یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وه‌زیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، گفتوگۆیان لەبارەی گوتار و رۆڵی میانڕەوی مامۆستایانی ئایینی له ھەرێمی کوردستان، کرد.
له راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه: ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 8ـی ئهیلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە بەشداری نوێنەری پێکھاتە ئایینییەکان، پێشوازیکرد لە باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندی یاوه‌ری.
لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ لەبارەی گوتار و رۆڵی میانڕەوی مامۆستایانی ئایینی له ھەرێمی کوردستان كرا، هه‌روه‌ها تیشكخرایه‌سه‌ر کولتوری پێکەوەژیانی خەڵکی کوردستان و بەرنامەکانی كابینه‌ی نۆیه‌می حکومەتی هه‌رێمی کوردستان له‌مباره‌یه‌وه، ئه‌وه‌ش راگه‌یه‌ندرا كه ھەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینەکانە.
لەدیدارەکەدا رۆڵی مامۆستایانی ئایینی و گرنگی شوێنە ئاینییەکان بە بەرزی بینرا، جگه له رۆڵی پیاوانی ئایینی مەسیحی، ئێزیدی و ئایینەکانی دیكه.
لەبەرامبەردا، باربارا لیف سوپاسی خەڵکی کوردستان و مامۆستایانی ئایینی کرد، دواتر پێکەوە سەردانی مزگەوتی جەلیل خەیاتیان له شاری هه‌ولێر کرد.