وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات گەشت بۆ عێراق نەکەن و داواش لەو هاووڵاتیانەی دەکات کە لە عێراقن، خۆیان لە ناوچە ئاڵۆزەکان بەدووربگرن.
رۆژی دووشەممە، 29ی ئابی 2022، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات بەهیچ شێوەیەک گەشت بۆ عێراق نەکەن و دەڵێت “ناچار نەبن گەشت بۆ عێراق مەکەن”.
لە درێژەی راگەیێندراوەکەی تورکیادا هاتووە، “لە هەر دۆخێکی نەخوازراودا پەیوەندیی بە هێڵە گەرمەکانی باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا و کونسوڵگەرییەکانمان بکەن.”
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، داوا لەو هاووڵاتییانەی دەکات کە ئێستا لە عێراقن، خۆیان لە گۆڕەپانی خۆپێشاندەران و ئەو ناوچانەی ئاڵۆزی و گرژییان تێدایە، دووربخەنەوە.
لەدوای ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق و شەڕ و پێکدادان لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق، زۆر لە وڵاتان داوایان لە هاووڵاتیانیان کرد گەشت نەکەن بۆ عێراق و داواشیان لەو هاووڵاتیانەیان کرد کە لە عێراقن خۆیان بەدووربگرن لەو ناوچانەی ئاڵۆزی و گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان تێدایە.
بەگوێرەی سەرچاوە تەندروستییەکانی عێراق، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەمڕۆی بەغدا و چەند پارێزگایەکی باشووری عێراق لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، 15 خۆپێشاندەر کوژراون و 350ـی دیکەش برینداربوون.