاری هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، ئەو گەشتیارانەی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن زیاتر لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە دێن بە شێوەیەك ٨٥% ی گەشتیاران پێكدەهێنن وە ئەوانی تر گەشتیاری بیانین و لە وڵاتانی دیكەوە سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی كوردستان دەكەن كە ڕێژەكەیان نزیكەی ١٥% ی گەشتیارانن، بەرنامەو پلانی داهاتووی حكومەتی هەرێمیش ئەوەیە كە كار لەسەر ئەوە بكرێت پڕۆژە گەشتیارییەكان زیاتر و جۆراوجۆر بكرێن تاكو سەرنجی گەشتیاران زیاتر بكەوێتە سەر هەرێمی كوردستان بە تایبەتی گەشتیاری بیانی .


پلانێكی هەشت ساڵە بۆ كەرتی گەشتیاری دانراوە
سەبارەت بە بەرنامەو كار و پڕۆژەكانی داهاتوو لە ڕووی گەشتیارییەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ڕێكەوتی ٥ ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا كە یەكێك لە تەوەرەكانی باسكردن بوو لە سێكتەری گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان و له ‌لایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاپۆرتێكی ١٧ خاڵی پێشكەش كرا، و دواتر تیشكخرایە سەر دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەی دێنە بەردەم كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان، دوای ئەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانی بە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان كرد بۆ هەماهەنگیكردن بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان، بەرمەبنای ئەو كۆبوونەوەیە دەستەی گشتی گەشتوگوزار پلانێكی هەشت ساڵەی ئامادەكردووە بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزار و زیادكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لەو بوارەدا بۆ نموونە دروستكردنی تاوەری گەشتیاری و پارك و تەلەفریك و كردنەوەی شوێنی كەلتووری لە شارەكان و دروستكردنی كۆمەڵگەی وەرزشی و ئەكواریۆم و باخچەی ئاژەڵان و هۆڵی سینەمایی گەورە و ئەنجامدانی ئیڤێنت و كۆنفرانسی جیاواز و تایبەت بە گەشتیاری و كردنەوەی پێشانگای گەشتیاری تا لە ڕێگا‌ی ئەوانەوە ئەم كەرتە ببووژێتەوە.
نزیكەی ٣ هەزار بنكە و شوێنی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان هەیە


بە گوێرەی ئاماری دەستەی گشتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان نزیكەی ٣ هەزار شوێن و بنكەی گەشتیاریمان هەیە كە خزمەتگوزاری گەشتیاری پێشكەش بە گەشتیاران دەكەن، ئەم شوێنانە چالاكی جیاوازی لێ ئەنجام دەدرێت بەهۆی ئەوەی وەرزی گەشتیاری هاوینەمان هەیە كە گەشتیارەكان ڕوو لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن هەروەها گەشتیاری زستانەشمان هەیە كە چەندین چالاكی جیاواز پێشكەش دەكرێت وەكو ئەو یاریانەی لەسەر بەفر ئەنجام دەدرێت كە ساڵانە ڤیستیڤاڵی تایبەت بەڕێوە دەچێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٤ ی ئەیلولی ٢٠٢٢