وەزارەتی ناوخۆ ئاشكرای دەكات، ئەو كارمەندانەی كۆتایی بە راژەكانیان هاتووە، یان دەست لە كار دەكێشنەوە، پارەی مۆڵەتی كۆكراوەیان راگیراوە و خەرج ناكرێت. داراییش روونكردنەوەی زیاتر دەدات و ئاشكرای دەكات، پێشتر شەش مانگ مووچەیان پێدەدرا.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، كە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیس نێردراوە، ئاماژە بە راگرتنی خەرجكردنی بڕە پارەیەك كراوە.
تیایدا هاتووە: “ئەو كارمەندانەی دەست لەكار دەكێشنەوە، یان كۆتایی بە راژەكانیان هاتووە، پارەی مۆڵەتی كۆكراوەیان بۆ خەرج ناكرێت، چونكە ئێستا راگیراوە”.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، سەبارەت بەو بابەتە چاوەڕوانی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەكەن.
لە سەرێكی دیكەوە، بەشی مووچەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیس بە نووسراوێك ئاماژەی پێکردووە، کە لە 10ی 8ی 2022 نووسراویان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكان و گەنجینەكانی وەزارەتی دارایی كردووە.
نووسراوەكە جەختی كردووەتەوە، كە خەرجكردنی پارەی مۆڵەتی كۆكراوەی ئەو كارمەندانەی ناوخۆ راگیراوە، كە دەست لە كار دەكێشنەوە، یان كۆتایی بە راژەكانیان هاتووە.
ئاماژە بەوەش كراوە، وەزارەتی دارایی نووسراوی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، بۆیە تاوەكوو رەزامەندیی نەدرێت، ئەو پارەیە خەرج ناكرێت.
سەرچاوەیەكی گەنجینەی وەزارەتی دارایی رایگەیاند: “تاوەكوو مانگی شەشی ئەمساڵ، ئەوانەی دەستیان لەكار دەكێشایەوە، شەش مانگ مووچەیان پێدەدرا خانەنشین نەدەكران ، بەڵام ئێستا ئەو خەرجییە راگیراوە و هیچ پارەیەك بەو كەسانە نادرێت”.
پارەی مۆڵەتی كۆكراوە بۆ ئەو كەسانە، دەكاتە شەش مانگ مووچەی بنەڕەتییان، بۆ نموونە كەسێك مووچەی بنەڕەتی 500 هەزار دینار بێت، ئەوە دەكاتەو سێ ملیۆن دینار.
حازم گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند: ” پێشتر ئەو كارمەندانەی وازیان دەهێنا، یان دەستیان لە كار دەكێشایەوە، پارەی مۆڵەتی كۆكراوەیان بۆ خەرج دەكرا كە شەش مووچە بوو ، بەڵام ئێستا خەرجكردنی ئەو پارەیە راگیراوە، تەنانەت ئەوانەی 15 ساڵ خزمەتیان هەبووبێت و بەبێ رەزامەندیی وەزارەتیان دەستیان لە كار كێشابێتەوە، ئەوا مووچەی خانەنشینیشیان پێ نادرێت و شەش مانگ مووچەكەشیان پێ نادرێ”.