ئارام كۆشكی – سلێمانی
10 ساڵی ڕابردوو 10 ساڵی پڕ لە گۆڕانکاریی و وێرانبوونی بەشێک لە ژێرخانی مەعریفی و پەروەردەیی و ئەکادیمی بوون لە هەرێمی کوردستاندا. 10 ساڵ کە سەرمایەداریی پەلی بۆ هەموو لایەکی وڵات و هەموو سێکتەرێکی نێو کۆمەڵگە ڕاکێشا و ئیدی لەوێوە کەوتە وێرانکردنی ئەو لایەن و کایە جیاوازانەی بە جوانی مابوونەوە. لەم نووسنەدا تەنها ئاوڕ لە یەک بواری تایبەت دەدەینەوە کە ئەویش بواری پەروەردەیە. ئەگەر بە دیوێکدا کردنەوەی خوێندنگە و زانکۆی ئەهلی سیمای پێشکەوتن و بە جیهانیبوون و بە مۆدێرنیزەبوونی کۆمەڵگە و هەرێمەکەمان بێت ئەوا بە دیوێکی دیکەدا بۆ گەلێکی بێ دەوڵەتی وەکو کورد زیانمەندی کەمتر نییە لە سوودەکانی.
لە 10 ساڵی ڕابردوودا هێرشی خوێندنگە و زانکۆ ئەهلییەکان تەنها کارکردن نەبووە لەسەر هێنانی میتۆدی نوێی وانەوتنەوە و گۆڕانکاری لە ڕەخساندنی ژینگەی پەروەردەییدا، بەڵکو هەوڵبوون بۆ پەراوێزخستنی زمانی دایک کە زمانی کوردییە، بەشی هەرە زۆریان (ناڵێم هەموویان و ئەم قسەیە بە ڕەهایی ناکەم) وانەکان تەنها بە زمانێکی بیانییە ئیدی تورکی یان ئینگلیزی بێت. ئەمە بێجگە لەوەی کولتوور و بیرکردنەوەی نەوەکانیشمان وەها لێ دەکەن کە ئیدی بە کوردی بیر نەکەنەوە و گوێ لە گۆرانی کوردی نەگرن و هەتا هیچ شتێکی کوردییان بۆ گرنگ نەبێت بە خواردن و زمان و پۆشاکی کوردیشەوە.
پێداگریی دەکەمەوە خوێندنگە و زانکۆ ئەهلییەکان، ئەگەر بە دیوێکدا سیمای پێشکەوتن بن، ئەوا بە دیوێکی دیکەدا هەنگاوێکن بۆ ڕاکردن لە ناسنامەی کوردبوون و تێکدانی زمانی کوردی و لەبیربردنەوەی زمانی دایک. سەلماندنی ئەم قسانە پێویستی بە توێژینەوەی وردی مەیدانی و خستنەگەڕی پەیمانگە و ناوەندی ئەکادیمی نییە، بەڵکو هەر کەسێکمان ڕوو لە چواردەوری خۆی بکات و لە کەسەنزیکەکانی بپرسێت هەست بەو داڕووخانە فیکریی و مەعریفی و کولتوورییە دەکات و بەرئەنجامەکەی لەسەر تاکەکان دەبینێت و زۆرجاریش دایبابەکان لە ناوشیارییانەوە شانازی بە کوڕ و کچەکەیانەوە دەکەن کە بە زمانێکی بیانی باشتر دەتوانێت قسە بکات تا زمانی دایکی.
ئێستا سەرەتاکانی ئەو مەترسییە دەرکەوتووە، کە پشتکردنە لە زمانی دایک و لە کولتووری کوردی و ناسنامەی کوردبوون. من دەزانم جیهان خەریکە لە گوندێکی گەورەوە بچووکتر دەبێتەوە و ناسنامە خەریکە دەسڕدرێتەوە، بەڵام ئەمە بۆ گەلێکی چەوساوە و ژێردەستەی وەکو کورد جیاوازە. واقیعی تاکی کورد وەکو واقیعی هیچ تاکێکی دیکە نییە بوونی کورد بە درێژایی 100 ساڵی ڕابردوو بەردەوام لە مەترسیدا بووە و تا هەنووکەش لە مەترسیدایە و رۆژانە بە شێوەی جۆراوجۆر بوونی دەسڕدرێتەوە و نکۆڵی لە بوونی دەکرێت. بۆیە پاراستنی زمانی دایک و کولتووری کوردی و ناسنامەی کوردبوون ئەرکی لە پێشینەی هەموانە. دەکرێت ڕیفۆرمێک لە میتۆد و کاکردنی خوێندنگە و زانکۆ ئەهلییەکان بکرێت و ئەم خاڵە چەوتە ڕاستبکرێتەوە. زمانی کوردی، وەکو ئێستا زمانێکی پەراوێزی نەبێت، بەڵکو زمانێک بێت بە گرنگی و بە عەشقەوە بوترێتەوە لانی کەم لە حەوت وانە سێ وانە بە زمانی کوردی بخوێنرێت. ڕەنگە ئەمە سەرەتاییترین هەنگاو بێت بۆ پاراستی زمانی دایک.
گرنگە لە دەستپێکی وەرزی ئەمساڵی خوێندنەوە هەنگاوی کرداری بنێین بۆ ئەوەی لە قۆناغی پشتکردنە زمانی کوردییەوە بگوێزینەوە بۆ قۆناغی گەڕانەوە بۆ لای زمانی دایک. بەبێ زمانی دایک وەکو بوونەوەرێکی بێ ریشە وەهاین. ڕیشەی ئێمە و زامنی مانەوەمان زمانەکەمانە. با بیپارێزین.