لیژنەی شارەوانی: بڕیاری حکوومەت لەبارەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان گرنگە و جێی دەست خۆشییە

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێنمایی دەرکردووە بۆ ئەو کەسانەی خانووی زێدەڕۆ بەناو دەکەن ئەگەر پارەکەیان لە دوو ملیۆن دینار زیاتر بوو دەتوانن بەچوار قیست بیدەن، لیژنەی شارەوانیش لەپەرلەمانی کوردستان دەڵێت، وەزارەتی شارەوانی دەتوانێ رێنمایی دەربکات و پێچەوانەی یاسا نیە و ئەوەی کراوە ھەنگاوێکی زۆر باشە و گرنگ و جێی دەست خۆشییە بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتیان.

لیژنەی باڵای بەناوکردنی خانووە زێدەرۆیەکان لە ئاگاداریەکدا، کە کۆپیەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە و تێیدا ھاتووە، سەرجەم ئەو ھاووڵاتیانە رێنمایی دەکات کە خانووی زێدەرۆیان لە ئەستۆدایە تاوەکو رێککەوتی ٩-٩-٢٠٢٢ لیژنەی تایبەت بەو پرسە تا کاتژمێر ٥ی ئێوارە لە رۆژانی دەوامی فەرمی لە پارێزگا دەوامی خۆی دەکات، ھەر ھاووڵاتییەک داواکاری ھەیە یان مامەڵەی راییکردنی کارەکانی ھەیە، دەتوانێ لە وادەی دیاریکراو سەردانی لیژنەکە بکات لە پارێزگا.

ھاوکات لیژنەی باڵای خانووە زێدەرۆیەکان مژدە دەداتە ھاووڵاتیان کە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی داوە بۆ ھەر خانوێک کە تەملیک کردنی لە دوو ملیۆن زیاتر بوو، ئەوە بۆیان دەکرێت بە چوار قیست، بۆ ئەم مەبەستە داوا لە ھاووڵاتیان دەکەین کە پەلە بکەن و سەردانی لیژنەکەمان بکەن پێش کۆتایی ھاتنی ماوەی یاسایی.

لای خۆشیەوە بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی لەپەرلەمانی کوردستان، نزار مەلا غەفار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “لەو یاسایەی ئێمە دەرمان کردووە لەپەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە نەکراوە کە پارەی تاپۆکردنەکە بەقیست بدرێت لەنێوان ھاووڵاتی و حکوومەت، بەڵام ئەوە بەپێی رێنمایی وەزارەتی شارەوانییە، چونکە ئەوان دەسەڵاتی ئەوەیان ھەیە رێنمایی دەربکەن”.

نزار مەلا غەفار گوتیشی: “ئەوەی کراوە جێگەی دەست خۆشییە و یەکێکە لە ھاوکاریەکانی کابینەی نۆیەم بۆ ھاووڵاتیان، بۆیە کارێکی باشە و ھیچ گرفتێکی یاساییشی نیە و وەزارەت دەسەڵاتی ھەیە ئەو رێنمایانە دەربکات، بۆیە ھەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتیان”.

ھەواڵی زیاتر