سەرۆکی حکوومەت سەردانی سۆران دەکات و بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی دادەنێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمڕۆ چوار شەممە ساڵێک تێپەڕ دەبێت، بەسەر دیاریەکەی کابینەی نۆیەم بۆ دەڤەری سۆران، لەو ماوەیەدا بە دەیان پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە ئیدارەی سۆران جێبەجێ کراون، جگە لەوەی بە دەیان بەڕێوەبەرایەتی گشتی کراونەتەوە، ئەوەش بۆتە جێگەی خۆشحاڵی ھاووڵاتیانی سنوورە.

ئەم ھەفتەیە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی ئیدارەی سۆران دەکات و بەردی بناغەی کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ دادەنێت، ھاووڵاتیانیش ھەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە بە گرنگ دەزانن.
رۆژی چوارشەممە ٢٨ی تەموزی ٢٠٢١ ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، کۆبووەوە، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا سۆران و زاخۆ، دوو دەڤەری گەورە و بەرفراوان و گرنگن و بوونیان بە ئیدارەی سەربەخۆ، کارئاسانی زۆر بۆ ھاووڵاتیانی ئەو دوو دەڤەرە دەکات، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی پێویست بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران.
لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆ لە ١٤/٩/٢٠٢١، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نامەی دەستبەکاربوونی بەخشییە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ھەڵگورد شێخ نەجیب، کە پێشتر قایمقامی سۆران بوو.
سەرۆکی حکوومەت لە وتەیەکدا لە مەراسیمی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا رایگەیاند “خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوە ئامادەین، بۆ راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە لە ھەر چوار قەزای سۆران، رواندز، چۆمان و مێرگەسۆر پێکدێت، خەڵکی ناوچەکانی سۆران و باڵەکایەتی و برادۆست و بارزان کە دانیشتووانی ئەم دەڤەرە تێکۆشەرەن، سەرەڕای ئەو ھەموو قوربانی و زەحمەت و ئازارەی کە بینیویانە، ئەمڕۆ دەبینن کە ئێمە وەکو وەفادارییەک بۆ خەبات و تێکۆشانی ئەوان ھاتووینەتە خزمەتیان بۆ راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی ئەم دەڤەرە، رۆژی بەجێگەیاندنی بەڵێنی سەرۆک بارزانییە بۆ ئەم دەڤەرە و رۆژی وەفادارییە بەرامبەر خوێنی شەھیدان و قوربانیی پێشمەرگە قارەمانەکانمان، بۆیە ھەرچی بکرێت بۆ ئەم دەڤەرە ھەر کەمە.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە چوار قەزا پێکدێت بە ناوەکانی سۆران، ر‌واندز، مێرگەسۆر و چۆمان و ژمارەی دانیشتووانەکەی ٣٤٠ ھەزار ٣٧١ کەسە، ‌رووبەری ئیدارە پێنج ھەزار و ٤٧٣ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، بە ھەر چوار قەزاکە ١٣ ناحیە و ٧٩٧ گوند لە خۆ دەگرێت، سنووری ھاوبەشی لەگەڵ رۆژھەڵات و باکووری کوردستان ھەیە، دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران تاکە دەروازەی فەرمییە کە ئیدارەکە و پارێزگای ھەولێر بە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستانەوە دەبەستێتەوە.
سنووری ئیدارەی سۆران ناوچەیەکی شاخاوی دڵگیرە و ژمارەیەکی زۆر گوند و ناوچەی گەشتیاری لەخۆ دەگرێت کە ھەندێکیان لە بەناوبانگترین ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای ھەولێر، ھەرێمی کوردستان و عێراقن، ھەر ئەو رۆژە سەرۆکی حکوومەت رایگەیاند، دەزانین کە زۆر لەو ناوچانەی کە دڵگیر و سەرنجڕاکێشن بەتایبەتیش لە ناوچە سنوورییەکان، ھێشتا گیرۆدەی بابەتی ئەمنی و سەقامگیرین، بەڵام لە حکوومەت ھەموو ھەوڵێک دەدەین، بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە جارێکی دیکە ئارامی سەقامگیریان بۆ بگەڕێتەوە، بخرێنە خزمەتی خەڵکی ئەم دەڤەرە و ھەموو کوردستان، چونکە دڵنیام ئەم ناوچانە بێوێنەن لە رووی گەشتیارەوە دەتوانن یارمەتیدەرێکی یەکجار زۆری خەڵکی ئەم دەڤەرە و ھەموو کوردستان بن، ئەم ناوچەیە دەوڵەمەندە، ئێمە دەتوانین یارمەتیدەر و پشتیوان بین لە بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری لەم دەڤەرە.
بەگوتەی بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکانی سنوورەکە، دوای راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ناوچەکە زیاتر بووژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش دیاریەکی گرنگی سەرۆکی حکوومەت بوو بۆ ناوچەکە، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر خزمەتگوزاری و پێشخستنی یەکە ئیدارییەکان ھەبووە، لەبەر ئەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکان کراونەتە گشتی و کارئاسانی زۆر کراوە بۆ ھاووڵاتییان و چی دیکە ناچنە ھەولێر و ھەر لە سۆران مامەڵەکانیان بەڕێ دەکەن، بۆیە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ خەڵکی سنوورەکە، جگە لەوەی بودجەی تایبەت ھەیە، ھەر ئەوەش وای کردووە لەو ماوەیەدا بە دەیان پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی بکەونە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.
دەڤەری سۆران بە ھەر چوار قەزاکەی (سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر و رواندز)ـەوە ڕووبەرێکی جوگرافیای فراوانە و بە ناوچەیەکی بازرگانی و گەشتیاری و کشتوکاڵیی گرنگ دادەنرێت، دانیشتووانەکەی لە پێکھاتەی جیاواز و تەنانەت لە ڕووی نەتەوەیی و ئایینیشەوە جۆراوجۆرن و لەم دوایەدا ئاوارە و پەناھەندەی عەرەبیش ڕوویان تێ کردووە و ژمارەی دانیشتووانەکەی بەتایبەتی لە سەنتەری سۆران بە شێوەیەکی زۆر خێرا ڕووی لە زیادبوون کردووە.
ئەو پڕۆژانەی کە لە ئێستادا لە لایەن حکوومەتەوە ئەنجامدەدرێن پڕۆژەی ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان و کۆمەڵێک پڕۆژەی ترن لە سێکتەرەکانی تر کە ئەمانە ھەموویان ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە ھەیە.
ھەژار حەکیم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ “ھەولێر” دیارکرد:” لە ماوەی تەمەنی یەک ساڵەی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زۆر پڕۆژەی گرنگ جێبەجێ کراون، لە داھاتوودا خەڵکی سۆران ھەست بە گرنگی بە ئیدارەبوونی شارەکە دەکەن، کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان یەکێک لەو کار ئاسانیە گرنگانە بوو بۆ ھاووڵاتیان لەرووی مامەڵەکانیان، لەگەڵ ئەوەش ئەو بار زۆرەی لەسەر ھەولێر ھەبوو نەماوە، ھاووڵاتیان چی دیکە ئەو رێگە دوورە نابڕن و ئێستا ھەر لە سۆران مامەڵەکانیان تەواو دەکەن.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتیشی:” چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە پلانی ئیدارەی سۆران دان ٦٠%ی پڕۆژەکان خراونەتە واری جێبەجێ کردنەو، پرۆژەی دوو سایدی چۆمان- حاجی ئۆمەران، سپیلک – خەلیفان، سۆران- رواندز، دێلزیان، قیرتاوکردنی شەقامەکانی ناو بازاڕ لەگەڵ چەند پرۆژەیەکی دیکە”.
ھەژار حەکیم، ئاشکراشی کرد:” سەرۆکی حکوومەت سەردانی ئیدارەی سۆران دەکات و بەردی بناغەی چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی دادەنێت، ئەوەش وەکو موژدەیەکی خۆش و دیارییەک لە ساڵوەگەڕی راگەیاندنی ئیدارەی سۆران پێشکەش بە خەڵکی ئەم دەڤەرە دەکرێت، کە تەنھا لە دوو مانگی رابردوودا لە ھەموو سێکتەرەکان، زیاتر لە ٦ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ ئیدارەی سۆران خەرجکراوە، یەک لە پرۆژە ھەرە گرنگەکانی ئیدارەی سۆران بنیاتنانی ژێرخانی کەرتی گەشتیارییە سەرپەرشتیاری ئیدارە راسپێردراوە کە ماستەرپلانی گەشتیاری لە ئیدارەی سۆران کار لەسەر بکات، ئەوەش وا دەکات لە داھاتوودا زیاتر ھەلی کار برەخسێت، پلانی ستراتیژی گرنگیش ھەیە بۆ ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە گوندەکان بۆ ئەوەی بواری کار و خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتیان زیاتر برەخسێت، کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری وەگەر بخرێنەوە، بۆ ئەوەی سۆران ببێتە ناوەندێکی گرنگی سەرچاوەی داھات بۆ حکوومەت، ھەروەھا خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە سۆران ببێتە ناوەندێکی بازرگانی گرنگ بۆ ھێنان و دابەشکردنی ئەو کالانەی کە لە ئێرانەوە دێن و لێرە وەکو ناوەندێکی بازرگانی بەسەر شارەکانی دیکە دابەش بکرێن، لەبواری وەبەرھێنان ھەوڵی جددی ھەیە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بەردەوام لە ھەوڵی ئەوە دایە دەستی وەبەرھێنەران بۆ سنوورەکە رابکێشێت و ھەلی کار زیاتر دابین بکات، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی ئیدارەی سۆران کار لەسەر کارنامەی کابینەی نۆیەم دەکات کارکردن لەسەر پرۆسەی چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامی سەرۆکی حکوومەتە، بۆ ئەوەی لە ھەموو سێکتەرەکان کار لەسەر چاکسازی کردنی دام و دەزگا ئیدارییەکان بکات ئەو پرۆسەیە لە ئیدارەی سۆران ھەنگاوی باشی بڕیوە و بەردەوامە”.

ھەواڵی زیاتر