شۆڕشی ئە‌یلوول،دایكت ھە‌موو شۆڕشە‌كانە‌

سەباح شێخانی

شۆڕشی ئەیلوول، درێژترین شۆڕشی کوردە لە مێژووی ھەرچوارپارچەی کوردستان، لە ساڵانی ١٩٦١تا١٩٧٥بەردەوام بووە، بووە دایکی ھەموو شۆڕشەکانی کورد، چونکە خەباتی کوردی بردە قۆناغێکی نوێوە، تێکۆشانی گەلی کوردستانی لە قۆناغی سیاسییەوە بردە قۆناغی چەکداری و پێشمەرگایەتی. شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتی سیمبوڵی نەتەوەمان مستەفا بارزانیی نەمر، دروشمی “کوردستان یان نەمان”ی بەرزکردەوە (شۆڕشی ئەیلوول دایکی ھەموو شۆڕشەکانیەتی چونکە نەخشەی ڕێڕەوێکی مێژوویی نوێی بۆ گەلی کورد کێشا و خەباتی ئەم گەلەی گواستەوە بۆ قۆناغێکی مێژوویی وا کە لەوەوپێش شتی وای بەخۆیەوە نەدیبوو)(١) یەکێک لە ئامانجەکانی شۆڕشی ئەیلوول ئەوەبوو یەکریزی و تەبایی و برایەتی لە نێوان پێکھاتەکانی گەلی کوردستاندا جێگیر بکات، بۆ ئەوەی دانیشتوانی کوردستان ھەست بە ئارامی ژیان بکەن و شۆڕشەکە بە ھی خۆیان بزانن. پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر ئەم شۆرشەی بەرپا کرد، بە مەزنترین و درێژترین شۆڕشی کوردی دادەنرێت لە مێژووی کورددا، ھەر لە سەرەتاوە گرنگی بەوەدا کە مافەکانی گەلی کورد بە یاسایی بکرێت بۆ ئەم مەبەستەش لە ڕێککەوتننامەی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ توانرا لە دەستووری عێراق بچەسپێنرێت، ئەمەش شەرعیەتدانێکی تەواو بوو بە مافەکانی گەلی کورد.
شۆڕشی ئەیلوول ھۆشیاری نەتەوایەتی و ئاگایی سیاسی مرۆڤی
کوردستانی بوژانەوە، دۆزی ڕەوای کوردستانی بردە دەرەوەی چوارچێوەی عێراق و ھزری نەتەوایەتی و کوردایەتی لەناو توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی کوردستانیدا بڵاوکردەوە و قسەی کوردی یەکخست. توانی سەرجەم گەلی کوردستان لەژێر ئاڵایەک کۆ بکاتەوە و کەسایەتییە نیشتمانپەروەرەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش لە خۆ بگرێ، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ سیاسەتی حەکیمانەی بارزانیی نەمر، لە وێستگەیەکی تری شۆڕش تواندرا یەکڕیزیی و تەبایی برایەتی کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشوری و کلدان و سەرجەم پێکھاتەکانی تری کوردستانی تۆمار بکات. شۆڕشی ئەیلوول لەژێر یەک ڕێبازو یەک ڕێبەر لە زاخۆ تا خانەقین ھەڵگیرسا، شۆڕشی سەرتاسەری بوو، نەک شۆڕشێکی ناوچەیی، چونکە شۆڕشەکانی دیکە ھەمووی ناوچەیی بوو و لە سنووری ناوچەکەی خۆی تێپەڕی نەکردووە. ھەرچی شۆڕشی ئەیلوولە، جیاواز بوو لە شۆڕشەکانی دیکە، شۆڕشی ھەموو گەلی کوردستان بوو، جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکانی کاڵ کردەوە و ئینتما بۆ خێڵ و بنەماڵە و چینە جیاوازەکانی ناخی کۆمەڵگەی کوردستانی گۆڕی بۆ ئینتیمابوون بۆ نەتەوە و نیشتمان، تاکی کوردی بەرانبەر بە مافەکانی ھۆشیارکردەوە، ھەر بۆیە لە مێژووی شۆڕشەکانی نەتەوەی کورددا شۆڕشی ئەیلوول پڕدەسکەوتترین شۆڕشی کورد بوو. لە رەھەندی رۆشنبیری و زانستییەوە بەشێکی زۆری رۆشنبیرانی سەرجەم بەشەکانی کوردستان لە دەوری شۆڕش کۆ ببوونەوە و شۆڕش خاوەنی قوتابخانە و دادگە و دامەزراوەی تایبەت بە خۆی بوو.
لە شۆڕشی ئەیلوولدا ھێزی پێشمەرگە بە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێبەرایەتی بارزانی نەمر تفەنگی تۆڵە‌ و بەرگریان دژ بە دوژمنانی داگیرکەر کردە شان و لە قوتابخانەی کوردایەتی بارزانی نەمردا فێری وانەی شۆڕشگێڕی بوون، داستان لەدوای داستانیان تۆمار دەکرد. شۆڕشی ئەیلوول بە ھێزترین و فراوانترین ھەوڵی کورد بوو لە سەدەی بیستەم بۆ بەرگریکردن لە بوون و ناسنامەی خۆی، شۆڕشی ئەیلوول، لە رووی دیپلۆماسییەوە، سەرکەوتوو بوو، چونکە لەو شۆڕشەدا دۆزی کورد چووە پێشەوە، شۆڕشی ئەیلوول قوتابخانەیەکی نەتەوەیی بوو، ھەر لەبەر ئەوەیش حکوومەتی داگیرکەر لە بەغدا ناچار بوو دانوستاندن لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕش بکات و ددان بە مافەکانی کورددا بنێت و گەورەترین ڕێککەوتن لەگەڵ کورد ئیمزا بکات، ئەویش ڕێککەوتنامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ بوو. شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە قوتابخانەی بیری نەتەوایەتی دادەنرێت، ڕۆژی دەستپێکی شۆڕشی ئەیلوول بە وەرچەرخانێکی نوێ دادەنرێت لە مێژووی گەلی کورددا چونکە بۆ یەکەم جار بوو، کورد وەکو یەک دەست و یەک گیان ڕووبەڕووی دوژمنانی ببێتەوە.
سەرچاوە:
(١)مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، چاپی
یەکەم، ل١٢.

ھەواڵی زیاتر