خوێنەر و کۆمەڵگە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

بەرلەوەی باس لە جۆرەکانی خوێنەر بکەین گرنگە قسە لەوە بکەین ئایا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا خوێنەر دروست بووە. ئایا ئەوەی کتێبی خوێندنەوە خوێنەرە؟ بێگومان پرسیارکردن لە خوێنەر، پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، پرۆسەی دروستبوونی خوێنەر تا ئێستا لای ئێمە پرۆسەیەکی خۆڕسکە، وەکو چۆن هەندێک شت لە بە سروشتی لە ژینگە و دەوروبەرمان هەن، بەهەمان شێوەش پرۆسەی دروستبوونی خوێنەر پرۆسەیەکی سروشتییە. هەر بۆیە ژمارەی خوێنەرانیش کەمن (بەتایبەت خوێنەری بەردەوام و ڕاستەقینە).

پرۆسەی دروستبوونی خوێنەر دەشێ پەرەی پێ بدرێت وەکو ئەوەی لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا دەکرێت، بەتایبەت لە نێو سیستمی پەروەردەوە تاک بەرەو جیهانی کتێب و خوێندنەوە ئاراستە دەکرێت و لەوێوە بەرەو خوێنەربوون پەلکێش دەکرێت. بەشێک لە مەرجی دەرچوونی هەر قۆناغێک پەیوەندی بە ژمارەی ئەو کتێبانەوە هەیە کە فیرخواز لە هەر قۆناغێکدا خوێدوویەتییەوە. خوێنەربوون لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بەشێک لە پرۆسەی خودسازی. لەنێو سیستمی پەروەردە پێشکەوتووەکاندا تەنها خود فێری نووسین و خوێندنەوە ناکرێت، بەڵکو پەروەردە دەکرێت، ئامادەی نێو کۆمەڵگە و ژیان دەکرێت، کە ئەمەش لە جەوهەردا پرۆسەیەکە لە بەرەو خودسازی. ئەوەی لە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و سیستمە هاوچەشنەکانیدا تێبینی دەکرێت ئەم پرۆسەی خودسازییەی تێدا نییە. لێرە تاک تەنها هەوڵ دەدرێت فێری خوێندنەوە نووسین بکرێت. نەک پەروەردەبکرێت و ئامادە بکرێت بۆ نێوکۆمەڵگە.
هاوشانی سیستمی پەروەردە خێزان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش بەهەمان شێوە هاوکارن بۆ پرۆسەی خودسازی و ئەو تۆوەی لە سیستمی پەروەردەدا لە هزری تاکدا دەچێنرێت ئەمانیش دەبنە هاوکار بۆ ئاودان و سەوزکردنی، واتە دەبنە پاڵپشتێکی ماددی و مەعنەوەی بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەی خودسازییە سەرکەوتن بەدەست بهێنرێت. بۆ نموونە ئەگەر تەنها سەرنجی دونیای خوێندنەوە بدەین لەنێو سیستمە پێشکەوتووەکاندا دەبینین کە هەفتانە، یان دووفتە جارێک و تا مانگی جارێک (بەپێی سیستمی پەروەردەی وڵاتان دەگۆڕێت) فێرخواز ئیجبار دەکرێت بەوەی کتێبێک بخوێنێتەوە و تێگەیشتنی خۆی لەسەر ئەو کتێبە بە نووسین یان لە شێوەی سیمیناردا پێشکەش بکات. بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەم پرۆسەیەش تاک پێویستی بە هاوکاری خێزانەکەی دەبێت هەم بۆ دابینکردنی کتێبەکە بێت، یان بەهەرشێوەیەکی دیکە بێت. بەڵام ئەوەی تێببینی دەکرێت لێرە نەک سیستمی پەروەردە لە زۆربەی کاتەکاندا هاوکار نییە و خۆی سیستمێکی دژە کتێبە و بە سروشتی خۆی کتێب و خوێندنەوە و مەعریفە لەبەرچاوی فێرخواز دەخات. ئەوا خێزانیش هاوکاری ئەو پرۆسەیە نین و زۆرجار ئەگەر تاکێک لەنێو خێزانێکدا بخوێنێتەوە بە چاوێکی ئاسایی سەیری ناکەن و وەکو کەسێکی گۆشەگیریی ناچالاک سەیری دەکەن و زۆرجاریش لەوە ئاگادار دەکرێتەوە کە وریا بێت نەوەکو شێت بێت. ئەم ڕوانینە سەبارەت بە فیگۆری خوێنەر، ئەگەرچی ڕوانینێکی تەواو هەڵەیە، بەڵام راستییەکی بەرجەستەی تاڵە.
بێگومان پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەخترین پۆلێنەکان، بەو پێیەی خوێنەر بوونەوەرێکە سەختە لە ژێر چەتری چەند پێناسەیەکدا کۆ بکرێنەوە، بەڵام لە ڕووە گشتییەکەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان دەتوانین بۆ سێ شێوە پۆلێنیان بکەین، کە ئەوانیش ئەمانەن: یەکەم “خوێنەری کاتی”. دووەم “خوێنەری بچڕ بچڕ (ڕاگوزەر)”. سێیەم “خوێنەری هەمیشەیی”.
ئەم سێ جۆرە هەر یەکەیان خاوەنی ئامانج و تایبەتمەندی خۆیەتی و بۆ خستنەڕووی سیمای ڕاستەقینەیان لە وتاری ئایندەدا لەبارەی هەر سێ جۆرەکەوە دەدوێن.

ھەواڵی زیاتر