گرنگی بە وەرگێڕی ئاماژە بۆ نابیستان دەدرێت

شۆڕش غەفووری – هه‌‌ولێر

وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، یادداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت ـ CDO واژوو کردووە بۆ ئامادەکردن و پێگەیاندنی وەرگێرانی زمانی ئاماژە بۆ نابیستان کە لە کۆمەڵگە و بواری میدیایی تووشی کێشەی تێنەگەیشتن و لێکحاڵینەبوون و ئاستەنگی جێبەجێکردنی کارەکانیان دەبنەوە.

پرۆژەکەش بە چەند قۆناغێکدا دەڕوات کە یەکەم هەنگاو و قۆناغ پێگەیاندنی ٢٠ وەرگێری زمانی ئاماژەیە بۆ نابیستان لە لایەن ڕێکخراوەکەوە کە بودجەکەی لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و بە پشتیوانی کونسوڵخانەکە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و ئەمە یەکەم جارە پرۆژەی لەم شێوەیە لە هەرێم جێبەجێ دەکرێت. ئەمەش لە ڕاستای گرنگیپێدانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی دێت بۆ خزمەتکردنی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و ڕاییکردنی کارەکانیان لە دامودەزگا حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی (نابیستان).

پڕۆژەکە بۆ حكوومەت و نێردە نێودەوڵەتییەکان گرنگە
لەسەر ئەم بابەتەش ئاواز عەبدولخالق عەبدوڵا، بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: یەکێک لە داواکارییە بەردەوامەکانی نێردە نێودەوڵەتییەکان لە حكوومەتی هەرێم و ئێمە وەک وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، تایبەت بە وەرگێڕانە بۆ نابیستان، چونکە بەلای ئێمە و ئەوانیشەوە گرنگە کە لە دام و دەزگا حکومییەکان وەرگێڕ هەبێت بۆ ئەم توێژەی کۆمەڵگە. ئەمە کەلێنێک بوو لە کوردستان کە بەداخەوە نابیست دەچووە هەر شوێنێکی حكوومەت نەیدەتوانی مەبەستی خۆی بگەیێنێت و یا دابمەزرێت، ئەوەبوو ئەم هەلە هاتە پێشەوە و ئەو دەستپێشخەرییە لە لایەن ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت بە هاوکاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی ئەڵمانیا و قونسوڵیەی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان کرا تا یاداشتی لێکتێگەیشتن واژوو بکرێت بۆ ڕاهێنانی کەسانێک کە زمانی ئاماژە بزانن بۆ ڕاییکردن و هاوکاری نابیستان لە دام و دەزگا حکومییەکاندا.

ئامانجی پڕۆژەکە:
ئامانجی یاداشتە واژوکراوەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەکە بە چەند خاڵێک دیاری کراوە کە بریتین لە:
ـ پێگەیاندنی ٢٠ وەرگێڕی زمانی ئاماژە بۆ نابیستان بۆ ١٤ حەفتە کە لە هەر حەفتەی ٤ ڕۆژ وانە دەخوێنن تا بتوانن هاوکاری نابیستان بن لە ڕاییکردنی مامەڵە حکومییەکان.
ـ تۆمارکردنی وانەکانی فێربونی زمانی ئاماژە بۆ یەکەم جار لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و بڵاوکردنەوەی لە ماڵپەرەکانی وەزارەتەکە و ڕێکخراوەکە و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا تا زۆرترین کەس بتوانن سودی لێببینن.
ـ هەوڵدان بۆ بڕواپێهێنانی کەناڵەکانی راگەیاندن تا لانیکەم هەواڵە سەرەکییەکان یاخود بەرنامە پڕبینەرەکانیان لەگەڵ هەبوونی وەرگێڕی زمانی ئاماژە پەخش بکەن تا نابیستان لە هەواڵ و زانیارییە گرنگەکان بێبەش نەبن.
شایەنی باسە حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی یاسا و وەزارەتەکانییەوە گرنگی داوە بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و لەسەر یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییانی تایبەت و کورتەباڵا، ژمارە ٢٢ ی ساڵی ٢٠١١ هەمواکراو بە یاسای ژمارە ٨ی ٢٠٢١، کاری لەسەر پەروەردە و تەندرووستی و ڕاهێنان و ڕێگەوبان و زانیاری و مۆڵەتی شۆفێری و دامەزراندنی خاوەن پێداویستیانی تایبەت و کورتەباڵا و نابیستان لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت کردووە و بە گرنگی دەزانێت کە زیاتریش هاوکاریان بێت.
ئێستا ئەگەر نابیست خۆی لە بنەڕەتدا فەرمانبەر بێت و مووچەی هەبێت، ١٠٠ هەزار دیناری زیادەی وەک دەرماڵە پێ دەدرێت و ئەگەر هاتوو خانەنشین کرا ئەوا ١٠٠ هەزار دینارەکەی لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕی پاراسانی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر کەسی نابیست فەرمانبەر نەبوو ئەوا ١٥٠ هەزار دینار مانگانە وەردەگرێت لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئێستا نابیستان لە ڕووی خوێندنەوە باش چوونەتە پێشەوە و حكوومەتی هەرێم قوتابخانەی تایبەتی بۆ کردوونەتەوە و نابیستان توانیویانە قۆناغی ئامادەیی و ئامادەییەکانی پیشەسازی ببڕن و تەنانەت هەندێکیش گەیشتوونەتە پەیمانگە و تیایدا سەرکەوتوو بوون.

ھەواڵی زیاتر