لە چوارچێوەی چاكسازیی و پێشكەشكردنی حزمەتگوزاریی تەندروستی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگییەكی زۆر بە كەرتی تەندروستی دراوە. نەخۆشخانەی چاو لە شاری هەولێر یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان.
نەخۆشخانەی چاو، كە تایبەتە بە نەخۆشییەكانی چاو و چارەسەركردنیان، لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، بە فەرمی كرایەوە کە ١٣٠ کەس لە پزیشك، پەرستار و فەرمانبەری كارگێڕی کاری تێدا دەکەن. تەواوی نەخۆشانی چاو لە هەرێمی كوردستان، ناوەراست و خوارووی عێراقیش دەتوانن لەم نەخوشخانەیە چارەسەری وەربگرن.
د. شوان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی چاو لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەری فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:”رۆژانە پێشوازی زیاتر لە ٢٠٠ نەخۆش دەكەین، لە رۆژێكیشدا ٢٠ نەشتەرگەریی چاویش دەكەین و لە ئایندەیەكی نزیكیشدا ئەو ژمارەیە بۆ ٦٠ نەشتەرگەری لە رۆژێكدا زیاد دەكەین”.
بەرێوەبەری نەخۆشخانەی چاو لە هەولێر لەبارەی جۆری خزمەتگوزارییەكانی نەخۆشخانەی چاو رایگەیاند:” لە نەخۆشخانەكەمان تەواوی چارەسەری پێویست بۆ چارەسەركردنی ئاوی سپی چاو دەكرێت، لە ماوەیەكی نزیكیشدا نەشتەرگەری تۆڕی چاو لە نەخۆشخانەكەمان دەكرێت. لە نەخۆشخانەی چاو ٧ هۆڵی نەشتەرگەری بە تەواوی پێداوستییەكانییەوە بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتییان خراونەتە كار و رۆژانەش زیاتر لە ٢٠٠ نەخۆش لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن”.
لەبارەی نرخی نەشتەرگەری، د.شوان ئیسماعیل رایگەیاند:” نرخی سەردانیكردنی نەخۆش وەك هەرنەخۆشخانەیەكی دیكەی حكومی پارەیەكی رەمزییە و بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران نرخی نەشتەرگەری لە ٣٠% نرخی نەخۆشخانە تایبەتەكانە، بە كوالیتییەكی زۆر باش و لەسەر دەستی باشترین پزیشكان ئەنجام دەدرێت، هەموو ئەو كەلوپەلە پزیشكییانەی لە نەشتەرگەریدا بەكار دەهێنرێن لە باشترین جۆرن و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رێكاری كوالیتی كۆنترۆل دابینیان دەكات”.
كامەران رەحمان، هاوڵاتییەكی شاری هەولێرە و گرفتی هەبوونی گرێی چاوی هەیە، ئەو بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەی چاوی كردووە.
کامەران دەڵێت:” پێشوازییەكی زۆر باشم لێكراوە، مامەڵەی پزیشك و كارمەندان زۆر جێگەی دڵخۆشییە، گرفتی چاومیان دەستنیشان كرد كە هەوكردنی هەیە و چارەسەری پێوستیشیان بۆ كردم”.
گوڵیزار كەمال، هاووڵاتییەکی دیکەی هەرێمی کوردستانە و سەردانی نەخۆشخانەی چاوی کردووە و دەڵێت:”پێشتر نەشتەرگەریم بۆ چاوم کردووە و ئێستاش ئازارم هەیە و چاوم تووشی كەم بینین بووە، خۆشبەختانە لە نەخۆشخانەی چاو لە هەولێر چارەسەری پێویستیان بۆ كردم و مامەڵەی كارمەندانی زۆر باشە و زۆر سوپاسگوزاریانم”.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٣١ی ئابی ٢٠٢٢