پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پێشبینی دەکرێت رۆژانە 15 هەزار زیارەتکار لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بێنە هەرێمی کوردستان


سبەی چوارشەممە 7ی ئەیلوولی 2022، پرۆسەی پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێرانی بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دەستپێدەکات و سەرپەرشتیاری دەروازەکەش دەڵێت: ئامادەکاریان کردووە، بۆ ئەوەی رۆژانە پێشوازی لە 15 هەزار زیارەتکار بکەن.

مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران راگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ پێنج ملیۆن زیارەتکار بەشداری رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن بکەن، لەو ژمارەیەشدا پێشبینی دەکرێت نزیکەی 500 هەزاریان لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بچنە نەجەف و کەربەلا.

سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، گوتی: “حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی پێکهێناوە، بۆ ئەوەی هەرچی خزمەتگوزاری پێویستە پێشکەش بە زیارەتکاران بکرێت. وەکو لیژنە شەش وێستگەمان بۆ زیارەتکاران دیارکردووە، یەکەمیان لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانە، دوویان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دوو وێستگەی دیکەش لە هەولێر، دوایین وێستگە بازگەی شێراوە دەبێت”.

گوتیشی: “پێشبینی دەکرێت رۆژانە زیاتر لە 15 هەزار زیارەتکاری ئێرانی لەم دەروازەیە بێنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، ئامێرەکانی پشکنینمان زیادکردووە و بەشی پاسپۆرتیش 36 کۆمپیوتەریان داناوە، بۆ ئەوەی بە خێرایی رێکارە ئەمنییەکان بکرێن و زیارەتکاران دوانەکەون”.

ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێرانی لە کاتژمێر 7ی بەیانی دەستپێدەکات تا تا 6ی ئێوارە و کردومانە بە سێ قۆناغ، شوێنی پیاوان و ئافرەتان بە جیا ئامادەکراوە و رێنماییەکان بۆ زیاترەتکاران بە زمانی فارسی نووسراوە.

بەگوتەی مەسعود باتێلی، سبەی لەکاتی دەستپێکردنی پرۆسەی پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێرانی، بڕیارە پارێزگاری هەولێر و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ژمارەیەک بەرپرسی ئێران ئامادەبن.

A