زۆرترین هەواڵ بە کەمترین وشە

  • هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی دهۆك كرا كه‌ تێیدا 16 به‌ربژێر ركابه‌رییان كرد بۆ ئه‌ندامبوون له‌ ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی دهۆك، دواجار هه‌شت كه‌س ده‌نگی پێویستیان هێنا و به‌ ئه‌ندامی نوێی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی دهۆك هه‌ڵبژێردران و ته‌نیا هشیار فه‌ریق كه‌ یه‌كێك بوو له‌ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێری پێشوو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌رچووه‌وه‌.
  • دكتۆر عه‌بدوڵڵا جه‌لال به‌ 174 ده‌نگ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی دهۆك زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، خالید موشیر كاپتن و ئه‌ستێره‌ی پێشووی یانه‌ی دهۆك له‌ پله‌ی دووه‌م هات به‌ 168 ده‌نگ، جاسم محه‌مه‌د حاجی به‌رگریكاری پێشووی یانه‌ی دهۆك 167 ده‌نگی كۆكرده‌وه‌ و پله‌ی سێیه‌می له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ده‌ستهێنا، ریگر ئه‌حمه‌د به‌ 155 ده‌نگ بووه‌ خاوه‌نی پله‌ی چواره‌م، یووسف ره‌شید و خالید محه‌مه‌د هه‌ریه‌كه‌یان 125 ده‌نگیان ده‌ستخست، هشیار فه‌ریق به‌ 123 ده‌نگ و ملله‌ت جه‌مال به‌ 111 ده‌نگ له‌ پله‌كانی حه‌وت و هه‌شته‌می هه‌ڵبژاردنه‌كان هاتن و مافی ئه‌ندامبوونیان له‌ ده‌سته‌ی نوێی كارگێری یانه‌ی دهۆك مسۆگه‌ر كرد.
  • عه‌بدوڵڵا جه‌لال كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا به‌ سه‌رۆكی نوێی یانه‌ی دهۆك هه‌ڵبژێردرا، ئه‌م سه‌رۆكه‌ لاوه‌ له ‌دایكبووی ساڵی 1988 و خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دكتۆرایه‌ و پێشتر له‌ یانه‌كانی ئافره‌تانی دهۆك و زێره‌ڤانی وه‌كو سكرتێری یانه‌ كاری كردووه‌ و پێشتر له‌ یانه‌ی دهۆك بۆ ماوه‌ی 15 ساڵ یاریزانی تێنسی سه‌ر زه‌وی بووه‌.
  • بارسێلۆنا لە بەیاننامەیەکی فەرمی رایگەیاند جیرارد پیکێ لە یارییەکەیان بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس تووشی پێکان و گرژبوونی ماسولکەیی بووە لە قاچی راستی بەڵام ماوەی دوورکەوتنەوەی دیاریی نەکردووە، له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ سێرخیۆ ئاگوێرۆ لە یارییەکەی بارسا لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر دینامۆکیێڤ ناتوانن ئامادەبن كه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ حه‌وته‌مین یاریزانی بارسێلۆنا كه‌ به‌هۆی پێكانه‌وه‌ له‌ یانه‌كه‌ داده‌بڕێن.
  • كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی مان یونایتد: ده‌زانم دۆخی مان یونایتد له‌ یارییه‌كانی رابردوو جێگیر نه‌بوو، هه‌ڵبه‌ت ره‌خنه‌یه‌كی زۆرمان لێگیرا، چونكه‌ مان یونایتد یانه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام له‌و یارییه‌دا وه‌ڵامێكی خێرامان هه‌بوو كه‌ تێیدا به‌ 3 گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر یارییه‌كه‌مان برده‌وه‌، سرووشتی ژیان به‌وشێوه‌یه‌یه‌، هه‌ندێكجار ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش ده‌كه‌یت و ستایشت ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئاستیش باش نه‌بێت ره‌خنه‌ت ئاراسته‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام من 18 ساڵه‌ یاریزانی پیشه‌گه‌رم و ره‌خنه‌كان نامڕووخێنێت.