پارێزگاى هەولێر كاتی ئهنجامدانی تیروپشك بۆ شوقهی كرێچی و كهمدهرامهتانی ئاشكراكرد.
دواى بڕیارهكهی مەسرور بارزانى سەرۆكی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دروستکردنى 20 ھەزار یەکەى نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتان، راگهیاندنی پارێزگای هەولێر، له زاری ئومێد خۆشناو پارێزگاری ههولێر رایگهیاند، زەوی بۆ شوقەكان دابینكراوە، لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان لە گفتوگۆداین، ژمارەیەك وەبەرهێنەری باش پڕۆژەی خۆیان پێشكەشكردووە، بۆ ئەوەی هەم بە قیستێكی درێژخایەن و هەمیش بە كەمترین نرخ ئەو یەکانە بدرێت بەو خەڵكەى كه شایستهن.
سەبارەت بەچۆنیەتى دەستکردن بە دروستكردنی شوقهكان و راگەیاندنی ناوی سوودمەندانی پڕۆژەكە، پارێزگاری ههولێر ئهوهی خستهڕوو، كارەكان بە باشی دەڕوات، لە هەولێر دوو شوێنی زۆر گرنگ و شایستەمان بۆ دروستكردنی شوقەكان دیاریكردووە، کە دەكەوێتە نێوانی شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری، ئەو بەرنامەیەش بەرنامەی سەرۆكی حكومەتى هەرێمى کوردستانە، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان و پارێزگارەكانى راسپاردووە، كە ئەو پڕۆسەیە بەخێرایی بەڕێوەبچێت و لای ئێمەش لە هەولێر قۆناغی زۆر باشی بڕیووە.
سەبارەت بە راگەیاندنی تیروپشك بۆ ئەو كەسانەی فۆڕمیان پڕكردووەتەوە، پارێزگارى هەولێر گوتی: “كاتێك لەگەڵ وەبەرهێنەرەكان گەیشتینە رێككەوتن، ئەوكات پڕۆسەی تیروپشك بۆ ناوی ئەو كەسانە دەكرێت، كە فۆڕمیان پێشكەشكردووە، لیژنهیهكی باڵا و پسپۆریش بۆ یهكلاییكردنهوهی فۆڕمهكان پێكهێنراوه، بهجۆرێك دوای وردبینیەکی زۆر بۆ ئهو ناوانهی شایستهن، به چاودێریی داواكاریی گشتیی، پرۆسهی تیروپشك بۆ كرێنشینهكان بهرێوهدهچێت”.
روونیشیكردهوه، بۆ دروستکردنى ئەو شوقانه، 16 وەبەرهێنەر داواكاریان پێشكهشكردووه.
ئاماژهی بهوه كرد، رووبەری شوقەكان 80 مەتری، 100 مەتری و 120 مەتری دەبن، وەکو نرخی خەمڵاندنی شوقەکان بۆ هاووڵاتییان، هەر مەترێک لەنێوان 250 بۆ 300 دۆلار دەبێ، قیستەکانیش بەماوەى 12 بۆ 15ساڵ دەدرێت