سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە ماوەی تەنها چوار رۆژدا داهاتی پێشانگایەکی پەیكەرسازی ٢١هەزار دۆلار بوو

لە ماوەی چوار رۆژی پیشانگای پەیكەرسازی لە سلێمانی بایی نزیكەی ٢١هەزار دۆلار پەیكەر فرۆشراوە كە زۆربەی فرۆشراوەكان لە جۆری پۆرترێت بوون.

رۆژی شەممەی رابردوو ٣ـی ئەیلول، ناوەندی حەوت رەنگە لە مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەكە لە شاری سلێمانی، بۆ یەكەم جار هەڵستا بە كردنەوەی پێشانگایەكی تایبەت بە پەیكەرسازان كە هونەرمەندانی باشور و رۆژهەڵاتی كوردستان بەشدارییان تێدا كردبوو، تیایدا پەیكەری شاعیر و سەركردە و سروشت و بواری دیكەی تێدا نمایشكرابوو.

بەختیار سەعید، خاوەنی ناوەندی حەوت رەنگە بە (هەولێر)ی راگەیاند، لەو پێشانگەیەدا یانزە هونەرمەندی شاری سلێمانی و سێنزە هونەرمەندی رۆژهەڵات بە ٤٧ پەیكەر بەشدار بوون، مەرجی ئەوانیش ئەوە بووە ئەو پەیكەرانەی نمایش دەكرێن لە هیچ پێشانگایەكدا نیشان نەدرابێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، كارەكان لە ئاستێكی بەرزدا بوون و لە ماوەی چوار رۆژی نمایشدا بە سەدان هاوڵاتی بۆ سەیركردنی پەیكەرەكان روویان لە پێشانگەكە كرد.

بەوتەی بەختیار سەعید، پێشانگەكەدا بایی نزیكەی 21 هەزار دۆلار پەیكەر فرۆشرا كە نرخەكان لە شەش هەزار دۆلارەوە دەستی پێكردووە تا پێنجسەد دۆلار، ئەوانەشی كڕیویانە خەڵكانی سەرمایەدار و كۆمپانیاكان بوون، بەڵام گرنگە لێرە بەدواوە كلتوری كڕینی تابلۆ و هونەری كوردی جێگەی بەرهەمە بیانییەكان بگرێتەوە.

بەختیار وتی “پێشبینی فرۆشتنی ئەو ژمارە پەیكەرەكان دەكرد، بەگشتیش پەیكەرەكانی هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی فرۆشیان زیاتر بوو، لەبەرئەوەی لەڕووی تەكنیكەوە ئەوان بەشێوەیەكی وردەكاری زیاتر كاریان كردبوو”.

خاوەنی ناوەندی حەوت رەنگە وتیشی “بۆ نموونە پەیكەرێك بۆ هونەرمەندی كۆچكردوو قالەمەڕە و سەركردەی كۆچكردوو شێخ مەحمودی نەمر دروست كرابوون، هەروەها پەیكەرێكی تایبەت بۆ پیرەمێدی شاعیر لە ماددەی سلیكۆن دروست كرابوو”.

هەروەها بەشیر ناسری، هونەرمەندی رۆژهەڵاتی كوردستان كە یەكێكە لە بەشداربووانی پێشانگاكە بە (هەولێر)ی راگەیاند، كردنەوەی ئەم پێشانگایانە لە شاری سلێمانی كارێكی زۆر باشە، چونكە تێكەڵاوی نێوان هونەرمەندان دروست دەبێت و دەتوانێت ئاستی هونەر بەرز و باشتر بكات و وتی “ئەوەندەی تێبینمان كردووە كارەكانی هونەرمەندانی باشوور باشن، بەڵام ئەوانەی رۆژهەڵات ئەكادیمیترن”.