سێشەممە, كانونی یه‌كه‌م 3, 2024

ئایا بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ملیاره‌ها دینار خه‌رجكراوه‌؟

ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌مڕۆ هه‌ینی ڕه‌تی كرده‌وه‌ ملیاره‌ها دیناری بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق خه‌رج كردبێت.

به‌شێك له‌ میدیا و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی دوێنێ پێنجشه‌م بڵاویان كردبووه‌‌وه‌ كه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ملیاره‌ها دیناری بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق خه‌رجكردووه‌ دوای جێهێشتنی خۆپیشانده‌رانی لایه‌نگرانی ڕه‌وتی سه‌در.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كرده‌وه‌: به‌شێك له‌ تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی وایان بڵاو كردۆته‌وه‌ كه‌ به‌ ملیاره‌ها پاره‌ خه‌رجكراوه‌ بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مان، له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌ ئه‌م هه‌واڵانه‌ دوورن له‌ ڕاستییه‌وه‌ و هیچ بنه‌مایه‌كیان تێدا نییه‌.

هه‌روه‌ها بڵاوی كرده‌وه‌: ئه‌وه‌ی كراوه‌ ته‌نیا پاككردنه‌وه‌ و چاككردنه‌وه‌ی خولی باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مان بووه‌ كه‌ تێچوویه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌ و هه‌ر له‌سه‌ر بوودجه‌ی ئاسایی ئه‌نجوومه‌ن ئه‌نجامدراوه‌ و هیچ پاره‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ خه‌رج نه‌كراوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ سه‌رجه‌م كاره‌كانی پاككردنه‌وه‌كانی باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیش هه‌ر به‌ كارمه‌نده‌كانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ ئه‌نجامدراوه‌.

له‌ كۆتاییدا ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوای له میدیا و‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن كرد به‌وپه‌ڕی ئه‌مانه‌ته‌وه و وردییه‌وه‌‌ هه‌واڵه‌كان بگوازنه‌وه‌ و ته‌نیا پشت به‌ سه‌رچاوه‌ فه‌رمییه‌كان بگرن له‌ گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كان