ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی ئەیلوول، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق و سوریا کرد بە سەرۆکایەتی ڤیلە ڤاریۆلا باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەرپرسی نێردەی یەکێتیی ئەوروپا لە سوریا دان ستۆوینسکو و ئهندێرس ويبێرگ سهرۆكى نوێى نێردهى راوێژكاريى يهكێتيى ئهوروپا له عێراق ئامادەی بوون، گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و سوریا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەوروپا کرا.
دوای خستنەڕووی کارو چالاکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و سوریا، باڵیۆز ڤاریۆلا ستایشی پرۆسەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەیەی کرد کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئامادەیی یەکێتیی ئەوروپاشی بۆ هەر هاوکاریی و هەماهەنگییەک لە گەڵ حکومەتی هەرێم دەربڕی.
سەرۆکی نێردەی یەکێتیی ئەوروپا لە سوریا، سوپاسی هاریکاریی مرۆیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پەنابەرانی سوریا لە هەرێم و ئاسانکاری هاتووچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا کرد.
سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە پەیوەندی بەهێز و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد و خواستی بەرەوپێشترچوونی زیاتری پەیوەندییەکانی لە سەر هەموو ئاستەکاندا نیشاندا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکومەت پشتیوانی حکومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا دووپات کردەوە و ئامادەیی حکومەتیشی بۆ هەر هاریکاریی و کارئاسانییەک، بۆ ئەم مەبەستە راگەیاند.