پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

کازمی داوا لە سەدرو عامڕی دەکات لەوە زیاتر ئاگرەکە خۆش نەکرێت

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق داوای له‌ ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح كرد كار بكه‌ن بۆ ڕاگرتنی توندوتیژییه‌كان له‌ شاری به‌غدا و عێراق به گشتی.

مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ تویتێكدا ڕایگه‌یاند: بانگه‌وازی موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در بۆ وه‌ستاندنی توندوتیژییه‌كان به‌رز ده‌نرخێنم.

ڕاشیگه‌یاند: هه‌روه‌ها بانگه‌وازی هادی عامڕی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح و ئه‌وانی تریش به‌رز ده‌نرخێنین بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ و ڕێگریكردن له‌ سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژی زیاتر.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هه‌روه‌ها داوای له‌ هه‌موو لایه‌كیش كرد به‌رپرسیاره‌تی نیشتمانی له‌ ئه‌ستۆ بگرن بۆ نه‌ڕشتنی خوێنی عێراقییه‌كان.

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌م دوای ڕاگه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در و وازهێنانی یه‌كجاری له‌ كاری سیاسی، لایه‌نگرانی ڕه‌وتی سه‌در و خۆپیشاندانه‌كانی ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا په‌ره‌ی سه‌ند و دواتریش هێرشكرایه‌‌ سه‌ر باڵه‌خانه‌كانی كۆشكی سه‌لام و سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ت و چه‌ند داموده‌زگایه‌كی تری حكوومه‌ت، گرژی و ئاڵۆزییه‌كان له‌ به‌غدا تا ئێستاش درێژه‌یان هه‌یه‌.