پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پاسەپۆرتی هەولێر و سلێمانی: لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنیەوە کارەکانمان لەگەل بەغدا بەردەوامە

دوای راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، لە کارکردن بەردەوامن و لەڕێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە لەگەڵ بەغدا کارەکانمان رادەپەڕێنن.

دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە 29-8-2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر وازهێنانی هەمیشەیی لە کاری سیاسی راگەیاند، لایەنگرانی چوونە سەر شەقامەکانی عێراق و پێکدادان و رووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەران دروست بوو، دواتر قەدەخەی هاتووچۆ لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق راگەیێندرا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 30-8-2022 سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی راگەیاند: راستە ئێمە کارەکانمان لەگەڵ بەغدایە و لە زۆربەی پارێزگاکانی ئەوانیش قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندراوە، بەڵام ئێمە لە کارکردنی خۆمان بەردەوامین.

سالار عەبدوڵڵا گوتی: ئێستا سیستمی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنین و لەڕێگەی ئەو سیستمەوە کارەکان لەگەڵ عێراق رادەپەڕێنین.

لە پارێزگای هەولێریش سەرجەم کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرت بەردەوامە، لەوبارەوە ئارام بورهان، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێریش راگەیاند: تاوەکو ئێستا کارکردن لە پاسپۆرتی هەولێر بەردەوامە و کارەکان رانەگیراون.

بەگوێرەی سەرچاوە تەندروستییەکانی عێراق، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی دوێنێ تاوەکو بەرەبەیانیی ئەمڕۆی بەغدا و چەند پارێزگایەکی باشووری عیراق لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، لانیکەم 25 کەس کوژراون و 350ی دیکەش بریندار بوون.